۱۳۸۸ آبان ۵, سه‌شنبه

ئایا ڕاسته‌ که‌ کێشه‌ی "کورد" له‌ "ئێران" "ته‌نیا حیکمه‌تیسته‌کان" "ئه‌توانن" چاره‌سه‌ری که‌ن؟‌!




Ayub Rahmani
rahmayub@yahoo.de



له‌ ماڵپه‌ڕی به‌یان چاوم به‌ سه‌ر تیتلی دیمانه‌یه‌کی کاک خالید محه‌مه‌دزاده‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی کۆمیته‌ ناوه‌ندی حیزبی حیکمه‌تیسته‌کان، ئاغای فاتحی، که‌وت که‌ وتبوی کێشه‌ی کورد له‌ "ئێران" ته‌نیا کومونیسته‌کان ده‌توانن چاره‌سه‌ری بکه‌ن و ته‌ئکیدی کردبووه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌مو کوردستان ته‌نیا ئه‌وان کومونیستن و که‌سیتر ئه‌و شانازیه‌ی نیه‌ و هاوکات هه‌مو ئه‌و ڕێکخراوه‌ سیاسیانه‌ی دیکه‌ که‌ هه‌ر ئێستاکه‌ له‌ کوردستان چالاکن و خه‌بات ده‌که‌ن له‌ به‌رانبه‌ر حیزبی خۆیاندا پێناسه‌ ده‌کات و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی یه‌ک ته‌نه‌ له‌ دژی هه‌مویان وه‌ستاوه‌‌ته‌وه‌! ئه‌م سه‌ر تایتله‌ ڕایکێشام به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مو دیمانه‌که‌ هه‌تا کۆتایی و پاشانیش‌ پاڵ پێوه‌نه‌رم بوو بۆ نوسینی ئه‌م وتاره‌ی به‌ر ده‌ستتان.
دیاره‌ من ناچمه‌ سه‌ر وڵامدانه‌وه‌ به‌ ناوبراو و ته‌نیا ڕای خۆم له‌مه‌ڕ هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌رده‌برم، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ باوه‌ڕم به‌ ئازادی ئه‌ندیشه‌ و ڕا ده‌ربڕین هه‌یه‌ و پێشم خۆشه‌ هه‌مو که‌س ئه‌و شته‌ی که‌ باوه‌ڕی پێی هه‌یه‌ بێ ترس و دڵه‌ڕاوکێ‌ ده‌ری ببڕێت و بیخاته‌ سه‌ر تۆڕی ئینتێڕنێت یا تلویزیۆن، با هه‌موان که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن یا خۆ ڕه‌خنه‌ی لێ بگرن و ئه‌مه‌ یه‌ک له‌و ڕێفۆڕم و گه‌شانه‌یه‌ که‌ زۆرمان دیعایه‌ی بۆ ده‌که‌ین و دروشمه‌که‌ی ده‌ده‌ین، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت گه‌شه‌ له‌ پێش هه‌مو شتێکدا خۆمان له‌ ناو مێشک و هزر و شێوه‌ی بیر کردنه‌وه‌ی خۆماندا دروستی بکه‌ین و ئه‌وجار که‌ ئێمه‌ گۆڕاین و به‌م شێوه‌ بیر کردنه‌وه‌ نوێیه‌وه‌ چوینه‌ نێو کۆمه‌ڵگا، خۆ به‌ خۆ ئاڵ و گۆڕ و گه‌شه‌ ده‌چێته‌ ناو کۆمه‌ڵگاش یا با بڵێین کۆمه‌ڵگاش گه‌شه‌ ده‌کات. که‌واته‌ یه‌ک له‌و خاڵانه‌ که‌ ده‌بێت له‌ ئێمه‌دا و دواجار له‌ ئاستێکی به‌رینتردا واته‌ له‌ کۆمه‌ڵگاشدا‌ گه‌شه‌ بکات، ته‌حه‌مولی ڕای جیاواز و ڕای دژی خۆمانه‌ و گوێ بۆ ڕایه‌ڵکردن له‌ ڕای دژی خۆمانه‌‌، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ڕه‌خنه‌‌ و قسه‌مان له‌ سه‌ری هه‌یه و ئه‌مه‌ ته‌مرینی دێمۆکڕاسیشه‌ بۆ ئێستا و داهاتووش‌.
له‌ پێشدا پێویسته‌‌ بڵێم که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕای ئاغای فاتیحی که‌ کوردستان یه‌کپارچه‌ به‌ مڵکی ئێران ده‌زانێت، کوردستان و ئێران جیاوازییان هه‌یه و وشه‌ی کوردستانی ئێران به‌ ته‌واوی مانا هه‌ڵه‌یه‌ و به‌ سه‌رماندا سه‌پاوه. ئێستا ناچمه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ی که‌ ئێران پێش پاڕته‌کان و هه‌خامه‌نه‌شیه‌کان به‌ ده‌ست ئێمه‌وه‌ بووه‌ و به‌و مانایه‌ش ئێران هی ئێمه‌ بووه‌، چونکه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و مێژووه‌ زۆر باس کراوه‌ و له‌ ته‌حه‌مولی ئه‌م وتاره‌شدا نیه‌ و بۆیه‌ دوپاتیان ناکه‌مه‌وه‌‌ به‌س له‌مه‌ڕ مێژوویه‌کی نیزیکتر ئه‌مه‌ به‌ پێویست ده‌زانم که‌ بڵێم، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ به‌ ئێمه‌ی کوردستانیانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ڵێن ئێرانی، ده‌بو به‌ بڕوای من له‌ پێش هه‌ر ناسیۆنالیستێکی کورده‌وه‌، کومونیسته‌کان دژایه‌تیان بکردایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر وه‌ک پێشتریش باره‌ها له‌مباره‌وه‌ نوسیومه،‌ وڵاتی ئێمه‌ کوردستان، پاش کۆتایی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و پیاده‌ کردنی نه‌زمی جیهانی ده‌وڵه‌ته‌ ئیستیعمارگه‌ره‌ ده‌سمایه‌داریه‌کانی وه‌ک بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ و ئاڵمان و هتد و به‌ پێی پلانه‌ نهێنیه‌که‌ی سایکز پیکو و دواتر، بڕیارنامه‌ی لۆزان دابه‌ش کراوه‌ و کومونیسته‌کان ده‌بو له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی بۆ گه‌لی کوردستان و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردستان و له‌ دژی نه‌زمی ئیستیعماری کۆن بوونایه‌ که‌ هه‌شتا و پێنج ساڵ پێش ئێستا نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینیان به‌ ته‌واوی به‌ زه‌ره‌ی کورد و له‌ قازانجی خۆیان گۆڕی و هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌شدا زۆر ئاسایی ده‌بو که‌ کومونیسته‌کان هه‌ر وه‌ک دروشمی ئیستیقلال یا سه‌ربه‌خۆیی‌ بۆ فه‌ڵه‌ستین و زۆر وڵاتی دیکه‌ش به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌، بۆ کوردستانیشیان به‌رز کردایه‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بچنه‌ خانه‌ی ناسیونالیزمه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌و ئیدیعایه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن که‌ گۆیا ئه‌وان پشتیوانی قایمی مافی مرۆڤ و مافی گه‌لان و ئه‌مانه‌ن و مادام ئه‌مه‌ ناکه‌ن، من پێم نا ئاسایین! وه‌ک ده‌زانین ڕه‌چاو کردنی مافی سه‌ره‌تایی سه‌ربه‌خۆیی میلله‌تان یه‌کێک له‌ ئه‌سڵه‌کانی مافی مرۆڤ و لێنینیزمیشه‌‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وان هه‌رگیز و به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌شکوک دروشمی سه‌ربه‌خۆیی کوردییان نه‌داوه‌ و بگره‌ به‌ قورس و قاییمی دژایه‌تی ده‌که‌ن و به‌ زۆر کورد ده‌که‌ن به‌ ئێرانی و ئه‌و ته‌عه‌سوبه‌شیان ته‌نیا و ته‌نیا بۆ ئێرانه‌ و هیچی دیکه‌ و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش هه‌ڵقوڵاوی خه‌تی ڕێبه‌ره‌که‌یان ئاغای ژوبین ڕازانییه‌ که‌ بۆخۆی به‌ ڕه‌گه‌ز فارس و ئێرانی بوو و ئه‌مانیش ڕێڕه‌وانی خه‌تی به‌ڕێز حیکمه‌ت یا ڕازانین. ئه‌م ڕونکردنه‌وه‌ی من ده‌بێت ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه‌ مسقاڵێک زیاتر بوروژێن و له‌م باسه‌دا زیاتر حه‌ساسییه‌ت نیشان بده‌ن و زۆریش دور نه‌که‌ونه‌وه‌ و ته‌نیا وڵام به‌م پرسیاره‌ ساده‌یه‌ بده‌نه‌وه‌ که‌ بۆچی ڕێکخراوه‌که‌ی ئه‌وان فه‌ڕق و جیاوازی بۆ نمونه‌‌ له‌ به‌ینی کورد و فه‌ڵه‌ستینیدا داده‌نێن، مه‌گه‌ر هه‌ردوک مرۆڤ نین؟ ئه‌ی بۆ کورد ده‌بێت به‌ زۆر له‌ ژێر سه‌یته‌ره‌ی ئێراندا بمێنێته‌وه، به‌ڵام فه‌ڵه‌ستین وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت، له‌ حاڵێکدا ئه‌مڕۆ کورد دروشمی دامه‌زرانی حکومه‌تێکی دێمۆکڕاتی سێکولاری به‌رز کردۆته‌وه‌، به‌ڵام فه‌ڵه‌ستینیه‌کان به‌شوێن حکومه‌تێکی ئایینی پڕۆ ئه‌مریکایی یا پڕۆ ئێرانی و ئیسلامیه‌وه‌ن؟! دیاره‌ من له‌ دژی فه‌ڵه‌ستینیه‌کان و مافی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وان نیم و به‌ڵکو ئه‌رێنی ده‌که‌م!‌
خاڵێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار‌ که‌ گرنگه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ جیهانی ئه‌مڕۆ به‌کوردستانیشه‌وه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ گه‌ڵ جیهانی سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یا بیست ساڵ و ته‌نانه‌ت ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش. ئه‌مڕۆ جیهان زۆر بچکۆله‌تره له‌وکات‌، ئاڵ و گۆڕی زانیاری زۆر خێراتره‌، سیاسه‌تی ئابوری جیهان، ئێستا به‌ره‌و چاک یا خراپ که‌جێگای مشت و مڕ و مه‌ناقه‌شه‌یه‌، گۆڕاوه،‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له‌مڕۆی جیهاندا نوقم و ئاوێته‌ی چه‌مکی لیبێرته‌ و ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازیه‌ له‌ هه‌مو بوارێکه‌وه، دروشم و خواستی ناتوند و تیژی ئه‌مڕۆکه‌ قسه‌ی سه‌ر زاری هه‌موانه‌،‌ به‌ تایبه‌ت مارکسیسته‌کان که‌ پێشتر له‌ گه‌ڵی نه‌بوون و باوه‌ڕیان به‌ قه‌هری ئینقیلابی بوو‌، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ئێستادا ناتوند و تیژی و نه‌مان و نه‌هێشتنی ئیعدام و هتد ته‌نانه‌ت لای ئه‌وانیش به‌ قورسی پشتیوانی لێده‌کرێت و هزری مارکسیستیی نوێ به‌ تایبه‌ت لای حیکمه‌تیسته‌کانیش ئاوێته‌ی هومانیزمه‌ و خۆشیان ئه‌مه‌ ناشارنه‌وه‌ و به‌ ئاشکرا باسی ده‌که‌ن. وه‌ک ڕوونیشه‌‌،‌ هه‌مو بنچینه‌کانی هومانیزم له‌ هزری لیبڕالیستی و ئازادیخوازیه‌وه‌ و له‌ بڕوا به‌ ئازادی تاکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئازادی تاکیش خاڵی جێگای مه‌ناقه‌شه‌ی هه‌ر دو چه‌مکی لیبڕالیزم و مارکسیزمه‌ و ئه‌م دژایه‌تیه‌ له‌ دروشمی نه‌مانی خاوه‌ندارێتی که‌سێتیی یا (نه‌مانی مالکییه‌تی خوسوسی) که دروشمی مارکسیسته‌کانه‌ خۆی به‌ زه‌قی ده‌نوێنێت و ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی سوسیالیستی که‌ به‌ ده‌ست حیزبی کومونیسته‌وه‌ ده‌بێت (وێنه‌ی چین و کوبا و ویتنام و کوره‌ی باکور) و ئه‌گه‌ر گریمان هێز بگرێت و دابمه‌زرێت، هه‌ر له‌ دوا ڕۆژی هاتنه‌ ده‌سه‌ڵاته‌و‌ه‌ ده‌ست به‌ سه‌ر هه‌مو داراییه‌کانی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ ده‌گرێت و ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌ خاوه‌نیان و ئه‌مه‌ش دژایه‌تی زه‌ق و به‌رچاوی ئازادی تاک و ئیستیعداده‌کانی مرۆڤایه‌تیه‌ و له‌ کرده‌وه‌دا له‌ دژی هه‌مو ئازادییه، که‌ دیاره‌ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پێشێل کرانی ئازادیه‌ تاکیه‌کانیان به‌ هیچ نرخێک ته‌حه‌مول ناکه‌ن و ئه‌گه‌ر حیزبی کومونیست به‌م ستڕاتێژیه‌وه‌ له‌ کوردستان سه‌هله‌ له‌ هه‌ر شوێنێکی جیهان‌ هێز بگرێت و حه‌ول بدات مالیکیه‌تی تایبه‌تی مرۆڤه‌کان داگیر بکات، ئه‌و نیزامه‌ هه‌رگیز شه‌ش مانگ ده‌وام ناهێنێت و به‌ ناچار ده‌بێت ده‌ست بداته‌ سه‌رکوتی ستالینیستیانه‌ و زیندانێک به‌ به‌رینی وڵاته‌که‌ی دروست بکات و ئه‌وجار باڵی ڕۆژئاوا که‌ دایمه‌ له‌ پۆلی به‌رانبه‌ری چه‌پدا وه‌ستاون، خێرا ڕۆڵی ڕزگاری هێنه‌ر بۆ ئه‌و وڵاته‌ سوسیالیستیه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆی خۆیان و ئه‌وجار به‌ هه‌موان گه‌مارۆی نیزامی و ئابوری و سیاسی ئه‌م نیزامه‌ سوسیالیستیه‌ نووێکاره‌ ده‌ده‌ن و شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ری جیهانی دیکه‌ یه‌خه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه‌! بۆیه‌ پێویسته‌ حیکمه‌تیسته‌کان هه‌ندێک قوڵتر بڕواننه‌ قه‌زیه‌که‌ و به سانایی و ته‌نیا له‌ ڕوی ته‌عه‌سوبه‌وه‌ یا به‌رژه‌وه‌ندیخوازی ڕێکخراوه‌یی و تاکه‌که‌سی چاوی لێ نه‌که‌ن به‌ڵکو واقیع بینانه‌تر بۆی بچن. هه‌ر له‌ ڕوی ئه‌م ڕاستیانه‌وه‌‌ ده‌بێت حیکمه‌تیسته‌کان ئه‌وه‌نده‌ بزانن که‌ سوسیالیزم یا کومونیزم، چاک بێت یا خراپ، ڕزگاریبه‌خش بێت یا نه‌بێت، به‌م شه‌رایه‌ت و وه‌زعه‌ له‌ کوردستان پێشکه‌ش، له‌ ئه‌مریکاش پێک نایات. بۆ نمونه‌ چین پڕ حه‌شیمه‌تترین وڵاتی جیهانه‌ و له‌ باری هێزی ئینسانیه‌وه‌ هه‌رگیز به‌ ئاسانی ته‌واوبوونی نیه‌ و حیزبی کومونیستیش و نیزامی سوسیالیستیشی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ باری ئابوریه‌وه‌ ناچار بوو به‌وه‌ی که‌ ئابوری بازاڕی ئازادی ده‌سمایه‌داری په‌یڕه‌و بکات و ئه‌وه‌تای ماڵئاوایی هه‌میشه‌یی له‌ نیزامی ئابوری سوسیالیستی کردووه‌، وڵاته‌که‌ش له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا گه‌شه‌یه‌کی ئابوری بێ وێنه‌ی کرووه‌، به‌ جۆرێک که‌ چینی نوێ شان له‌ شانی هه‌مو زلهێزه‌ ئابوریه‌ ده‌سمایه‌داریه‌کانی جیهان ده‌دات و زۆر له‌ پسپۆڕانی ئابوری و سیاسی جیهان وڵاتی چینی نوێ به زلهێزی ئابوری و نیزامی داهاتوی جیهانیش پێناسه‌ ده‌که‌ن. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆچی کومونیزم له‌ وڵاتێکی وه‌ك چین تا ئابوری بازاڕی ئازادی ڕه‌چاو نه‌کرد، هه‌ر له‌ جێگای خۆیدا چه‌قیبو و مابووه‌وه‌ و هه‌ر که‌ نیزامی ئابوری کومونیستی وه‌لا نا، ته‌نیا پاش بیست ساڵ به‌م پێشکه‌وتنه‌ی ئێستا گه‌یی؟‌
که‌واته‌ به‌ کورتی،‌ سیاسه‌تی ئابوری نیزامی سوسیالیستی به‌ که‌ڵکی کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی جیهانی نایات و له‌ کوردستانیش که‌ وڵاتێکی دواکه‌وتوو و کۆیله‌ ڕاگیراوه‌‌ له‌ هه‌مو بواره‌ ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و هتددا، ئه‌و نیزامه‌ له‌م وڵاته‌ هه‌رگیز ڕۆژێکیش به‌رگه‌ ناگرێت و ئه‌مه‌ش له‌ ڕوی پێخۆش بوون یا پێ ناخۆش ‌بوون ناڵێم، به‌ڵکو له‌ ڕوی هه‌مو ئه‌و به‌ڵگانه‌وه‌ ده‌ڵێم که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم لێ کردن!

که‌ دیمانه‌که‌ی ئاغای فاتحیم‌ خوێنده‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ توش هه‌ندێک دروشم بووم که‌ ناوبراو هه‌ر وه‌ک زه‌مانی کۆن پشتیان پێ ده‌به‌ستێت، هاوکات به‌ یه‌کجار بیر و هۆشم گه‌ڕاوه‌ بۆ لانیکه‌م بیست ساڵ پێش ئێستا و هه‌ستم کرد که‌ له‌و دیمانه‌ کورته‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و‌ی که‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌مو حیزبه‌ سیاسیه‌کان له‌ کوردستان، جۆرێک هه‌ڕه‌شه‌ی تێدایه‌ که‌ پێم وایه‌ ئه‌مڕۆکه‌ نه‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا و نه‌ گه‌لی کوردستان و نه‌ ڕۆشنبیرانی ناتوانن له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ کردن له‌ یه‌کتر بێ لایه‌ن و بێ هه‌ڵوێست بن، جا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌سه‌وه‌ بکرێت، قه‌بێح و جێگای به‌رخورد پێ کردنه‌. به‌م بۆنه‌وه‌ خاڵێکی دیکه‌ که‌ زیاتر وه‌ک ڕه‌خنه‌ ده‌توانم له‌ حیکمه‌تیسته‌کانی بکه‌م ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌ر وه‌ک خۆشیان ده‌زانن، به‌ پێشکه‌وتنه‌ خێرا و یه‌ک له‌ دوا یه‌که‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی جیهان له‌ ئاستی ئاڵ و گۆڕه‌ دیجیتاڵی و ئه‌له‌کتڕۆنیکیه‌کانه‌وه‌ بگره‌ تا ساته‌لیت و ئینتێڕنێت و هتد.، هاوکات ئاستی ژیری و هۆشیاری مرۆڤیش به‌ خێرایی گه‌شه‌ی کردوه‌ و ئه‌مڕۆکه‌ هه‌موکه‌س ده‌توانێت و ده‌شبێت ئه‌گه‌ر خه‌ت وتاکتیک و سیاسه‌تی حیزبێکی پێ هه‌ڵه‌یه‌ یا ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی له‌ حیزبێک یا چه‌ند ڕێکخراوه‌ هه‌یه‌ ڕه‌خنه‌کانی بگرێت به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ هێرش بکاته‌‌ سه‌ر لایه‌نێک‌ و یا بێ ئه‌وه‌ی که‌ کار و چالاکیه‌کانیان سوک بکات و بێ ئه‌وه‌ی بوون و حزوریشیان له‌ به‌ر چاو نه‌گرێت. من پێم وایه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی‌ که‌ ده‌ڵێت: "هه‌مو حیزبه‌ کوردیه‌کان ناسیۆنالیستن و ئێمه‌ هاوکات که‌ له‌ دژی کۆماری ئیسلامین، له‌ دژی ئه‌وانیش خه‌بات ده‌که‌ین" ئه‌مه‌ هیچ تاکتیک و سیاسه‌تێکی منتقی ته‌وزیح نادات و هیچ مه‌قبولییه‌تێک به‌ ڕێکخراوه‌که‌ی ئه‌وان نادات که‌ به‌م قسه‌لۆگانه‌ داهاتوی کۆمه‌ڵگای کوردستان نائه‌من و نائاسایی بکات! هاوکات ئه‌م پرسیاره‌ش دێته‌ پێشه‌وه‌ که‌، ئه‌ی بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌ ناسیۆنالیستی فارس نافڕۆشن و بۆچی ناسیۆنالیزمی فارس له‌م بواره‌دا ئیمۆنیته‌ن، واته‌ ئه‌منیه‌تیان پارێزراوه یا له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ مه‌سون و پارێزراون؟‌

که‌واته‌ ڕاسته‌ ئه‌گه‌ر بڵێین که‌ مرۆڤی سیاسی ئه‌مڕۆ یا سیاسه‌تمه‌داری ئه‌مڕۆیی ناتوانێت و نابێت شێوه‌یه‌ک له‌ وتووێژ ڕه‌چاو بکات که‌ ڕه‌نگ و بۆنی دوژمنایه‌تی و ڕق و کینه‌ی پێوه‌ دیار بێت یا خۆ له‌ حاڵ و وه‌زعی ئێستای حیزبه‌کاندا که‌ هه‌مو چه‌کدارن و ئیدیعاشیان هه‌یه،‌ ناشێت دیمانه‌ و وتووێژه‌‌کان‌ بۆنی شه‌ڕی ناوخۆیی لێوه‌ بێت و وه‌زعه‌که‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی و ته‌قینه‌وه‌ ببات، که‌ ئه‌مه‌ نه‌ ته‌نیا دڵسۆزی بۆ گه‌لی کوردستان نیه‌، به‌ڵکو دوژمنایه‌تیێکی مه‌حز و ڕوته‌ و هه‌مو که‌سیش ده‌بێت قه‌بێحی بکات! هه‌ر حیزبێک، ئه‌گه‌ر بتوانرێت ناوی حیزبی لێ بنرێت، به‌ هه‌ر بیر و باوه‌ڕێکه‌وه‌ که‌ هه‌یه‌تی ده‌توانێت و ده‌بێت چالاک بێت و شه‌رتی ئه‌م چالاکیه‌ش هه‌روه‌ک له‌ هه‌مو جیهانی ئه‌مڕۆ جێکه‌وتووه، ڕێز له‌ حیزب و که‌سی به‌رانبه‌رت، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ڕه‌خنه‌ت لێی هه‌یه‌ و سیاسه‌ت و تاکتیکه‌که‌ی به‌ هه‌ڵه‌ ده‌زانیت. ده‌بێت هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵس و که‌وت له‌ گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌که‌ت بکه‌یت که‌ ده‌ت هه‌وێت خۆیشت هه‌ر وا هه‌ڵس و که‌وتت له‌ گه‌ڵدا بکرێت.
به‌ڕاستی گه‌لی کوردستان چه‌ند سه‌د ساڵه‌ به‌های ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵس و که‌وته‌ شه‌ڕئه‌نگێزانانه‌‌ ده‌ده‌ن که‌ به‌ حه‌ق نه‌ک کولتوری کوردی به‌ڵکو میراتی فه‌رهه‌نگی داگیرکه‌رانی کوردستانن که‌ به‌ کورد گه‌ییون، به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌م قسه‌ ئه‌مه‌‌یه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌رگیز هێرشمان نه‌کردۆته‌ سه‌ر خاک و وڵاتی که‌س، به‌ڵکو دایمه‌ له‌ لایه‌ن تورک و فارس و عه‌ڕه‌به‌وه‌ هێرشمان کراوه‌ته‌ سه‌ر و له‌ خه‌شنترین حاڵه‌تدا ته‌نیا به‌رگریمان له‌ حه‌قانییه‌ت و مانه‌وه‌ی خۆمان کردووه‌! چه‌ند سه‌د ساڵه‌ ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌نگی ئارامش و ئاسایش و ئاشتی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌ هه‌ر بۆیه‌ په‌ره‌ پێدانی هه‌ستی شه‌ڕ خوازی له‌ ئه‌مڕۆی کوردستاندا نه‌ ته‌نیا یارمه‌تیده‌ری ئه‌م گه‌ل و نیشتیمانه‌ نیه‌، به‌ڵکو ئه‌و په‌ڕی خیانه‌ت و نادڵسۆزیگه‌ریه‌ بۆ ئه‌م گه‌له‌ و من پێم وایه‌ هه‌ر که‌س و به‌ هه‌ر سیاسه‌تێکه‌وه‌، له‌ چه‌په‌وه‌ بۆ ڕاست مادام شه‌ڕ خواز بێت، ئه‌گه‌ر باشترین ڕێگا چاره‌شی بۆ کوردستان پێ بێت، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ مادام شه‌ڕ خواز بێت و کوردستان و جه‌وی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ نا ئه‌منتر بکات، ئه‌وا ڕێگا چاره‌که‌ی پوشێک نرخی نیه‌ و ئه‌گه‌ریش دیسانه‌وه‌ پێداگری له‌مه‌ڕ شه‌ڕ دروست کردن بکاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت له‌م ڕێکخراوه‌یه‌ مه‌شکوک بین (مه‌به‌ستم ڕێکخراوێکی تایبه‌ت نییه‌، به‌ڵکو هه‌ر کامیان...!)، که‌ کێ و به‌ چ مه‌به‌ستێک ده‌ینێرێته‌ کوردستان بۆ ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ و گه‌لی کوردستان و حیزبه‌ سیاسیه‌کانیش به‌ هه‌مویانه‌وه‌ پێویسته‌ له‌م بواره‌دا وریا بن! گه‌لی کوردستان کاتی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ که‌ چه‌ندین ساڵی دیکه‌ شه‌ڕ بکات و ئیدی ناشتوانێت ئه‌م به‌هایه‌ بدات و زۆر به‌ خۆشییه‌وه‌ کۆمه‌ڵگای کوردستانیش گۆڕاوه‌ و ڕێگا به‌م جۆره‌ توندڕه‌ویانه‌ نادرێت و نابێ بدرێت!‌

به‌ گشتی بۆ قسه‌ی کۆتایی، وه‌ک زۆر که‌س له‌م بواره‌دا شاره‌زان، چه‌مکی کومونیزم بیرو باوه‌ڕ یا هزرێکه‌‌ که پشت به‌ یه‌کگرتنی چینی کرێکار ده‌به‌ستێت و پێی وایه‌ که‌ له‌ جیهاندا کێشه‌ی چینایه‌تی هه‌یه‌ و فاسیله‌ی به‌ینی چینی که‌م داهات و چینی ده‌سمایه‌دار زۆر گه‌وره‌یه‌ و هه‌ژاری باڵی به‌ سه‌ر زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا و به‌ تایبه‌ت جیهانی سێیه‌مدا کێشاوه‌ و سه‌ره‌ڕای هه‌بونی سه‌روه‌ت و سامان بۆ هه‌مو مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش‌ برسیه‌تی هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ سی میلیون مرۆڤ له‌ جیهاندا له‌ برسان ده‌مرن و هۆکاری هه‌مو ئه‌م برسیه‌تیانه‌ش و هه‌ژاری و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی کێشه‌ی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌ له‌ جیهان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ هه‌بونی ده‌سمایه‌دار و زۆر جاریش هێرش ده‌که‌نه‌‌ سه‌ر هزری لیبڕالیزم و پێیان وایه‌ که‌ ئه‌وه‌ به‌ هۆی بوونی لیبڕالیزمه که‌ جیهان به‌م ئاقار‌ه‌ گه‌یشتووه‌!
ئه‌وه‌ی که‌ نیزامی ده‌سمایه‌داری خوێن مژه‌، هیچ قسه‌ی تێدا نیه‌ و منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دام و پێم وایه‌ ده‌سمایه‌داری گه‌وره‌ترین کێشه‌یه‌ له‌ جیهانی مرۆڤایه‌تیدا و هه‌مو ئه‌مانه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خوازیی ده‌وڵه‌ته ده‌سمایه‌داره‌‌کان و که‌سایه‌تیه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌ بێ ده‌ر و په‌یکه‌ر و بێ کۆنتڕۆڵه‌کان‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. که‌واته‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دام، که‌ نیزامی سه‌رمایه‌داری یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی نا ئه‌منی و هه‌ژاری و برسیه‌تی له‌ جیهاندایه‌، هاوکات وه‌ک له‌ سه‌روتریشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد، ناتوانم ئه‌مه‌ش له‌ به‌ر چاو نه‌گرم که‌ کومونیزمیش هیچ ڕێگا چاره‌یه‌کی مه‌نتقی و ئوسولی بۆ مرۆڤایه‌تی پێ نیه‌. سیاسه‌تی ئابوری ئه‌مڕۆکه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ له‌ هه‌ڵس و که‌وتی مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردایه‌ و پێویسته‌ بایه‌خێکی ئێجگار زۆر به‌ ئابوری وڵاته‌کان یا که‌سایه‌تیه‌کان بدرێت و ئه‌گه‌ر چی سه‌رمایه‌داره‌کان له‌م بواره‌دا هه‌ندێک ڕێگا چاره‌یان پێه‌ که‌ زۆریش به‌ دڵی من نیه‌ و پێم وایه‌ که‌م و کوڕی زۆره‌ و زۆرتر له‌ خزمه‌ت و له‌ پشتیوانیکردن له‌ ده‌سمایه‌داره‌کاندایه‌ تا گشت مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام کومونیسته‌کان ڕێگا چاره‌ی ئابوریان له‌ جیهان به‌ شه‌رتی ڕه‌عایه‌ت کردنیی ئازادی تاک پێ نیه‌‌ و چه‌پ به‌ گشتی پێی وایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ئابوری ده‌بێت له‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تدا بێت و ده‌وڵه‌ت به‌ هێز بێت و هه‌مو خه‌ڵکانی جیهانیش به‌ تێکڕا کرێکار بن و وه‌ک ڕۆبۆت هه‌مو ڕۆژ بچنه‌ سه‌ر کاره‌کانیان و خزمه‌ت به‌ ده‌وڵه‌ت بکه‌ن و ده‌وڵه‌تیش که‌ حیزبی کومونیست به‌ ڕێوه‌ی ده‌بات کار به‌ هه‌موان ده‌دات و هه‌مو ده‌بێت ببنه‌ ئه‌ندامی ئه‌م ده‌وڵه‌ت حیزبه‌‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خۆ یا ئاوتۆمات، ئازادی تاکه‌ که‌س و ئیستیعداده‌ تاکه‌ که‌سیه‌کان نامێنن و جیهان به‌ شێوه‌یه‌کی موزه‌خڕه‌ف یه‌کنه‌واخت و یه‌کڕه‌نگ و تکراری ده‌کرێت و هه‌مو جیاوازیه‌کان و ڕه‌نگاوڕه‌نگیه‌کان جێگای خۆیان ده‌ده‌ن به‌ یه‌ک ڕه‌نگ و ئیتر خۆت حه‌دیسێکی موفه‌سه‌ل له‌ باقی ئه‌م داستانه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌.‌ جیاواز له‌وه‌ی که‌ ده‌سمایه‌داری خراپ و نامرۆڤانه‌یه‌، به‌ڵام من به‌ش به‌ حاڵی خۆم ئه‌و ڕایه‌‌ به‌ بێ ئینسافی ده‌زانم، که‌ ئه‌گه‌ر وڵاتێکی ده‌سمایه‌دار، به‌رژه‌وه‌ندیخواز، که‌ به‌ر حه‌سبی قه‌زا له‌ وڵاته‌که‌ی پاڕله‌مانتاریزمێکی دێمۆکڕاتیکیش ڕه‌چاو ده‌کرێت، به‌ڵام چه‌وسانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ژاری هه‌یه‌ و بێکاری و زۆر که‌م و کوڕی دیکه‌ ده‌بیندرێن و ته‌نانه‌ت هێرشی ئابوری یا خۆ نیزامی ده‌کاته‌‌ سه‌ر وڵاتانی دیکه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌مه‌ به‌ حیسابی لیبڕالیزم بنوسین. ئه‌مه‌ بێ ئینسافیێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ حه‌قی فه‌یله‌سوفه‌ لیبڕاڵه‌کان و هزری لیبڕالیزمدا و پێم وایه‌ چه‌په‌کان له‌م بواره‌دا که‌م کارن و پێویسته‌ له‌م بوارانه‌دا ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتر یا خۆ تێئۆریای تازه‌ له‌ چه‌پ بێننه‌ گۆڕێ که‌ وڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م که‌لێنانه‌ بێت که‌ باشتر بێت له‌وه‌ی که‌‌ تا ئێستا بوونی هه‌یه‌ و من تێ ناگه‌م بۆ کومونیسته‌کان ده‌چنه‌ شه‌ڕی لیبڕالیزمه‌وه‌؟ له‌ حاڵێکدا که‌ زۆربه‌ی زۆری کرده‌وه‌کانی خۆیان لیبڕالیستییه‌. من پێم وایه‌ و پێشتر له‌م بواره‌دا وتارم ده‌ر کردووه‌ که چه‌پ نابێت و ناتوانێت ئه‌و تێئۆریایانه‌ی که‌ مارکس زیاتر له‌ سه‌د و په‌نجا ساڵ پێش ئێستا باسی لێکردون بۆ ئه‌مڕۆ ڕه‌چاو بکه‌ن. وه‌ک پێشتر باسم کرد، جیهان و هۆشیاری مرۆڤایه‌تیش به‌ سورعه‌تێکی که‌م وێنه‌ له‌ ئاڵ و گۆڕدایه و نه‌ک ئایاتی پیرۆز کراوی ته‌وڕات و ئینجیڵ و قوڕئان که‌ هه‌ر یه‌که‌ی زیاتر له‌ هه‌زار ساڵ ڕابردویان هه‌یه‌ و نه‌ک مانیفێستی کومونیستیش، له‌ گه‌ڵ ڕێزم بۆ ڕێڕه‌وانییان، به‌ڵام ئایدیۆلۆژییه‌کان هیچکامیان ڕێپیشانده‌ر بۆ مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆ نین. کاڕڵ مارکس که‌ خۆی ئابوریزانێکی پسپۆڕ و شاره‌زا بوو و له‌ ناساندنی نیزامی ده‌سمایه‌داری زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو و تێئۆریاکانی له‌م بواره‌دا و کتێبی ده‌سمایه‌که‌ی ئه‌مڕۆکه‌ش جێگای تێڕامانن، به‌ڵام له‌ بواری ئازادیه‌کاندا و ڕێگا چاره‌ی ده‌ربازبون له‌ ده‌سمایه‌داری نه‌یتوانی یا نه‌گه‌یشت که‌ شتێکی ئه‌وتۆ پێشکه‌ش بکات و ئه‌وه‌نده‌ش که‌ تا ئێستا ماوه‌ته‌وه‌، که‌م و ناته‌واوه‌ و مرۆڤایه‌تی به‌ دوا مارکسیشدا شاهیدی له‌ دایک بوونی مارکسێکی دیکه‌ نه‌بووه‌ و وادیاره‌ مرۆڤ دایمه‌ په‌یغام هێنه‌رێک، ڕزگاریکه‌رێک یا خۆ پێغه‌مبه‌رێکی بۆ ڕزگاری یا خۆ مه‌شغوڵ کردن پێویسته‌!! ‌



6ی ڕه‌زبڕی 2709

۱۳۸۸ مهر ۲۹, چهارشنبه

له‌ هه‌ر شوێنێک..!



Ayub Rahmani
rahmayub@yahoo.de



له‌ هه‌ر شوێنێک، ئاگادار بویت،
سه‌مفۆنیای خه‌م هاته‌ لێدان و
کیژۆڵه‌کان پێی هه‌ڵپه‌ڕین،
جه‌سته‌یه‌کی ئازار چێشتوی به‌ندیخانه‌
مه‌سیح ئاسا سه‌لیب کرا،
دایکێک جه‌رگی سوتا و ئاهی کێشا و
جه‌سته‌ی بێ ڕۆحی ئازیزیی
[1]، بێ ڕێز کرا
قه‌ڵه‌م بێ شه‌ره‌ف و
زمان ناموسی بڕا
باڵدارێک بێ باڵ و بێ هێلانه‌ بوو
شانۆکان هه‌مو بێ ئه‌کته‌ر و
فلیمه‌کان بێ کامێڕا
مرۆڤیش له‌وێ
له‌ ژێر بانی چوار دیواره‌که‌ی
خاکی نه‌بو
ئه‌وه‌ی ده‌رد و ئازار هه‌بو
نه‌ک له‌ مه‌سیح
له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئاڵا بوون

زۆر دور مه‌ڕۆ و نزیک بنواڕه‌

نه‌ک فه‌ڵه‌ستین، نه‌ک بولیوی
نه‌ک تاران و نه‌ک ئێریتره‌
چاو بنواڕه‌ له‌ کوردستان
تابلۆی هه‌مو ئازاره‌کان
شانۆی هه‌مو بێ ڕێزیه‌کان
ده‌ردی هه‌مو ئازاره‌کان
ده‌بینیه‌وه‌ و ده‌دۆزیه‌وه‌

که‌چی ئێمه‌ ده‌وای ده‌ردی
هه‌مو جیهانمان ‌لایه
کوردستانیش لاشه‌یه‌کی نیوه‌ گیانه‌ و
هیچکه‌س مه‌رهه‌می پێ نیه‌!!‌


29ی ڕه‌زبڕی 2709

[1] ئازیزی دایکه‌که‌، واته‌ ڕۆڵه‌که‌ی، کچ یا کوڕه‌که‌ی

۱۳۸۸ مهر ۲۳, پنجشنبه

ئێرانیچیگه‌ری و‌ میکانیزمه‌کانی!! (وتارێکی ڕه‌خنه‌گرانه له‌ حیزبه‌ کوردیه‌کان‌)











Ayub Rahmani
rahmayub@yahoo.de
به‌ ته‌جروبه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ کورد یا با بڵێین حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانیه‌کان له‌ باری تاکتیکیه‌وه‌ شێوه‌ی توند و تیژییان بۆ درێژه‌ی خه‌بات و پاراستنی خۆیان به‌ کار هێناوه‌ و به‌ کاری دێنن و ئه‌مه‌ش هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ دایمه‌ به‌ توند و تیژی و سه‌رکوت و بگره‌ و بکوژه‌ له‌ گه‌ڵ کورد و ئازادیخوازان و ناڕازاییانی کورد هه‌ڵس و که‌وتییان کردووه‌ و له‌ ڕاستیدا ئه‌وان هه‌م به‌ داگیر کردنی کوردستان و هه‌م به‌ سه‌رکوتی خوێناوی و دوژمنکارانه‌یان له‌ دژی ئه‌م گه‌له‌ زوڵملێکراو و به‌ کۆیله‌ کراوه‌، توند و تیژییان به‌ سه‌ر کورد و حیزبه‌ کوردیه‌کاندا سه‌پاندووه‌ و ناچارییان کردون به‌ چه‌ک هه‌ڵگرتن و خۆی ئه‌مه‌ پێشینه‌ی مێژوویشی هه‌یه‌ که‌ کورد له‌ ناوچه‌یه‌کی زۆر ئاڵوز و له‌ سه‌ر حاسڵخیزترین زه‌وی سه‌ر ئه‌ستێره‌ی ئه‌رز ده‌ژی که‌ له‌ جیهاندا پێی ده‌وترێت "نیوه‌ی مانگی پڕ به‌ره‌که‌ت[1]" یا به‌ عه‌ڕه‌بی الهیلال الخصیب و به‌ ئاڵمانی (Fruchtbarer Halbmond) که‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ ده‌ستی یه‌ک و هه‌مو ناوچه‌که‌یان به‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ کێشاوه‌. هه‌ر بۆیه‌ کاتێک حیزبه‌ کوردستانیه‌کان وێنه‌کانی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و گولله‌بارانه‌کانی شاری پاوه‌ و فڕۆکه‌خانه‌ی سنه‌ و وێنه‌کانی ته‌رمی گیانبه‌ختکردووانیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، له‌ سه‌ریشی ده‌نوسن‌ "نه‌ له‌ بیری ده‌که‌م و نه‌ ده‌شبه‌خشم"! ئه‌مه‌ خۆی فه‌رهه‌نگی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ و شتێکه‌ که‌ وه‌ک دروشم به‌رزییان کردۆته‌وه‌ و به‌ خه‌ڵکی کوردی نیشان ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی توڕه‌یی و بێزاری خۆیان له‌ داگیرکاریه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌ گشتی چه‌ند سه‌د ساڵ داگیرکردنی کوردستان نه‌رێنی و قه‌بێحی بکه‌ن و ناڕه‌ز‌ایه‌تی خۆیان له‌ دژی ده‌رده‌بڕن. دیاره‌ فه‌رهه‌نگی تۆڵه‌ و توند و تیژی و غه‌زه‌بی شۆڕشگێڕانه‌ ئه‌مڕۆکه‌ له‌ جیهاندا ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه و ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتودا یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئاشتی جیهانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێمنی بۆ هه‌مو جیهان. مهاتما گاندی سیاسه‌تمه‌داری ئه‌فسانه‌یی فریشته‌ی ڕزگاری هێندوستان یه‌که‌م مرۆڤ بوو که‌ به‌ کرده‌وه‌ شێوه‌ی خه‌باتی ناتوند و تیژی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی به‌رز کرده‌وه‌ و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له‌ دژی ئیستیعماری بریتانیا له‌ وڵاته‌که‌ی خه‌باتی کرد و توانی وڵاته‌که‌ی به‌ سه‌ربه‌خۆیی بگه‌یه‌نێت. کورد نه‌یتوانی شوێن گاندیزم بکه‌وێت و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر به‌ جێگای توند و تیژی که‌ وه‌ک وتم به‌ سه‌ریدا سه‌پابو ڕێگای نا توند و تیژی و گاندیزمی بگرتایه‌ته‌ به‌ر، جیهان ده‌که‌وتنه‌ پشتیوانی لێکردنی و ئێستا ڕه‌نگ بو له‌ مێژ بوویایه‌ سه‌رکه‌وتو و ڕزگار ببوینایه، وه‌ک چۆن ئه‌مڕۆ جیهان پشتیوانی له‌ دالای لامای تێبه‌تی ده‌که‌ن و هه‌ر ناکا تێبه‌تیش سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک تاقه‌ فیشه‌کیشیان ته‌قانبێت‌. به‌ڵام کورد شوێن سیسته‌می توند و تیژانه‌ی لێنینی و ستالینی و ڕوسی که‌وت و تا ئه‌مڕۆش نه‌ ته‌نیا تێیدا سه‌ر نه‌که‌وتووه‌، به‌ڵکو ڕه‌نگه‌ هه‌رگیزیش ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی به‌ چاوی خۆمان نه‌بینین، که‌ من خۆم ئاسۆ ڕون ده‌بینم و پێم وایه‌ که‌ کاتی ڕزگاری هاتووه‌ و ده‌بێت ڕزگاریمان بێت و له‌گه‌ڵ توند و تیژیشدا نیم و زیاتر گاندیزمانه‌ بۆ قه‌زیه‌که‌ ده‌ڕوانم و باوه‌ڕم به‌ ڕاپرسیێکی گشتی و ئازاد و دێمۆکڕاته‌، که‌ خه‌ڵک له‌ دواڕۆژی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بڕیار بده‌ن، که‌ ئایا سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێت و له‌ ئێران جیا ده‌بنه‌وه‌ یا خۆ له‌ گه‌ڵ ئێران ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌وجار ده‌بێت باسی فیدڕاڵی و ئه‌مانه‌ بێته‌ گۆڕێ؟ به‌ڵام ئایا ئه‌وان (ده‌سه‌ڵاتی فارسی) ماف به‌ منی کورد ده‌ده‌ن که‌ خۆم له‌ پێشدا بڕیاری مانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئێران یا نه‌مانه‌وه‌ بده‌م ئه‌وجار باس له‌ پێکه‌وه‌ مانه‌وه‌ بکه‌ین و ڕێگاکانی بۆ بدۆزینه‌وه‌؟!! پرسیارێکی گرنگه‌، وا نیه‌؟ ‌
دروشمی نه‌ له‌ بیری ده‌که‌ین و نه‌ ده‌یبه‌خشین، ئه‌گه‌ر چی‌ دروشمێکی توند و تیژانه‌ و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وانه‌یه‌، به‌ڵام له‌ کرده‌وه‌دا بۆ حیزبه‌کان "ئه‌مڕۆکه‌" تاکتیکێکی گاندییانه‌یه‌ و ئه‌وه‌تا ده‌بینین که‌ حیزبه‌کان که‌ ئه‌و دروشمه‌ ده‌ده‌ن نه‌ ته‌نیا بکه‌رانیان به‌خشیوه‌ و ڕابردوشیان له‌ بیر چۆته‌وه‌، به‌ڵکو له‌ گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستیش له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردان بۆ له‌ ناو بردنی کۆماری ئیسلامی. به‌ڵام ئه‌وان نایانهه‌وێت ئه‌م ڕاستیه‌ ببیستن که‌ ده‌ست و په‌یوه‌نده‌کانی کۆماری ئیسلامیش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ کوردیان نه‌ده‌کوشت، ته‌نیا کاتێک ده‌ستییان کرد به‌ کورد کوشتن که‌ کورد دروشمی خۆ به‌ڕێوه‌ بردن و ئازادی و پێشکه‌وتنخوازانه‌ی به‌رزکردبووه‌وه‌ ئه‌وجار که‌وتنه‌ کورد قڕان. ئه‌وکاتیش کورد و فارس و ئازه‌ری و هه‌موان له‌ دژی نیزامی پاشایه‌تی له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوین، دواتر ڕاونراین، چونکو فارس ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارێتی قه‌ومی فارسی ده‌ویست به‌ تاقی ته‌نیا به‌ سه‌ر هه‌مو ئێراندا. که‌واته‌ ئێستاش له‌گه‌ڵمانن بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، له‌ دواڕۆژدا هه‌م له‌ ئێمه‌ به‌هێزترن و هه‌م پڕچه‌کتر و هه‌میش سه‌روه‌ت و سامانی هه‌مو ئێرانیان له‌ به‌ر ده‌ست دایه‌ و پێت ده‌ڵێت، ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران، به‌ بێ قه‌ید و شه‌رت، ئه‌وجار مه‌عامه‌له‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کات، هه‌ر بڵه‌ی له‌ل، ڕاستت ده‌کاته‌وه‌!! تا ئێره‌ ڕونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست، ئێستاش دێمه‌ سه‌ر باسه‌که‌م.
کاتێک که‌ وشه‌ی ئێرانیچیگه‌ری به‌ چاوی‌ هه‌ر کام له‌ به‌رپرسانی حیزبه‌ کوردستانیه‌کاندا به‌ چه‌پ و ڕاست و ئایینییه‌وه‌ ده‌ده‌یه‌وه‌، خێرا هه‌ڵوێست ده‌گرێت و ده‌ڵێت که‌ نه‌خێر شتی وا نیه‌ و ئێمه‌ ئێرانیچی نین و ئه‌وه‌ تۆمه‌ته‌ و دیپلۆماسی و هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ حیزبه‌ ئێرانیه‌کان به‌ مانای ئێرانیچیگه‌ری نیه‌ و ئه‌مه‌ پێویستیی سیاسه‌ته‌ و ده‌بێت بکرێت و هه‌ندێکیشیان ئه‌م ته‌وجیهاته‌ به‌ ڕێئالیزم له‌ سیاسه‌تدا پێناسه‌ ده‌که‌ن و خۆیان ده‌خه‌نه‌ ڕیزی هه‌وادارانی قوتابخانه‌ی ڕێئالیستی! ئه‌مه‌ هه‌مو وه‌ڵامی ئه‌و به‌ڕێزانه‌یه‌ و به‌م وشانه‌ خۆیان ده‌په‌ڕێننه‌وه‌ و بۆ کاتێکیش بوبێت خۆیان له‌ وڵامی ڕاسته‌قینه‌ ده‌دزنه‌وه! به‌ڵام نازانین که‌ ئایا، مرۆڤ باوه‌ڕ به‌ سوێند خواردنه‌که‌یان بکات یا به‌ کلکی که‌ڵه‌شێره‌که‌؟ ته‌شبیی نه‌بێت! ئایا مرۆڤ باوه‌ڕ به‌ ته‌وجیهاتیی به‌رپرسانی حیزبه‌کان بکات یا به‌ کار و کردار و وته‌کانیان که‌ له‌م لا و له‌ولا ده‌یکه‌ن و ده‌بیندرێت؟
هه‌مومان مانای حیزبایه‌تی ده‌زانین و ده‌شزانین که‌ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌مایه‌ حیزبه‌که‌ی ڕابگرێت، به‌ شوێن به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌یه‌وه‌یه‌ و هه‌مو حه‌ولی خۆی ده‌دات حیزبه‌که‌ی پێش بخات. که‌واته‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی وا ده‌خوازێت که‌ ئێمه‌ له‌ وڵامی پرسیار و ڕه‌خنه‌‌کانمان له‌ به‌رپرسی حیزبه‌کانی ئه‌مڕۆمان، ته‌نیا ئه‌وه‌ ببیستین که‌ ناوبراو ده‌بێت بیڵێت و خۆی له‌ باسکردن له‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی و تاکتیکی حیزبه‌که‌ی ده‌بوێرێت و وڵامی دروست به‌ پرسیاره‌که‌ ناداته‌وه‌! ئه‌مه‌ ڕاسته‌ که‌ حیزب که‌ره‌سته‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج و هه‌مو ئه‌مه‌ په‌سه‌ند ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئامانجه‌کان چین، جیاوازییان هه‌یه‌ پێکه‌وه‌. یه‌کێک ئامانجی گه‌وره‌ کردنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌یه‌تی، یه‌کی دی ئامانجی خۆ گه‌وره‌ کردنه‌وه‌ له‌ حیزبه‌که‌یدایه‌، یه‌کی دی ئامانجی گه‌یشتنی به‌ پله‌ و پایه‌ی سه‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که‌یه‌تی و یه‌کی دی به‌ ته‌مایه‌ نان له‌ حیزبه‌که‌ی بخوات و کار و کاسبی بکات، به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی هیچکام له‌مانه‌ ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی نین و ته‌نیا ئامانجی حیزبی و تاکه‌ که‌سین. کاتێک ده‌ڵێین ڕێکخراوه‌ یا حیزب که‌ره‌سته‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج، ئه‌و ئامانجه‌ ده‌بێت نه‌ته‌وه‌یی بێت و ئامانج گه‌یاندنی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ت بێت، جا ده‌توانێت ئامانجی ئابوری بێت یا خۆ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. که‌واته‌ ئامانجی سیاسی ته‌نیا کاتێک که‌ره‌سته‌‌ ته‌وجیه ده‌کات، که‌ ئامانجێکی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی بێت و نه‌ک ئامانجی حیزبی و تاکه که‌سی. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شتێکمان پێ باش نیه‌ و ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و شته‌ بین و سوێند ده‌خۆین که‌ ئه‌و شته‌ نین، ئه‌ی بۆ ده‌یکه‌ین و ئه‌گه‌ر سوار بوونی وشترمان پێ خراپه‌، بۆ سواری ده‌بین و خۆمان دولا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ که‌س نه‌مان بینێت؟
که‌ لاوێکی کورد له‌ کوردستان ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ و ده‌چێته‌ ڕیزه‌کانی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی، لاوێکی ساکار و بێگرێیه‌ که‌ له‌و قۆناخه‌دا چه‌ند شتی گرنگ و سه‌ره‌کی مۆتیڤ و هانده‌ریه‌تی بۆ شۆڕش. دو له‌و هۆیانه‌ که‌ سه‌ره‌کین، یه‌کیان زوڵم و زۆرێکه‌ که‌ له‌ ناو زێدگه‌ و نیشتمانه‌که‌ی خۆیدا هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی که‌ له‌ دایک ده‌بێت، له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کی باڵاده‌ستی وه‌ک فارس و بگره‌ ئازه‌ریش به‌ سه‌ریدا دێت و که‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت ئیتر به‌ شوێنێک ده‌گات که‌ یاخی ببێت و ئه‌و هه‌مو ناعه‌داڵه‌تیه‌ و داگیر کردنی وڵاته‌که‌ی ئیتر پێ ته‌حه‌مول ناکرێت و به‌ جێگای خوێندن و مانه‌وه‌ له‌ ناو بنه‌ماڵه‌دا، ڕێگای شۆڕش ده‌گرێته‌ به‌ر. یه‌کی دیکه‌ له‌و هۆیانه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و کوردایه‌تی و ئه‌دا کردنی ده‌ینی خۆی به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یه‌تی وه‌ک سه‌ربازێک بۆ ئه‌و وڵاته‌ی که‌ خۆشی ده‌وێت و خۆی به‌ هی ئه‌و ده‌زانێت و ئه‌ویش به‌ هه‌مو که‌م و کوڕیه‌کانیه‌وه‌ به‌ هی خۆی ده‌زانێت و هه‌ر بۆیه‌شه‌ که‌ ئاماده‌ ده‌بێت گیانی خۆی له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی وڵاته‌که‌یدا به‌خت بکات. ئه‌و لاوه‌ هێشتا پێچ و پڵوچه‌کانی حیزبایه‌تی نازانێت، هێشتا له‌ سه‌داقه‌ت و ڕاستگۆیی ڕێبه‌ره‌کانی نه‌گه‌ییوه‌ و هێشتا به‌ کرده‌وه‌ بێ دایک و باوکی سیاسه‌تی بۆ ڕون نه‌بۆته‌وه‌ و ته‌نیا بیستویه‌تی که‌ سیاسه‌ت دایک و باوکی نیه‌. له‌ پاش مانه‌وه‌ له‌ ڕێکخراوه‌که‌یدا ئه‌وجار زۆر شت ده‌بینێت و فێر ده‌بێت و خه‌تی فیکری و چۆنیه‌تی هه‌ڵس و که‌وتی وه‌ک ئه‌ندامێکی ئه‌و ڕێکخراوه‌ی لێدێت.
به‌ چونه‌ ناو حیزبه‌وه‌ی ئه‌م لاوه‌ یه‌کێک له‌ سه‌ره‌تایی ترین شته‌کانی که‌ فێری ده‌بێت پیرۆز کردنی سینتێڕالیزمی دێمۆکڕاتیکه‌ و ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ی فه‌رمان له‌ سه‌ره‌وه‌ واته‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی دێته‌ خواره‌وه‌، هه‌ر هه‌مویان ئایاتی پیرۆزن و ده‌بێت پیرۆز ڕابگیرێن و به‌ ڕێوه‌ بچن و ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ یا قسه‌ی له‌ سه‌ریان هه‌یه‌، با پاش جێبه‌جێ کردنی فه‌رمانه‌که‌ قسه‌ بکات و ئێستا ته‌نیا کاتی جێبه‌جێ کردنی فه‌رمانی موقه‌ده‌سه‌ و هاوکات هه‌ر ئه‌ندامێکیش ڕه‌خنه‌گر بێت، ئه‌وا ورده‌ ورده‌ شکی ده‌خرێته‌ سه‌ر و به‌رپرسایه‌تی نادرێتێ یا خۆ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ی که‌ هه‌یه‌تی لێی ده‌ستێندرێته‌وه‌ و ئیتر باقیه‌که‌یشی که‌ هه‌مومان ده‌زانین چی به‌ سه‌ر دێت، ده‌بێت تۆبه‌ بکات یا ده‌ر ده‌کرێت!
دیاره‌ ئه‌م شتانه‌‌ تا ئه‌و جێگایه‌ی که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر حیزبێکی حیرفه‌یی و چه‌کدار که‌ له‌ گه‌ڵ دوژمنه‌که‌ی له‌ شه‌ڕدایه‌ و حاڵه‌تی نائاساییه‌ زۆر کێشه‌ نیه یا بشتر وایه‌ بڵێین که‌ ڕێگا چاره‌یه‌کی دیکه‌ نیه‌ و ده‌بێت وا بێت هه‌م بۆ ئه‌ندامه‌که‌ که‌ ده‌یهه‌وێت بژی و هه‌م بۆ حیزبه‌که‌ که‌ ده‌یهه‌وێت به‌ ئامانجه‌که‌ی خۆی بگات‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌ شوێنێکی دیکه‌دایه‌، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه‌ که‌ فیکره‌یه‌کی وه‌ها ژاراوی و ترسناک به‌ سه‌ر حیزب و سیاسیه‌ کۆنه‌کانماندا زاڵن که‌ مرۆڤ بیری لێده‌کاته‌وه‌‌، ته‌رز به‌ هه‌مو له‌شیدا دێت و موچڕکه‌ ده‌یگرێت. که‌ بیر ده‌که‌مه‌وه‌ ئێستاش نازانم که‌ ڕێکخراوه‌کانمان‌ له‌ کام قوژبنی پاتریۆتیزمدا بۆ گه‌له‌که‌مان وه‌ستاون؟! هه‌مو گیانفه‌دای یه‌ک ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆخۆیانی ده‌که‌ن و نه‌ک بۆ گه‌له‌که‌یان! کاتێک یه‌کێک خه‌بات ده‌کات، زه‌حمه‌ت ده‌کێشێت، گیانی خۆی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و کاتی به‌ فیڕۆ ده‌چێت و زۆر شتی دیکه‌ش، به‌ڵام خه‌باته‌که‌ی به‌ گشتیی، ناڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌‌ گیرفانی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ره‌وه‌، ده‌بێت مانای ئه‌مه‌ چی بێت؟ حیزبه‌کانمان ناڕاسته‌وخۆ و یا ڕه‌نگه‌ڕاسته‌وخۆ و به‌ ئه‌نقه‌ستیش قازانج به‌ نه‌ته‌وه‌ی دوژمنی باڵاده‌ست ده‌گه‌یێنن، هه‌ر ئه‌و دوژمنه‌ی که‌ به‌ خه‌یاڵی خۆمان له‌ دژی ئه‌جه‌نگین و سه‌دان و هه‌زاران قوربانیشمان له‌ دژی داوه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ر دوک سه‌ره‌وه‌ قازانجمان پێ گه‌یاندووه‌، هه‌م قوربانی و هه‌م قازانج بۆ ئه‌و! له‌ دژی کۆماری ئیسلامی ئه‌جه‌نگن و له‌م ڕێگایه‌شدا قوربانی ده‌ده‌ن و کوڕ و کچانی هه‌ژاری کورد وه‌ک گۆشتی قوربانی ده‌به‌خشرێنه‌وه‌‌ و خوێنی ڕۆڵه‌کانی کورد به‌ سه‌ر به‌رد و داری کوردستاندا ده‌چۆڕێن و ئه‌وه‌ی فه‌داکاری و له‌ خۆ بوردوییه‌ ڕۆڵه‌ی کورد ده‌یکرد و ده‌یکات و هه‌ر دو مانگ له‌مه‌ پێش یازده‌ قاره‌مانی کورد له‌ چه‌ند سه‌نگه‌ری جیاوازدا له‌ خوێنی خۆیان گه‌وزان و ماته‌مینیان بۆ کوڕ و کچانیان و ژن و که‌س و کاریان و ئێمه‌ش به‌ جێ هێشت به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ ناو سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان بیریان لێنه‌کردۆته‌وه‌‌ سیاسه‌تێکی نیشتیمانی به‌رز و قه‌ڵه‌مێکی پۆخته‌ی کوردی پاراو بۆ ته‌سکینی دڵی دایکانی گیانبه‌ختکردووان و بردنه‌ سه‌ره‌وه‌ی ئاستی نه‌ته‌وه‌ خوازییه‌! له‌و فیکره‌ زاڵه‌دا ئه‌وه‌ی کوردی و نیشتمانی کوردان بێت و باسی لێبکرێت ئه‌وا ناسیونالیزم و بڤه‌یه‌ و زه‌ره‌ر به‌ ئێرانیچیگه‌ریان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام فارسی زمانی شیرین و ڕه‌سه‌نه‌ و ئێران مه‌رزی پڕ له‌ گه‌وهه‌ر و هه‌مو جیهانه‌، کوردستانیش لادێ یه‌کی بچکۆله‌ و بڤه‌ی ئه‌و ئێرانجیهانه‌یه‌! په‌ڕتوکی شیعر و ئه‌ده‌بی فارسی به‌ به‌ربڵاوی له‌ به‌ر ده‌ستدان و وێنه‌کانی ئه‌حمه‌دی شاملو و حافز و سه‌عدی و فرده‌وسی و هتد به‌ شیعره‌کانیانه‌وه‌ به‌ ده‌ر و دیواری ناو ژوری پێشمه‌رگه‌‌کانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن و هه‌ر که‌سیش ڕه‌خنه‌ی لێ بگرێت‌ که‌ بۆچی شیعرێکی کوردی هه‌ڵنه‌واسراوه‌، پێی پێ ده‌که‌نن به‌ جۆرێک که‌ ئیتر ڕه‌خنه‌ی وا نه‌گرێت و ئه‌مانه‌ فیکری زاڵی ناو حیزبه‌کانمانه‌! به‌ گشتی‌ دوژمن له‌ بواری فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ له‌ ده‌ستمان حه‌ساوه‌ته‌وه‌‌ و پێویست ناکات که‌ له‌ کوردستان کاری فه‌رهه‌نگی بۆ خۆی و زمانه‌که‌ی خۆی بکات، چونکه‌ حیزبه‌کانمان‌ بۆی ده‌که‌ن! له‌ ناو مه‌قه‌ڕێکی چل – په‌نجا که‌سی ئوردوگای حیزبه‌کاندا ئه‌گه‌ر تاقه‌ فارسزمانێکی لێ بێت‌، ده‌بێت هه‌مو به‌ فارسی بدوێن با ئه‌و فارسه‌ دڵی لێمان نه‌ئێشێت و به‌ جوانی له‌ باسه‌کان بگات و ئه‌ویش زانایانه‌ یا نازانایانه‌ ئه‌م هه‌لانه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ فه‌رمانی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانه‌ که‌ نابێت زه‌خت له‌ فارس بکرێت فێری کوردی ببێت، چونکه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و تاقه‌ که‌سه‌ پێیان بێژێت ناسیۆنالیست، ئه‌مه‌ چیه‌ ئوردوگایه‌ک به‌ زمانی زگماکی خۆی ده‌دوێت! زۆر ڕوونه‌ که‌ هه‌ر فارسێکی منداڵ یا باڵغ مادام ده‌توانێت له‌ شه‌ش مانگ تا یه‌ک ساڵدا له‌ کاتی په‌نابه‌ری له‌ تورکیه‌ یا ئوروپا یا ئه‌مریکا و هتد فێری زمانی ئه‌و وڵاتانه‌ ببێت، له‌ ناو ئوردوگاکاندا و له‌ ناو ئه‌و قه‌ره‌باڵیغیانه‌‌دا ته‌نیا به‌ شه‌ش مانگ فێری کوردی ببێت، که‌چی نایهێڵن و ده‌شێت ئه‌و عاله‌مه‌‌ هه‌مو به‌ زمانی ئه‌و بدوێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وی لێ بوویایه‌! ئه‌وانه‌ هه‌مو پێش زه‌وینه‌ی ئێرانیچیگه‌ریه‌کانی ئه‌مڕۆی حیزبایه‌تی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندایه‌. ئه‌مجۆره‌ له‌ خه‌باتی ئازادیخوازی به‌ درێژایی مێژوو له‌ هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌ نه‌بیندراوه‌ و له‌ داهاتوشدا شتی وا ڕو نادات، ئه‌وه‌ی که‌ بوو و تا به‌ ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئێستاش هه‌ر په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن، تاقانه‌ و ته‌نیا له‌ ئێمه‌ی به‌ ناو خه‌باتکاری کورد ده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌س له‌ ئێمه‌ ڕویداوه‌ و ڕو ده‌دات و به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌‌ جێگای گه‌لێک داخ و که‌سه‌ر و پێکه‌نینیشه. هه‌ر که‌سیش له‌و ئێرانچیانه‌ که‌ ئه‌م وتاره‌ی من ده‌خوێنێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئێستا ده‌یان به‌رچه‌سپم لێ بدات که‌ گۆیا من له‌ دژی فارسان بم، به‌ڵام دڵنیای ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ من له‌ دژی هیچ قه‌وم و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ نیم و ته‌نیا دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌ی خۆمم و پێم وایه‌ که‌ مادام من خۆم زمان و خه‌ت و فه‌رهه‌نگ و هه‌مو شتێکم هه‌یه‌، بۆ ده‌بێت منیش هاوڕا له‌گه‌ڵ ئه‌‌و سه‌دان تلویزیۆنه‌ فارسانه‌ منیش خزمه‌ت به‌ زمانی ئه‌وان بکه‌م‌، له‌ حاڵێکدا زمانه‌که‌ی خۆم و تلویزیۆنه‌کانی خۆم زمانهه‌ژارن و ئه‌م زمانه‌ کوردیه‌ سه‌دان ساڵیشه‌ سه‌رکوت ده‌کرێت وده‌سڕێته‌وه‌ و به‌ سه‌دان فێڵ و که‌ڵه‌ک له‌ بیرمانیان بردۆته‌وه‌ و هه‌ر له‌م وتاره‌ی مندا بۆ وشه‌ی کوردی داده‌مێنم و هی ئه‌وان خۆیان له‌ هه‌مو لایه‌که‌وه‌ خزمه‌تیان پێ ده‌کرێت و سه‌دان ساڵیشه‌ به‌ ئێمه‌شه‌وه‌ خزمه‌تی ده‌که‌ین. من ده‌ڵێم ئیتر به‌سه‌، با خزمه‌تێک به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و کولتوری خۆمان بکه‌ین، ئایا ئه‌مه‌ تاوانه‌‌؟ ده‌ی با من تاوانبار بم هیچ کێشه‌یه‌کم نیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واش بێت، هه‌رگیز به‌ قه‌ده‌ر ئێرانچیه‌کان موجرم نیم و دواڕۆژیش زه‌مانه‌ ده‌ری ده‌خات و زیاتر ڕونی ده‌کاته‌وه‌!
وه‌ک پێشینیانمان ده‌ڵێن له‌ سه‌ر چووان مه‌چۆ و چاو له‌ ئاسۆ ببڕه‌، که‌ منیش پێم باشه‌ و پێم وایه‌ به‌ نۆبه‌ی خۆم وانه‌م له‌و مێژووه‌ وه‌رگرتووه‌ و ئه‌مڕۆش چاو له‌ ئاسۆ ده‌که‌م، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش و به‌و ڕابردووه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ڕۆشنایی بێت له‌ ئاسۆی فه‌رهه‌نگی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ییدا نای بینم یا زۆر دوری ده‌بینم و ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ته‌نیا ئاسۆی ڕونی نه‌ته‌وه‌ی داگیر که‌ره‌ و هه‌مومان به‌ کوردیشه‌وه‌ وا له‌ خزمه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وه‌ باڵا ده‌سته‌داین و چ به‌ سیاسه‌ت و چ به‌ قه‌ڵه‌م و چ به‌ وتووێژ و چ به‌ کۆنفڕانس و کۆبونه‌وه‌ش هه‌ر له‌ خزمه‌ت به‌ داگیرکه‌رداین!
ئه‌م شتانه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم که‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ی ڕۆژ حیزبه‌کانیشمان عاقیبه‌ت گۆڕان و له‌گه‌ڵ زمانه‌که‌ی خۆیان نۆڕماڵ هه‌ڵس و که‌وتیان کرد یا گریمان موعجیزه‌یه‌ک ڕوی دا و گه‌له‌که‌مان سه‌ربه‌خۆیی به‌ ده‌ست هێنا، با نه‌ڵێن ئه‌م شتانه‌ پێشتر نه‌گوتراوه و ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای له‌دایک بونی حیزبه‌که‌مانه‌وه‌ کوردی ڕه‌سه‌ن بوین و به‌ کوردی په‌تی و ڕه‌سه‌ن دواوین!‌ چونکو ده‌زانم که‌ ڕه‌وتی ئاڵ و گۆڕی فیکری و سیاسی حیزبه‌کان له‌ ڕابردودا و ئه‌مڕۆ نیشان ده‌ده‌ن که‌ دایمه‌ له‌ ئاڵ و گۆڕی سیاسی و تاکتیکی و ته‌نانه‌ت فیکریشدان، سبه‌ی که‌ جیهه‌تی با گۆڕا و کا به‌ با دانیش ده‌گۆڕێت و بازاڕی سیاسه‌تیش له‌م ئیستیسنایه‌ به‌ دور نیه‌ و هه‌ر ئه‌م ئێرانچیانه‌ی ئه‌مڕۆ سبه‌ی ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ هه‌مو که‌س کورد تر بوین، پێویسته‌ ئه‌وکات به‌ چاویاندا بدرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مڕۆ ته‌نیا من و ئه‌مسالی من له‌ وتنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیانه‌ زه‌ره‌ر ده‌که‌ین و هه‌ر ئێستاش حیزبه‌کان مۆڕه‌مان لێ ده‌که‌ن!!

گوتاری زاڵی ئێرانچیه‌تی ئه‌مڕۆی حیزبه‌ کوردیه‌کان له‌ پێناو چیدا؟!

پێشتر که‌ حیزبه‌کان تلویزیۆنیان نه‌بو قسه‌شیان ڕو له‌ خه‌ڵک که‌متر ده‌کرد، ته‌نیا یه‌ک سه‌عات ڕادیۆ و گۆڤارێک له‌ مانگدا که‌ هه‌موشتێک تێیاندا پێش بڵاو بونه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کران نه‌یده‌توانی ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئێرانیچیگه‌ری له‌واندا پێناسه‌ بکات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ حاڵه‌ته‌کان گۆڕاون و ئه‌وان خاوه‌نی مێدیان و پێویستیشه‌ قسه‌ ڕو له‌ خه‌ڵک زیاتر بکه‌ن و ناچاریشن که‌متر کۆنتڕۆڵی قسه‌کان بکه‌ن. کاتێک هه‌ر کام له‌و پێنج کاناڵه‌ تلویزیۆنیه‌ی حیزبه‌ کورده‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان ده‌که‌یه‌وه‌، به‌ ئاشکرا ده‌بینین که‌ گوتاری زاڵی ئه‌م پێنج حیزبه‌ خاوه‌ن مێدیایه ئێرانچیگه‌ری و ته‌بلیغات بۆ ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێرانه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌ پێناو ئه‌وه‌دا که‌ له‌ سبه‌ی ڕۆژی ڕه‌وتی ئاڵ و گۆڕ و ڕوداوه‌کاندا جێگاێکیان پێ بدرێت و به‌ڵکو ئیشاڵا نوریزاده‌ و ئه‌مساله‌هوم بیانخه‌نه‌ نێو لیسته‌که‌یانه‌‌وه‌ بۆ دواڕۆژی شه‌ترنجی سیاسی له‌ تاران و به‌ڵکو جێگایه‌ک بۆ سبه‌ی ڕۆژی تاکی خۆیان و حیزبه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام جێگایه‌ک له‌ پێناو چ نرخێکدا؟
نمونه‌ و به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌کانم زۆرن و هه‌مو ئه‌وانه‌ی سه‌یری کاناڵه‌کان ده‌که‌ن ده‌توانن خۆیان ده‌یان نمونه‌ باس بکه‌ن. دیاره‌ ڕه‌نگه‌ بۆ که‌سانێک که‌ خۆیان ئه‌ندامگه‌لی ئه‌و حیزبانه‌ن و فیکری زاڵی ئێرانچیگه‌ری کاری تێکردون و خۆشیان به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕۆن زۆر به‌ر چاو نه‌بێت و یا ڕه‌نگه‌ به‌ قورس و قایمی پشتیوانیشی لێ بکه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ هێشتا ئێرانچیگه‌ری ته‌ئسیری له‌ سه‌ریان دانه‌ناوه‌ یا خۆ دواتر لێی بێزار بوون، ئه‌و شتانه‌ جوانتر و ڕونتر ده‌بینن و زۆر جاریش که‌ تلویزیۆنێک مه‌جالی به‌ خه‌ڵک دابێت که‌ به‌ ته‌له‌فون ڕای خۆیان باس بکه‌ن، ڕه‌خنه‌یان له‌ ئێرانیچیه‌تی حیزبه‌کان و کاناڵ و پڕۆگرامه‌‌کانیان گرتووه‌ که‌ به‌ش به‌ حاڵی خۆم ده‌ست خۆشانه‌ له‌و بینه‌ره‌ دڵسۆزانه‌ ده‌که‌م.
به‌ڵام وه‌ک چه‌ند نمونه‌ ته‌نیا به‌ بینینی پڕۆگرامه‌ فارسیه‌کانیان زۆر شت ده‌بینین و ئه‌و هه‌مو مه‌جاله‌ که ‌به‌ کۆمه‌ڵێک فارس دراوه‌ که‌ پڕۆگرامی فارسی به‌ ڕێوه‌ ده‌به‌ن و له‌ کۆتایی ماڵئاوییدا ده‌ڵێن، ""به‌ ئومێدی ئازادی گه‌لی قاره‌مانی ئێران"" و ئه‌وان هه‌مو ئێران به‌ یه‌ک گه‌ل ده‌بینن و گه‌لێک وه‌ک کورد له‌ ئێران به‌ فه‌رمی ناناسن و له‌ کاناڵی کوردیشه‌وه‌ پڕۆگرامیان هه‌یه‌! یا له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ یه‌کێک له‌ کاناڵه کوردیه‌کان به‌شی فارسی ئاغای منوشه‌ ئه‌میری ئیسڕائیلی فارس ته‌بار داوه‌ت کرابو و به‌ ته‌له‌فون به‌شداری به‌رنامه‌کان بوو. ناوبراو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵێک قسه‌ی تێئۆری باشی له‌مه‌ڕ ئازادی و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئه‌مانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆکه‌ بوونه‌ته‌ مۆده‌ و هه‌مو له‌ سه‌ر زاریانه‌ی کرد، ئه‌وجار چه‌ند که‌ڕه‌ت ته‌ئکیدی ده‌کرده‌وه‌ که‌ ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران ده‌بێت به‌ هه‌ر نرخێک بپارێزرێت و ئه‌مه‌ له‌ قازانجی هه‌مو وڵاتانی ناوچه‌که‌یه‌! دیاره‌ ئه‌وه‌ نه‌زه‌ری شه‌خسی ئه‌و به‌ڕێزه‌یه‌ به‌ڵام هیچکام له‌ میوانانی به‌رنامه‌که‌ که‌ یه‌کیشیان کورد و به‌رپرسی تلویزیۆنه‌که‌ش بوو وڵامی ناوبراویان نه‌داوه‌، ته‌نیا له‌ ته‌ئیدی ئه‌ودا نه‌بێت، که‌س قسه‌کانی ڕه‌ت نه‌کرده‌وه و به‌رپه‌رچییان نه‌داوه‌‌. به‌ نه‌زه‌ری ناوبراو ده‌بێت کورد هه‌تا هه‌تایه‌ کۆیله‌ و ژێرده‌سته‌ و ده‌ره‌جه‌ دو بمێنێت، ئه‌مه‌ چیه‌ ئه‌مه‌ له‌ قازانجی وڵاتانی ده‌ورو به‌ر و گه‌لی باڵاده‌ستی فارسه‌‌ و گه‌لی کوردیش له‌م ناوه‌دا هیچ مافی ده‌نگدان یا خۆ هه‌ڵبژاردن یا مافی چاره‌ی خۆ نوسین به‌ ده‌ستی خۆی نیه‌ و ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دیگه‌ران کورد ده‌بێت هه‌ر وه‌ک خۆی بمێنێت و به‌ هه‌ر نرخێک ده‌بێت دایپڵۆسێنن، ئه‌گه‌ر باسی مافی چاره‌ی خۆ نوسین یا ڕێفڕاندۆمی کرد! من لێره‌دا پرسیارێک له‌ به‌ڕێز منوشه‌ ئه‌میر ده‌که‌م، ئایا وڵاتی ئیسڕائیل که‌ خۆی به‌ دێمۆکڕاتیکترین وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌زانێت، له‌ منی کوردی قه‌بوڵ ده‌کات ئه‌گه‌ر بڵێم که‌ ته‌واویه‌تی ئه‌رزی فه‌ڵه‌ستین له‌ قازانجی هه‌موانه‌ و ده‌بێت به‌ هه‌مو نرخێک بپارێزرێت؟ له‌ سه‌دا سه‌د ئه‌مه‌ له‌ من قه‌بوڵ ناکات و به‌ر په‌رچم ده‌داته‌وه‌ و خێرا باسی مافی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی و مافی چاره‌ی خۆ نوسین دێنێته‌ پێشه‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌ر چه‌سپی دژه‌ ئیسڕائیلی و دژه‌ یه‌هود بونیشم لێ بدات!!
یه‌ک نمونه‌ی دیکه‌ ئه‌و کرده‌وه‌ شرمێونانه‌ بوو که‌ له‌ شاری له‌نده‌ن له‌ کۆڕی یادی 28ی گه‌لاوێژدا ڕویدا و ئێرانپه‌ره‌ستێکی دژه‌ کورد وه‌ک نوریزاده‌ که‌ خۆی به‌ فێڵ به‌ دۆستی کورد ده‌ناسینێت، وه‌ک هه‌میشه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ نه‌سیحه‌تی کورد و به‌شدار بووان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و کۆڕه‌ و ده‌یهه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌کی گوماناوی و دیکتاتۆڕمنشانه‌ پێیانحاڵیکات که‌ ئێوه‌ ئێرانین و ئێرانیش ده‌مێننه‌وه‌، جا به‌ زمانی خۆش بێت یا هه‌ر به‌و شێوه‌ی که‌ کۆماری ئیسلامی و ڕژیمگه‌لی فارسی ده‌سه‌ڵاتداری پێشو له‌ گه‌ڵی کردون، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ گه‌ڵ وڵامی توند و شۆڕشگێڕانه‌ی زۆربه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌شداربووانی کۆڕه‌که‌ ڕوبه‌ڕو ده‌بێته‌وه‌ و به‌رپه‌رچ ده‌درێته‌وه‌ و پێی ده‌وترێت که‌ ئه‌و ده‌ورانه‌ به‌ سه‌رچووه‌ و گه‌لی کوردستان له‌ داهاتودا بۆخۆی بڕیار ده‌دات که‌ ئایا چ جۆره‌ حکومه‌تێکی ده‌وێت و چۆن ده‌ژی و هه‌ر جۆره‌ ئیلقا کردن و دیکته‌ کردنێک له‌ سه‌ره‌وه‌ و له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه‌وه‌ بێت په‌سه‌ند ناکه‌ن و ئه‌وه‌ خه‌ڵکن که‌ بۆخۆیان له‌ داهاتودا بڕیار ده‌ده‌ن. ئه‌و به‌ ناو دۆسته‌ی کورد که‌ شه‌و و ڕۆژ قسه‌ له‌ دێمۆکڕاسی بۆ داهاتوی ئێران ده‌کات، به‌ڵام که‌ ده‌که‌وێته‌ باری عه‌مه‌لی قه‌زیه‌که‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌ به‌شی کوردستاندا خێرا ده‌که‌وێته‌ په‌له‌ قاژه‌ و ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌ر ده‌که‌وێت و ناوبراو له‌و کۆڕه‌دا که‌ وه‌ک میوان به‌شدار بووه‌ و ده‌بو ڕێز له‌ به‌شدار بووان بگرێت به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌م سه‌ره‌تاییترین باس و خواستیی دێمۆکڕاسییه‌ی پێ ته‌حه‌مول ناکرێت و ناو جه‌رگی ئاگر ده‌گرێت و ده‌ڵێت له‌ هه‌ر شوێنێک باسی جیایی خوازی بکرێت ئه‌و لێی دانانیشێت و هه‌ڵده‌ستێت و به‌و په‌ڕی بێ ڕێزیی‌ به‌ به‌شدار بووان کۆڕه‌که‌ به‌ جێ دێڵێت. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و به‌ڕێزه ئا به‌م شێوه‌ له‌ دێمۆکڕاسی گه‌ییوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ ‌گه‌ڵ ئێران به‌ زمانی خۆش ده‌مێنیته‌وه مافی ژیانت پێ ده‌ده‌م و ئه‌گه‌ر نامێنیته‌وه‌ وه‌ک کۆماری ئیسلامیت لێ ده‌که‌م و به‌ سه‌لیبت ده‌کێشم بۆ ئێمه‌ی کورد زۆر له‌ مێژه‌ ناسراوه‌ و هه‌ر له‌ کاتی یه‌که‌مین دابه‌ش‌کرانی وڵاته‌که‌مان له‌ ساڵی 1514ی زایییه‌وه ئه‌م مڵهوڕی و زۆرداریه‌مان ته‌جروبه‌ کردووه‌ و تا به‌ ئه‌مڕۆش له‌ به‌رانبه‌ریدا به‌رگری و خۆڕاگریمان کردووه‌ و وه‌ک دڵدار ده‌ڵێت، ماوه‌ قه‌ومی کورد زمان، نای شکێنێت تۆپی زه‌مان و به‌ میلیونان کوردستانی باوه‌ڕی قوڵییان به‌م کۆتله‌ شیعره‌ هه‌یه‌ و با نوریزاده‌کانیش هه‌ر به‌ شێوه‌ی ترساندن و تۆقاندن له‌ گه‌ڵمان بجوڵێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ بزانن که‌ ده‌وران و زه‌مه‌ن گۆڕاوه‌ و ئه‌وانیش تا ئه‌به‌د زوڵم و زۆر و سه‌رکوتیان بۆ ناچێته‌ پێش و عاقبه‌ت ئه‌وه‌ ئێمه‌ین که‌ سه‌رده‌که‌وین و چۆک به‌ دیکتاتۆڕی ئه‌وان دێنین و ئوسوله‌ن ئه‌و و ته‌ره‌فدارانیشی ئه‌و سه‌ڵاحیه‌ته‌یان نیه‌ که‌ ده‌خاله‌ت له‌ کار و باری ناوخۆیی ئێمه‌دا بکه‌ن و گه‌لی کوردستانیش زۆر له‌وه‌ وشیارترن که‌ گوێ به‌و تۆره‌ تۆره‌ی ناوبراو و ئه‌مسالی ئه‌و بده‌ن. به‌ڵام وه‌ک وتم ئه‌و ئێرانیه‌ و مافی خۆیه‌تی چۆن ده‌کات ئه‌گه‌ر چی ئه‌و کرده‌وه‌شی له‌و ڕۆژه‌دا بێ ڕێزی به‌ گه‌لی کوردستان و به‌ هه‌مو گیانبه‌ختکردوانی ڕێگای ئازادی و به‌رگری له‌ سی ساڵی ڕابردوی گه‌له‌که‌مانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و شه‌رمه‌ ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆکی یه‌ک له‌ کۆمه‌ڵه‌کان که‌ هه‌ر له‌و کۆڕه‌دا، نوریزاده‌ کردویه‌ به‌ سه‌رۆککۆماری ئێران، و ئه‌وانه‌ی ئیسکۆڕتیان کردبو و هاوکات چه‌نددانه‌ له‌ نوێنه‌رانی حیزبه‌ دێمۆکڕاته‌کانیش به‌ دوا نوریزاده‌دا کۆڕه‌که‌ به‌ جێ دێڵن و پشت له‌ گه‌لی خۆیان و 28ی گه‌لاوێژیش ده‌که‌ن و هه‌ر هه‌مویان ده‌چن دڵداری نوریزاده‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، نه‌کا له‌ لیستی سه‌رۆککۆماری و وزیر و وزرای دواڕۆژی ئێرانی خه‌یاڵی ده‌ریان بهاوێژێت!! به‌ ڕاستی ئه‌م سه‌رۆک و نوێنه‌ری حیزبانه‌ چیان له‌ کورد ده‌وێت، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رایه‌تی و پشتیوانی له‌ فارسان ده‌که‌ن؟ قسه‌ له‌مباره‌وه‌ زۆره‌ و ته‌نیا من به‌م کورته‌یه‌ که‌ باسم کرد ئیکتیفا ده‌که‌م و زیاتری له‌ سه‌ر ناچم با خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره‌ خۆیان وڵامی ئه‌و کرده‌وانه‌ بدۆزنه‌وه‌! ‌ ‌
نمونه‌یه‌کی دیکه‌ باسی فیدڕالیزمه‌ که‌ چوار کاناڵ له‌و پێنج کاناڵه‌ کوردیه‌ ته‌بلیغی بۆ ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش خاڵی موزمێنی ئێرانچیگه‌ری ئه‌و حیزبانه‌یه‌. دیاره‌ من سیسته‌می فیدڕالیم بۆ کورد له‌ چوار چێوه‌ی ئێران قه‌بوڵ نیه‌ و به‌ ته‌واو مانا ڕه‌تی ده‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵام من تاقه‌ که‌سێکم و ته‌نیا یه‌ک ده‌نگم هه‌یه‌ و له‌ سبه‌ی ڕۆژدا ده‌نگی خۆم به‌ فیدڕالیزم ناده‌م و هیوادارم زۆر کوردی دیکه‌ش وه‌ک من بیر بکه‌نه‌وه‌، به‌لام وه‌ک ده‌بینین که‌ ئه‌مڕۆکه‌ حیزبه‌ کوردیه‌کانیش ئه‌م دروشمه‌ واته‌ فیدڕاڵیان بۆ دوا ڕۆژی "ئێران"و ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئه‌و وڵاته‌ به‌ کوردیشه‌وه‌ به‌رز کردۆته‌وه‌ و شه‌و و ڕۆژ له‌ بۆقی ئه‌م که‌ڕه‌نایه ده‌سڕن! ئه‌گه‌ر باری ئینسانی و مافی مرۆڤی قه‌زیه‌که‌ جارێکه‌ له‌ به‌ر چاو نه‌گرین ئه‌وا له‌ باری حوقوقی و قه‌زاییه‌وه‌، ئه‌و باسه‌ باسێکی به‌ ته‌واو مانا مه‌ردوده‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان دروشمی ئازادی و دێمۆکڕاسیان به‌رز کردۆته‌وه‌، که‌واته‌ ئه‌وه ئه‌وان نین که‌ بڕیار له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌ده‌ن، به‌ڵکو له‌ دێمۆکڕاسیدا ئه‌وه‌ خه‌ڵکن که‌ له‌ ڕێفراندۆمێکی ئازاددا ده‌نگ به‌ مانه‌وه‌ له‌ چوار چێوه‌ی ئێراندا ده‌ده‌ن یا خۆ نایده‌ن، ئه‌وجار که‌ ده‌نگیان به‌ مانه‌وه‌ دا دواتر باسی چۆنیه‌تی پێکه‌وه‌ ژیان و چۆنیه‌تی سیسته‌می سیاسی له‌و وڵاته‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌وجار خه‌ڵک نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌ینێرن و هیچکام له‌ حیزبه‌کان بۆیان نیه‌ که‌ خۆیان بکه‌نه‌ خاوه‌نی ئه‌و خه‌ڵکه‌ و سواری مه‌وجه‌که‌ ببن، خۆ ده‌ورانی عه‌شیره‌ به‌ سه‌ر چووه‌ و خۆ ئه‌وانیش به‌ قسه‌ حیزبی سیاسین و نه‌ک حیزبی عه‌شیره‌یی. له‌ ڕوی ئه‌م ئه‌سڵه‌وه‌ هه‌ر جۆره‌ موعامه‌له‌ و موجامه‌له‌یه‌ک له‌سه‌ر گه‌لی کوردستان به‌ بێ پرسی خۆیان مه‌ردود و مه‌منوعه‌ و له‌ باری قه‌زایی و حوقوقییه‌وه‌ بێ ڕه‌بته‌! ئه‌گه‌ر بێینه‌وه‌ سه‌ر باری مافی مرۆڤیشه‌وه‌ هه‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌سڵه‌ و مادام دروشمی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه‌ به‌رز ده‌کرێته‌وه‌، ده‌زانین که‌ کوردیش مرۆڤن و نه‌ تورکی کێوین و نه‌ فارس و نه‌ عه‌ڕه‌بن، به‌ڵکو نه‌ته‌وه‌یه‌کی به‌ ته‌واو مانا جیاوازن به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و کولتور و مێژوو و ئایین و خه‌تی خۆیانه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ر خاکی ئه‌جداده‌کانی خۆیان ده‌ژین و داگیریان نه‌کردووه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ گه‌لانی دیکه‌ن که‌ زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کوردستانیان داگیر کردووه‌ و کوردییان تێیاندا قڕاندووه‌ و گه‌لی خۆیانیان تێدا ته‌پاندووه‌ و ئێستا به‌ هی خۆیانی ده‌زانن و چه‌ند سه‌د ساڵه‌ که‌ کورد له‌و ناوچانه‌ و زۆر ناوچه‌ی دیکه‌ش خاک و زێد و نیشتیمانیان لێ داگیر کراوه‌ و به‌ کۆیله‌کراون و کۆیله‌ ڕاگیراون و ئێستا که‌ باسی مافی مرۆڤ بۆته‌ دروشمی مۆدی سه‌ر زاری هه‌مووان، که‌واته‌ ئه‌م گه‌له‌ش ده‌بێت له‌م به‌خته‌ی که‌ دوای چه‌ند سه‌د ساڵ بۆی هه‌ڵکه‌وتووه‌ که‌ڵک وه‌ربگرێت و خۆی له‌ ده‌ست ئاپاڕتایدی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌میشه ڕزگار بکات. ئه‌مه‌ مافی بێ که‌م و کوڕی ئه‌م گه‌له‌یه‌ و هه‌ر کات گه‌لی کوردستان بۆخۆی توانای خۆبه‌ڕێوه‌ بردن و وڵات به‌ڕێوه بردنی نه‌بو، ئه‌وجار با که‌سانی دیکه‌ بێن وڵاتمان بۆ به‌ڕێوه‌ به‌رن، ئێمه‌ش کۆیله‌یان ده‌بین، به‌ڵام تا ئه‌مه‌ نه‌سه‌لماوه‌، ده‌بێت گه‌لی کوردستان هه‌مو حه‌ول و ته‌قه‌لای خۆی بدات بۆ خۆ به‌ڕێوه‌ بردن و خۆ ئیداره‌ کردن و ئه‌مه ‌مافی له‌ پسان نه‌هاتو و زه‌وت نه‌کراوی ئه‌م گه‌له‌یه‌. که‌واته‌ ئیتر نا بۆ ئاپاڕتایدی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نیشتمانه‌که‌م و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش نا بۆ ئێرانچیگه‌ری بێ سنور و‌ با سنور‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی و تاکه‌ که‌سی، به‌ڵێ بۆ کوردستانیگه‌ری له‌ پێناو نیشتمانه‌که‌م و ئازادی بۆ گه‌ل و وه‌دی هاتنی هه‌مو ئاواته‌ به‌رزه‌کانی گه‌ل و وڵاته‌که‌م!! ‌ ‌‌ ‌



22ی ڕه‌زبه‌ر (ڕه‌زبڕ)ی 2709



[1] پێشتر له‌ سه‌ر ئه‌م نیوه‌ی مانگه‌ وتارم نوسیوه‌ و له‌ ئینتێڕنێتیشدا زۆر زانیاری له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌

۱۳۸۸ مهر ۳, جمعه

دژایه‌تیه‌کانی ئه‌مڕۆی مارکسیزم و لیبڕالیزم چلۆن ده‌بینن؟

مارکسیزم و لیبڕالیزم له‌ بابه‌ت تێئۆریکه‌وه‌ جیاوازیێکی ئه‌وتۆیان پێکه‌وه‌ نیه‌، زیاتر له‌وه‌ی که‌ پێکه‌وه‌ جیاوازییان هه‌‌بێت‌، لێک نیزیک بوونه‌وه‌یان زیاتره‌ و به‌تایبه‌ت له ‌مه‌ڕ مافه‌کانی مرۆڤ و سه‌ربه‌ستییه‌کانی مرۆڤایه‌تی ته‌‌قریبه‌‌ن هاوده‌نگن. سێ جیاوازی سه‌ره‌کی ئه‌م دو تێئۆریایه‌ ئه‌‌مانه‌یه‌ که مارکسی فه‌یله‌سوف باوه‌ڕی به‌ توند و تیژی شۆڕشگێڕی و دیکتاتۆڕی له‌ شێوه‌ی پڕۆلێتاریه‌که‌ی و ژێر پێ نانی خاوه‌ندارێتی که‌سێتیی یا ئازادی تاک بوو، به‌ڵام فه‌یله‌سوفانی لیبڕاڵی به‌ پێچه‌وانه‌ دژی توند و تیژی و دیکتاتۆڕی له‌ هه‌ر شێوه‌ێه‌کی و پشتیوانی سه‌رسه‌ختی سه‌ربه‌ستی تاکن. سه‌یرێکی جیهانی ئه‌مڕۆ بکه‌ن، هه‌مووان و ته‌نانه‌ت مارکسیسته‌کانیش به‌ پێچه‌‌وانه‌ی مارکس قسه‌ له‌ نه‌مانی توند و تیژی و سێداره‌ و ئه‌م شتانه‌ ده‌که‌ن. به‌‌م حیسابه‌ ئه‌مڕۆکه‌ لیبڕالیزم قسه‌ی هه‌موومان ده‌کات! ئه‌یوب ڕه‌حمانی

تقابلهای امروز مارکسیزم و لیبرالیزم را چگونه‌ میبینید؟

مارکسیزم و لیبرالیزم از نظر تئوریک چنان فرقی با هم ندارند، بیشتر از آنکه‌ اختلاف داشته‌ باشند، تشابهاتشان بیشتر است و بخصوص در مورد حقوق انسانها و آزادیهای بشری تقریبا همصدا هستند. سه‌ تفاوت عمده‌ این دو تئوری اینست که مارکس فیلسوف معتقد به‌ قهر انقلابی و دیکتاتوری از نوع پرولیتاری آن و زیر پا گذاشتن مالکیت فردی یا آزادی فرد بود ولی فیلسوفان لیبرالیست در حین رد قهر انقلابی و زد و خورد همچنین مخالف دیکتاتوری از هر نوع آن و مدافع سر سخت آزادیهای فردی هستند. به‌ جهان امروز نگاه‌ کنید، همگی و حتی مارکسیستها بر خلاف مارکس حرف از ممنوعیت زد و خورد و اعدام و اینها میزنند. پس امروز لیبرالیزم حرف همه‌ را میزند! ایوب رحمانی ‌

۱۳۸۸ شهریور ۲۲, یکشنبه

کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی شێخایه‌تی، پێویستی به‌ یه‌کگرتوویی و کاری هاوبه‌شی هه‌مومانه‌!


Ayub Rahmani
rahmayub@yahoo.de
ئه‌گه‌ر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕژیمێک بووایه‌ به‌ لانی که‌می ستانداڕدی حکومه‌ته‌ جێکه‌وتووه‌کانی جیهان، ئه‌وا به‌و هه‌مو قه‌یرانه‌ قوڵ و چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌ ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و دیپلۆماسیانه‌ی که‌ ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌رکاری ڕژیم، له‌گه‌ڵی له‌دایک بوون، ئه‌وا ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ مێژساڵ بوو که‌ کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی هاتبوو و گه‌لانی بنده‌ست و چه‌وساوه‌ی ئێران و له‌وانه‌ گه‌لی ئازادیخوازی کوردستانیش له‌ ده‌ست دواکه‌وتوویی و سه‌رکووتی بێڕه‌حمانه‌ی ئه‌م ڕژیمه ڕزگارییان ده‌هات. به‌ڵام ڕژیم که‌ خۆی کردۆته‌ خاوه‌نی نه‌وت و گازی ئه‌و وڵاته‌ و ته‌نیا به‌ زه‌بری داهاتی ئه‌م زه‌خیره‌ ژێرزه‌وینییانه‌ حکومه‌ت ده‌کات و به‌ سه‌رکوت و گرتن و کوشتن وڵامی خه‌ڵکانی ناڕازی و وه‌زاڵه‌هاتو ده‌داته‌وه‌، سه‌لماندوویه‌تی که‌ ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌ بۆی گرنگ نیه‌، وه‌زعی ئاسایش و ئه‌منیه‌تی دانیشتوانی ئێرانه‌ و ته‌نیا شتێک که‌ بۆی گرنگه‌ و بایه‌خی پێ ده‌دات، مانه‌وه‌ی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و ئه‌ویش به‌ ڕێبه‌رایه‌تی به‌شێک له‌ ڕوحانیه‌تی سه‌ر به‌ دیکتاتۆڕی ئێران عه‌لی خامه‌نه‌یی و هاوکات ده‌سه‌ڵاتی نیزامیی سپای پاسداران و ئیتیڵاعات و ئه‌منیه‌تی ئه‌و ڕژیمه‌یه‌!
به‌ دوا بیست و دوی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ و شانۆی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری، ده‌قیق سێ مانگ پێش ئێستا، که‌ باڵی پاوانخوازی ناو ڕژیم ئه‌و مسقاڵه‌ ڕێفۆرمه‌شی له‌ چوار چێوه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی خۆیدا و له‌ ناو هێزه‌ خۆییه‌کانیدا که‌ زۆربه‌یان له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و ڕژیمه‌ و هاوکار و هاوسه‌نگه‌ری له‌ مێژینه‌ی یه‌کتر بوون، پێ قه‌بوڵ نه‌کرا، کۆدتاێکی زۆر زه‌ق و ناشییانه‌یان وه‌ڕێ خست و ئه‌و تۆزه‌ متمانه‌یه‌ش که‌ له‌ دایره‌ی خۆییه‌کاندا به‌ ڕژیم هه‌بو که‌متر و که‌متر بووه‌وه‌ و ئه‌مڕۆکه‌ ده‌بینین که‌ دایره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆییه‌کان هێند بچوک بۆته‌وه‌ که له‌ کاتی ته‌نفیزی ئه‌حمه‌دینه‌ژاددا ته‌نیا دو تا سێ که‌س له‌ که‌سایه‌تیه‌ گرنگه‌کانی نیزام له‌و ڕۆژه‌دا و بۆ ئه‌و مه‌راسیمه‌ به‌شدار بوون که‌ ئه‌ویش هه‌ر شانۆێکی له‌ پێش ئاماده‌ کراو بوو‌ و له‌ پشت سه‌حنه‌وه‌ زۆر شت له‌ کردندا و ل‌ ئارادا بوو‌ که‌ ئێمه‌ و مانان له‌ پشت شاشه‌ی تلویزیۆنه‌کانه‌وه‌ نایان بینین و ته‌نیا ئه‌و شانۆیه‌ ده‌بینین که‌ مێدیاکانی ڕژیم ده‌رخوارد هه‌موانی ده‌ده‌ن! دیاره‌ ئه‌م کڵاوه‌ی ڕژیم که‌ بۆ سیاسه‌توانان و دژبه‌رانی خۆی و بۆ کۆمه‌ڵانی به‌رینی گه‌لی کوردستانیش له‌ مێژ ساڵ بوو ناسرابو،‌ ئێستا ئیتر بۆ کۆمه‌ڵانی به‌رینی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران به‌ گشتی ده‌رکه‌وتوون و خه‌ڵک هه‌رگیز ئه‌و متمانه‌یان به‌ ڕژیم نه‌ماوه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ساڵی پاریش به‌ ڕژیمیان هه‌بو.
به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین که‌ ڕژیم له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌م کێشه‌ و گرفتانه‌ که‌ توشی بووه‌، هێشتا هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ کوێری و شه‌لی درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌شه‌که‌ی ده‌دات و زاهیره‌ن وا خه‌ریکه‌ وه‌زعه‌که‌ش ئارام ده‌کاته‌وه‌ و زۆربه‌ی چالاکانی سیاسی ئه‌م دواییانه‌ی ناسراو به‌ دۆزی سه‌وزی گرتووه‌ و شانۆی ئیعتیڕافاتی تلویزیۆنی و شانۆی دادگا بێداده‌کانی لێ وه‌ڕێ خستون و وا خه‌ریکه‌ ورده‌ ورده‌ په‌روه‌نده‌ سازی بۆ گرتنی سه‌رانی ڕێفۆرم ده‌کات و هه‌ر ناکا ئه‌وانیش سه‌ریان له‌ به‌ندیخانه‌ و سیاچاڵه‌کاندا ده‌رهێنا و دوای ماوه‌ێه‌کیش ڕه‌نگه‌ شانۆی ئیعتیڕافاتی تلویزیۆنی ئه‌وانیش ببینین و ماوه‌یه‌کیتر په‌شیوانیه‌کانی ئه‌وانیش و تاریف و ته‌مجیده‌کانیان له‌ زیندانوانه‌کان و ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ران و ته‌جاوزگه‌ره‌کانیش ده‌بیستین!!
ئا به‌م وه‌زعه‌ی که‌ پێش هاتووه‌ دیسانه‌وه‌ بۆ هه‌زاران جار بۆمان ده‌رده‌که‌وێت و بۆمان ده‌سه‌لمێت که‌ بۆ ڕژیم هیچ گرنگ نیه‌ که‌ حه‌فتا میلیۆن دانیشتوانی ئێران یه‌که‌ به‌ یه‌که‌ بگرێت و له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان بیانداته‌ به‌ر گولله‌ و بیانکوژێت. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ڕژیمه‌ که‌ له‌ ڕسوا ڕسواتره‌ گرنگه‌ ته‌نیا و ته‌نیا مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ ده‌ست و په‌یوه‌نده‌کانیان ڕه‌نگ بێ ئاماده‌ش بن به‌ نرخی فه‌وتانی خۆیان و کاولترکردنی سه‌د ئه‌وه‌نده‌یتری ئه‌و وڵاته، هێشتا ده‌ست له‌ سه‌رکوت و ده‌سه‌ڵات به‌ر نه‌ده‌ن. ئه‌م ڕژیمه‌ به‌ درێژایی سی ساڵه‌ که‌ فه‌رهه‌نگی خۆ کوژی و دوژمنی نامه‌رئیی و ئه‌م شتانه‌ی خستۆته‌ ناو مێشکی خه‌ڵکه‌وه‌ و‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ له‌ پێش هه‌موکه‌سدا له‌ سه‌ر خۆیان کاریگه‌ری هه‌بووه‌. ئه‌مڕۆژانه‌ دیتمان که‌ ڕژیم به‌ ته‌واوه‌تی که‌وتبووه‌ په‌له‌قاژه‌ و تا حدودی ڕوخانیش چووه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ زاهیر و له‌ حاڵی حازردا خۆی گرته‌وه‌ و به‌ سه‌ر هه‌ندێک له‌ کێشه‌کاندا سه‌رکه‌وت و ئه‌م ده‌سکه‌وته‌شی ته‌نیا به‌ سه‌رکوت و له‌وپه‌ڕی بێڕه‌حمیدا به‌ ده‌ست هێنا، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکی کاتیی. کاتێک ئێمه ده‌بینین که‌ ڕژیم له‌ هه‌مو ئه‌هرومێک بۆ مانه‌وه‌ی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت وانه‌ وه‌ربگرین که‌ ئێمه‌ش وه‌ک چالاکوانان و دژبه‌ران و به‌رهه‌ڵستکارانی ئه‌و ڕژیمه‌ خۆمان یه‌کخه‌ین و ئێمه‌ش یه‌کگرتووانه‌ له‌ هه‌مو ئه‌هرومه‌کانی به‌رده‌ستی خۆمان، دیاره‌ به‌ شێوه‌ی ئوسولی، که‌ڵک وه‌ربگرین. ئێمه‌ به‌رهه‌ڵستکاران ناتوانین له‌ پڕژ و بڵاویدا و هه‌ر که‌سه‌ و بۆخۆی له‌ دژی ڕژیم سه‌رکه‌وتو بین، به‌ڵکو به‌ دور له‌وه‌ی که‌ چ بیر و باوه‌ڕێکمان هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ چ حیزبێکین یا خۆ بێلایه‌ن و بێ حیزبین، ده‌بێت ئه‌هرومه‌کانمان یه‌کخه‌ین، بیر و ڕا بگۆڕینه‌وه‌، له‌ هه‌مو که‌س که‌ڵک وه‌رگرین. بێ شک ته‌نیا به‌م جۆره‌ ده‌توانین به‌ سه‌ر ئه‌و ڕژیمه‌ هاره‌دا سه‌ربکه‌وین. ئه‌مڕۆکه‌ ڕۆژی یه‌کبوون و یه‌کده‌نگییه‌، به‌ هێزی سیاسیمان، به‌ هێزی نیزامیمان، به‌ هێزی مێدییایی و ته‌بلیغاتیمان، به‌ هێزی ئینسانیمان، به‌ هێزی هونه‌ریمان، به‌ هێزی ئه‌ده‌بیمان، به‌ هێزی ئابوریمان، به‌ هێزی دیپلۆماسیمان و خولاسه‌ به‌ هه‌مو هێز و توانامان ده‌توانین ڕوخانی ئه‌و ڕژیمه‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوتگه‌ر و نا ئاسایی و نا شه‌رعییه‌ خێراتر بکه‌ینه‌وه‌. به‌ یه‌کبونمان ده‌توانین سه‌رکه‌وتن مسوه‌گه‌ر بکه‌ین، و ئه‌مه‌ ڕه‌مزی سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی و کۆتایی هێنان به‌ دیکتاتۆڕی ئیسلامی و سه‌قامگیر کردنی ئازادی و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤه‌. هاوکات یه‌کگرتنی ئه‌مڕۆمان، کارئاسانی ده‌کات بۆ دروست کردنی ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتوو و به‌ هێزی داهاتو و ئه‌مه‌ش ڕه‌مزی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیمانه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ ده‌ست داگیرکاری زێد و وڵات و فه‌رهه‌نگ و ئاو و خاک و نیشتمانمان. هه‌مو مرۆڤێک سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی که‌ خۆی چاره‌نووسی خۆی به‌‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێت و ئه‌مه‌ش له‌ توێی ڕێفڕاندۆمێکی ئازاد و سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆدا به‌ دی دێت و ئێمه‌ پێویسته‌ هه‌ر له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ڕێگا بۆ ڕێفڕاندۆمێک و ڕاپرسیێکی گشتی له‌ گه‌لی کوردستان خۆش بکه‌ین و ته‌نیا گه‌لی کوردستان ده‌بێت بڕیار بدات که‌ له‌ داهاتودا ئێرانی ده‌مێنێته‌وه‌ یا خۆ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ پێک دێنێت. ئه‌مه‌ مافی له‌ پسان نه‌هاتوی ئێمه‌یه‌ و حاشالێنه‌کراوه. ده‌با ئێمه‌ش ئه‌م مافه‌مان باشتر بناسین و هه‌وڵی بۆ بده‌ین.
له‌مه‌ڕ ڕێفڕاندۆم پێشتر وتارم نوسیوه‌ و تکایه‌ بۆ زانیاری زیاتر چاوێک به‌ وتاره‌ پێشووه‌کانمدا بخشێنن!

به‌ ئاواتی یه‌کگرتن و پشت به‌ یه‌ک به‌ستن و ڕوخانی هه‌ر چی خێراتری نیزامی شێخایه‌تی له‌ ئێران و دامه‌زرانی سیستمێکی ئازاد و دێمۆکڕات و سێکولار و سه‌ربه‌خۆ ((لیبڕاڵ دێمۆکڕات)) له‌ وڵاتی دایکی نیشتیمان واته‌ کوردستان! ‌سه‌رکه‌وێ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان!


22ی خه‌رمانانی 2709

۱۳۸۸ شهریور ۱۳, جمعه

خولیاکانی پێشمه‌رگه‌‌ێه‌ک!


Ayub Rahmani
rahmayub@yahoo.de
ئه‌م کورته‌ چیرۆکه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک بیره‌وه‌ری و به‌سه‌رهاتی لاوێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، دانیشتوی ئوروپا داندراوه‌!

ڕزگار منداڵێکی کورد بوو له‌ بنه‌ ماڵه‌ێکی نه‌ زۆر هه‌ژار و نه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند. چه‌ند ساڵێک پێش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ دژی نیزامی پاشایه‌تی چاوی به‌ جیهان پشکوت. ته‌مه‌نی منداڵیی پێش قوتابخانه‌ی‌ به‌ بێ گوێدان به‌ کێشه‌ و گرفته‌کانی ده‌ور و به‌ری وه‌ک هه‌مو منداڵیکیتری هاو ته‌مه‌نی خۆی به‌ یاری کردن تێپه‌ڕاند و ئه‌م قۆناخه‌ی پشت سه‌ر خست. لانیکه‌م بۆ ئه‌و، که‌ منداڵێک بوو و ئاگای له‌ چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی ئه‌م جیهانه‌ ئاڵۆزه‌ و هه‌روه‌تر ئاگای له‌ کێشه‌کانی گه‌وره‌ساڵان نه‌بوو، قۆناخێکی بێ شه‌ڕ و کێشه‌ و خۆش و ئارام بوو، ئه‌گه‌ر چی که‌مێک هه‌ژاری بنه‌ماڵه‌ و زستانی سارد و بێ سۆبای ئه‌و ساڵه‌ی که‌ له‌ ماڵی دایه‌ پیاره‌ی ده‌رکرابون و به‌ ناچار له‌ خانووه‌ ته‌ڕ و تازه دروستکراوه‌که‌ی قه‌راغ شار ده‌ژییان و سه‌رمای ئه‌و زستانه‌ و قوڕه‌ چڵپه‌که‌ی ئه‌و ساڵه‌ نه‌گبه‌ته‌ی هه‌رگیز له‌ بیر ناچێته‌وه‌ و سه‌رمای ئه‌و ساڵه‌ ئێستاش له‌ له‌شیدا ماوه‌، به‌ڵام وه‌ک وترا سرجه‌م بۆ ئه‌م قۆناخێکی بێ کێشه‌ بوو! ئه‌وکات هێشتا شۆڕشی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران ده‌ستی پێ نه‌کردبو، هه‌ر خۆیشی ڕوداوه‌کانی ئه‌و ده‌ورانه‌ی به‌ وردی له‌ بیر نه‌ماوه‌، مه‌گه‌ر ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی که‌ له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ دواتر له‌ دایک و باوکی و که‌سانیی دیکه‌ی گه‌وره‌تر له‌ خۆیه‌وه‌ی بیستبوونیه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ بۆیان باس کردبو که‌ له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵێکی زۆر عه‌جول و ده‌ست بزێو بووه‌‌. له‌مه‌ڕ ئه‌و قۆناخه‌ی ژیانی شتێکی ئه‌وتۆی شایانی گێڕانه‌وه‌ی بۆ باس کردن نیه‌! ئه‌وجار قۆناخێکی تر له‌ ژیانی ده‌ستپێکرد و بۆ ئه‌و که‌ ئێستا ئیتر تۆزێک زیاتر له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی گه‌ییبو و سه‌ره‌تای چون بۆ قوتابخانه‌ی بو، دنیاێکی تازه‌ و ته‌جروبه‌ێکی سه‌ره‌تایی نوێ بو. ناردییان بۆ پۆلی یه‌که‌م له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی شار که‌ له‌ نیزیک ماڵی خۆیان بو. ڕوداوه‌کانی ساڵی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی ئه‌و سه‌رده‌مه‌شی له‌ بیر نه‌ماوه‌، ته‌نیا ناو و شێوه‌ی مامۆستاکه‌ی و یه‌ک و دووان بیره‌وه‌ری خۆشی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بێت. به‌ ناشوکری نه‌بێت کوا ڕوداوی خۆش له‌ کوردستان، چ ئه‌و کات و چ دواتریش؟ وڵاتێکی ژێر ده‌سته‌ی دیلکراو خۆی چی و بیره‌وه‌ریه‌ خۆشه‌کانی چی؟ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ له‌ بیره‌وه‌ریه‌کاندا بازنه‌ی گه‌رمی ناو بنه‌ماڵه‌ و خۆشه‌ویستی دایک و باوکی زه‌حمه‌تکێش و ده‌ر و دراوسێ و هاوپشتی و یه‌کیه‌تی به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگا له‌ گه‌ڵ یه‌کتر و له‌ دژی داگیرکه‌ر و به‌ تایبه‌ت له‌ کاتی گیانبه‌ختکردنی ڕۆڵه‌ێکی کوردستاندا. ئه‌مانه‌ن بیره‌وه‌ریه‌ خۆشه‌کان، زۆربه‌یان ڕه‌نگ و بۆنی سیاسییان لێوه‌ دێت. ئاخر داگیرکه‌ران سیاسه‌تیان ئاوێته‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌م گه‌له‌ کردووه‌‌ و سیاسه‌ت له‌ کۆڵییان نابێته‌وه‌! ئه‌ڵبه‌ت خراپ نیه‌ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاێک سیاسی بار بێت، به‌ڵام سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌ خوازانه‌ و پێشکه‌وتو و نه‌ک وه‌ڕێز کردنی کۆمه‌ڵگا له‌ هه‌مو داب و نه‌ریته‌ کۆنه‌کانی خۆی و دور خستنه‌وه‌ی له‌ زمانی زگماکی و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بییاته‌که‌ی خۆی! جار و باریش که‌ سه‌رکه‌‌وتنه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕێکدا له‌ ڕادیۆکانه‌وه‌ ده‌بیسترا، ده‌بووه‌ بیره‌وه‌ری خۆش، ئه‌مه‌یان به‌ڵام له‌و کاتانه‌ی که‌ ئه‌و منداڵ بوو، هێشتا ڕوویان نه‌دابو. دیاره‌ زۆر پێش له‌ له‌دایک بوونی ئه‌و کوردستان خاوه‌نی پێشمه‌رگه‌ی خۆی بووه‌، به‌ڵام ته‌مه‌نی ڕزگار ناگاته‌‌ ئه‌و ده‌ورانه‌ و یا با بڵێین هێشتا ئه‌وکات چاوی به‌ ژیان هه‌ڵنه‌هاتبو. بۆیه‌ ئه‌م بیره‌وه‌ریه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناخی پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران و گه‌لی کوردستان. بیره‌وه‌ریه‌ ناخۆشه‌کانیش که‌ زۆرو بۆرن و ده‌کرێت بڵێین که‌ هۆکاره‌کانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دیل بوونی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ و هیند زۆرن که‌ له‌ ئه‌ژمار نایه‌ن، ئاخر پیاو نازانێت له‌ کوێوه‌ و له‌ کام سه‌ره‌وه‌ باس له‌و بیره‌وه‌ریه‌ تاڵانه‌ بکات؟! جا هه‌ر پێویستیش به‌ گێڕانه‌وه‌یان ناکات، بۆ ئه‌وه‌ی کورد نیه‌ که‌ بیره‌وه‌ری تاڵی به‌ هۆی دیلی و بنده‌سته‌یی نه‌بێت! لێ گه‌ڕێ و باسی بیره‌وه‌ری خۆشمان بۆ بکه‌، دڵمان هێنده‌یتر ته‌نگ مه‌که‌!‌ وه‌ک بیره‌وه‌ری خۆشی کاتی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی که‌ له‌ بیری مابێت، یه‌کییان ئه‌وه‌ بوو‌ که‌ سه‌ر له‌ به‌یانیان شیرینی ته‌ڕ و ویشک و میوه‌ و پسته‌ و شیر و ئه‌مانه‌یان له‌ قوتابخانه‌ بۆ منداڵان ده‌هێنان و ئه‌میش وه‌ک هه‌مو منداڵه‌کانی تر زۆری حه‌ز لێیان بوو، هه‌موی وه‌رده‌گرت و ئه‌وه‌نده‌ی توانیبای ده‌یخوارد! له‌ کاتی ده‌سه‌ڵاتی نیزامی پاشایه‌تی په‌هله‌وی له‌ ئێراندا و له‌و سه‌رده‌مه‌ی پێش شۆڕشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی گه‌لانی ئێران، که‌ زلهێزه‌کان دایانه‌ ده‌ست مه‌لاوه‌، نه‌ ته‌نیا خوێندن بۆ منداڵان به‌ خۆڕایی بوو، به‌ڵکو به‌یانییان هه‌ندێک خوارده‌مه‌نی ته‌قویه‌تییشیان به‌ منداڵان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌م باڵا بگرن و هه‌میش به‌ تێری فێری وانه‌کان ببنه‌وه‌. خوا ماڵی شا ئاوه‌دان کا، که‌ نه‌یکرد، هه‌م ده‌یبرد و هه‌م ده‌یدا، خۆ ئه‌مییان به‌س ده‌یبات و هیچ نادات، مه‌گه‌ر جاش و باش بیت! ئه‌مه‌ هه‌مو بیره‌وه‌ریه‌ خۆشه‌کانی ئه‌و کاتییه‌تی و هه‌ندێک ورده‌ شتی بچکۆله‌ی تریش. بۆ نمونه‌ گاڵته‌ و گه‌فه‌کانی له‌گه‌ڵ چه‌ند دانه‌ێک له‌ منداڵه‌ هاو که‌لاسییه‌کانی خۆی که‌ دواتر له‌ گه‌ڵ زۆریان تا کاتی گرتنی دیپلۆم جار و بار پێکه‌وه‌ ده‌که‌وتنه‌ یه‌ک که‌لاسه‌وه‌، هه‌ندێک له‌مانه‌ی ئێستاش له‌ بیر ماوه‌ و له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵێکییان ئێستاش دۆسته‌، به‌س چی بکات لێیان دوره‌!‌ ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری ناخۆشیشه‌ هێنده‌ زۆرن که‌ له‌ گێرانه‌وه‌یان په‌ڕتوکه‌کان پێک دێن و لام وا نیه‌ که‌سیش بیانخوێنێته‌وه‌، ئاخر خوێندنه‌وه‌ و گوێ ڕایه‌ڵ کردن بۆ بیره‌وه‌ری ناخۆش، مێشکی مرۆڤ تێک ده‌دات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر په‌ڕتوکیشیان لێ بنوسرێت، ڕه‌نگه‌ به‌ زایه‌ بچێت! دیاره‌ له‌ درێژه‌دا هه‌ندێکیان به‌ کورتی ده‌خرێنه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران!
شۆڕشی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران ده‌ستی پێکرد و ڕۆژانه‌ هه‌را و هوریای سیاسی هه‌مو شوێنێکی داگیر کردبو. ماوه‌ێک بوو ته‌قه‌ و لێکدان و سوتاندن و دوکه‌ڵ له‌ هه‌مو شوێنێک ده‌بیستران و ده‌بیندران. شاره‌کان پڕ ببون له‌ خه‌ڵکانی گوند و ده‌یان وت "ئێمه‌ خه‌ڵکی دێهاتین، بۆ تێڵانی شا هاتین"! ئه‌وجار له‌ ڕقی شا خه‌ڵکی گوند و شار پێکه‌وه‌ یه‌کییان گرتبو و ده‌یانوت " تاج و ته‌ختی ئه‌م زۆڵه‌، وردی که‌ن وه‌ک پڕپۆڵه‌" بۆیه‌ که‌وتنه‌ خۆ و ته‌له‌فون و ته‌لگرافخانه‌کان و کارخانه‌ی به‌رق و پادگانه‌کان و هه‌ر هه‌مویان تاڵان کردن و ئه‌وه‌ی بۆ که‌س نه‌چوبو شکاندییانن و وردییان کردن وه‌ک پڕپۆڵه‌! دیاره‌ له‌ هه‌مو شاره‌کان ئه‌مه‌ وه‌ک یه‌ک نه‌بون، به‌ڵام که‌م تا زۆر وێک چوون هه‌بو. شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئا به‌م ڕادیکاڵی و شۆڕشگێڕیه‌ که‌س نه‌یکردبو! هه‌مو ده‌بو له‌ کورده‌وه‌ فێری شۆڕش ببن! دواتر هه‌مو تێگه‌یشتن که‌ کارخانه‌ی به‌رق و ته‌له‌فونخانه‌ و پۆست و ته‌لگراف کاری به‌ سیاسه‌ت نه‌داوه‌ و نه‌ده‌بو بیشکێنن، ئێستا ده‌بو شه‌وانه‌ به‌ چرا موشی و چراتۆڕی هه‌ڵ که‌ن و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونیش نه‌مابو و ئه‌وجار پاتری ئۆتۆمۆبیل بۆ هه‌ڵکردنی تلویزیۆن ڕه‌ونه‌قی گرتبو و خه‌ڵک کون به‌ کون به‌ شوێنیدا ده‌گه‌ڕان. زۆربه‌ی لاوان ببونه‌ هونه‌رمه‌ند و به‌ سیمه‌ ڕه‌نگیه‌کانی کابلی ته‌له‌فونه‌کان کڵاو و ده‌سبێح و زۆر شتی دیکه‌یان دروست ده‌کرد! که‌سیش گله‌یی له‌ که‌س نه‌بو، چوون هه‌مو پێکه‌وه‌ یه‌کگرتووانه‌ شکاندبوویانن! ئه‌و قۆناخوش تێپه‌ڕی و هه‌ندێک هه‌ڵپه‌ی شۆڕش دامرکیه‌وه‌ و‌ ئه‌وجار زۆربه‌ی پیاوان و لاوان ببوون به‌‌ پێشمه‌رگه و ڕێکخستنه‌کان و شۆڕاکان و جه‌معیه‌ته‌کان و هتد له‌ ناو شار و گونده‌کان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حیزبه‌کان دامه‌زران‌. ئه‌وجار قوتابخانه‌کان که‌ به‌ هۆی شۆڕش و ئاڵ و گۆڕی سیاسی داخرابوون، کرانه‌وه‌. ئه‌مجاره‌ به‌ڵام له‌ شیریینیه‌کان هه‌واڵێک نه‌مابو، بڕیار بو‌و دواتر که‌ هه‌مو شوێنێک هادء و ئارام بوه‌وه‌، ئه‌وجار شیرینیش به‌ قوتابییه سه‌ره‌تاییه‌‌کان بده‌نه‌وه‌.‌ ڕۆژێک سه‌رله‌به‌یانی که‌ له‌ پۆلی دووهه‌می سه‌ره‌تاییدا بوو، مامۆستا‌ ده‌چێته‌ ژوری خوێندنگا و هه‌ر سه‌ره‌تای بیسمیللا به‌ منداڵه‌کان ده‌ڵێت، منداڵه‌کان، کتێبه‌کانتان ده‌ر بێنن و هه‌موتان لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کتێبه‌کانتان بکه‌نه‌وه. که‌ هه‌مو ئاماده‌ بوون، مامۆستاکه‌یان که‌ کورد بوو پێی وتن، ئه‌و وێنانه‌ی شا و کوڕی شا‌ (وه‌لیعه‌هد) و فه‌ڕه‌ح و وێنه‌ی هه‌مو ئه‌و بنه‌ماڵه‌ له‌ کتێبه‌کانتان بکه‌نه‌وه و بیدڕێنن.‌‌ منداڵی هه‌شت ساڵه‌ نازانێت که‌ بۆ ده‌بێت ئه‌و وێنانه‌ که‌ تا ماوه‌ێک پێشتر مامۆستاکه‌ به‌ سه‌ر و شاخیاندا هه‌ڵیده‌کوت و شیعری بۆ ده‌خوێندن و باڵی بۆ دروست کردبوون و هێند به‌ جوانی به‌و منداڵانه‌ی ناساندبون که‌ هه‌مویان خۆشیان ده‌ویستن، ئه‌مڕۆ بیدڕێنن! بۆچی ده‌بو له‌ پێشدا خۆشیان بوێت و ئه‌مڕۆ نابێت خۆشیان بوێت؟! سیاسه‌ت لێره‌وه‌ تاریف ده‌کرێت، سیاسه‌ت یانی ئه‌مه‌، یانی هونه‌ری ئاڵ و گۆڕی فیکری به‌ شه‌رتی تێدا بوونی به‌رژه‌وه‌ندی! ئه‌مڕۆ شتێک ده‌ڵه‌یت، سبه‌ی شتێکی دیکه‌ و له‌ خڕی به‌ ده‌وری خۆیدا ده‌گه‌ڕێت و هه‌روا ده‌ڕوات و ده‌گۆڕێت تا له‌ چه‌ند ساڵانێکدا ئه‌م ده‌ور و خوله‌ هێند گۆڕاوه‌ که‌ جێگای حیزبی ڕاست و چه‌پ و ئایینی پێکه‌وه‌ گۆڕاونه‌ته‌وه‌ و ڕاست چه‌پ ده‌ڵێت و چه‌پ ڕاست ده‌ڵێت و ئایینی له‌ هه‌ردووکیان ده‌ڵێت!‌! دیاره‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ که‌ به‌ سیاسه‌ت وه‌دی دێت، ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌ که‌سێک بێت یا حیزبێک یا خۆ نه‌ته‌وه‌ێک. که‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ بگۆڕدرێت نه‌ ته‌نیا خراپ نیه‌ به‌ڵکو زۆر پێویستیشه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌یتر که‌ بۆ تاکه‌ که‌س و بۆ حیزبێکن، نه‌ته‌وه‌ێک لاواز ده‌که‌ن! که‌ هه‌مو خه‌ریکی دڕاندنی ئه‌و وێنانه‌ له‌ کتێبه‌کانیان بوون و سه‌ریان به‌ دڕاندنه‌وه‌ نابووه‌وه‌، ماموستا وتی منداڵه‌کان ده‌زانن بۆ ئه‌م وێنانه‌ له‌ کتێبه‌کانمان ده‌که‌ینه‌وه‌؟ منداڵ هه‌مو پێکه‌وه‌ هه‌ر به‌و شێوه‌ی که‌ له‌ کاتی فێربوونی ده‌نگه‌کان به‌ دوا مامۆستادا دووپاتی ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌مو هاواریان کرد، ناااااا نازانم! ئه‌وجار مامۆستاش که‌ ماتڵی ئه‌و وڵامه‌ بوو، ده‌بوو به‌ زمانێکی ساکار و منداڵانه‌ تێیان گه‌ێنێت که‌ بۆ؟ ئه‌وجار پێی وتن، منداڵه‌کان، شا پیاوێکی خراپ بوو، ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ زۆر خراپ بوو، خه‌ڵکی ده‌کوشت، کوردی ده‌کوشت، کورده‌کانیان ده‌خسته‌ ناو به‌ندیخانه‌ و لێیان ده‌دان، ئیتر خه‌ڵک تووڕه‌ بوون و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و وتییان ئێمه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌مان ناوێت و ڕێپێوانیان ‌کرد، تا شا ناچار بوو به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕا بکات‌ و ئێستاش ده‌وڵه‌تی شا ڕوخاوه‌ و ئه‌و ڕژیمه‌ "فاسیده"‌ له‌ سه‌ر کار نه‌ماوه‌ و ئیتر‌ ئێمه‌ش ده‌وڵه‌تی خۆمان‌ داده‌مه‌زرێنین، ئیتر پێشمه‌رگه‌ له‌ کوردستان ده‌وڵه‌ت به‌ ڕێوه‌ ئه‌بات! منداڵه‌کان که‌ ئه‌مانه‌یان ده‌بیست به‌و ته‌مه‌نه‌ چکۆله‌ی خۆیانه‌وه‌ که‌یفیان پێی ساز و خۆش ده‌بو، ڕه‌نگه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بووبێت که‌ هه‌م پێشمه‌رگه‌یان له‌ ناو شار و له‌ ماڵی خۆیان و له‌ هه‌مو کوێ ده‌دی که‌ وه‌ک خۆیان جل و به‌رگی کوردییان له‌ به‌ردایه‌ و‌ به‌ کوردی ده‌دوێن و کڵاو و جامانه‌یان به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ و له‌ هه‌مو گرنگتر چه‌کییان پێیه‌ و له‌ ماڵیشه‌وه‌ باوکیان و برا گه‌وره‌کانیان بوبون به‌ پێشمه‌رگه‌ و چه‌کییان له‌ ماڵه‌وه‌ بوو و هه‌میش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مامۆستا به‌ تامو و چێژ و حه‌ماسیه‌وه‌ ئه‌م شتانه‌ی ده‌وت. مامۆستاش خۆی هه‌یبه‌تێکی هه‌بو له‌ لای منداڵه‌کان و هه‌ر چی بووتایه‌ جێگای باوه‌ڕ بوو و ڕێگاێکی دیکه‌ش نه‌بو. منداڵێک به‌و ته‌مه‌نه‌ که‌مه‌وه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ وه‌زعه‌که‌ بکات و له‌ ئاکامدا هه‌ر چی مامۆستا ده‌یفه‌رمو هه‌ر ئه‌وه‌ بوو. خانم مامۆستاش که‌ زۆر جار دامه‌نێکی کورتی تا ئه‌ژنۆی له‌ پێ ده‌کرد و قه‌ڵه‌و و سپی بوو و لانیکه‌م له به‌ر چاوی منداڵه‌کاندا باڵای زۆر به‌رز بوو هێنده‌یتر ڕه‌زای شیرین بووبو. دوای ماوه‌ێکی کورت ناوی قوتابخانه‌که‌ش گۆڕدرا و له‌ په‌هله‌وه‌یه‌وه‌ کردیان‌ به‌ قازی محه‌مه‌د و ئه‌مه‌ش بۆ منداڵه‌کان مه‌علووم نه‌بو بۆچی، به‌ڵام ده‌یانزانی که‌ زۆر شت له‌ گۆڕاندایه‌ و ته‌قریبه‌ن هه‌مو ئاڵ و گۆڕێکییان له‌م سه‌رده‌مه‌دا لا خۆش و شیرین بوو و ئه‌م ئاڵ و گۆڕه‌شیان، واته‌ گۆڕانی ناوی خوێندنگا، لا له‌ دڵ نیزیک بوو، بێ ئه‌وه‌ی بزانن قازی محه‌مه‌د کێیه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ خۆڕا خۆشیان ده‌ویست! ڕۆژی دواتر که‌ چونه‌وه‌ قوتابخانه‌، ڕزگار زۆر به‌ په‌له‌ بوو که‌ مامۆستا بێته‌ ژور و پرسیاری لێ بکات و بزانێت قازی محه‌مه‌د کێیه‌؟ هه‌ر که‌ مامۆستا ده‌چێته‌ ژوری وانه‌ وتنه‌وه‌، هاوکات که‌ هه‌مو پێکه‌وه‌ له‌ به‌ر مامۆستا هه‌ڵده‌ستن و سڵاو ده‌که‌ن، ئه‌و له‌ گه‌ڵ هه‌ستان له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ی ده‌ستیشی به‌رز کردۆته‌وه‌ و قامکی ئیشاره‌ی درێژ کردووه‌ و له‌‌ گه‌ڵ ئه‌وانیتر دانانیشێته‌وه‌ به‌ڵکو به‌و ده‌نگه‌ منداڵانه‌یه‌ی ده‌پرسێت، خانم مه‌علیم ئیجازه‌‌؟ مامۆستا سه‌یرێکی ده‌کات و ده‌بینێت شاگردی مێزی ناوه‌ڕاست له‌ پێشه‌وه‌ که‌ سه‌ری به‌ زه‌حمه‌ت له‌ پشت مێزه‌که‌وه‌ دیاره‌ شتێکی بۆ وتن هه‌یه‌! به‌ڵام پێی وا نییه‌ پرسیاری لێ ده‌کات، واده‌زانێت هه‌ر سه‌ره‌تای بیسمیللا کاری ئاوه‌ده‌ستی هه‌یه‌ و پێش ئه‌وه‌ی قسه‌که‌ی بکات، پێی ده‌ڵێت خێرا بڕۆ و زو وه‌ره‌وه‌ ده‌ی. ئه‌وجار ڕو له‌ منداڵه‌کان پێیان ده‌ڵێت، منداڵه‌ خۆشه‌ویسته‌کان هه‌میشه‌ پێش ئه‌وه‌ی بێنه‌ سه‌ر که‌لاس، بڕۆن کاره‌کانی ده‌ست به‌ ئاوتان بکه‌ن! ڕزگار له‌ جێگای خۆی نه‌بزواوه‌ و دوپاتی ده‌کاته‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ ده‌پرسێت، خانم مه‌علیم ئیجازه‌‌؟ مامۆستا لێی ده‌چێته‌ پێش و ئه‌وجار ده‌زانێت که‌ شتێکی بۆ وتن پێیه‌ و ئه‌ڵێ، ده‌ی زوکه‌ ئه‌ڵه‌ی چی؟ ئه‌ویش پرسیاره‌که‌ی به‌ شه‌رمه‌وه‌ و به‌ په‌له‌ ده‌کات و خێرا داده‌نیشێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌کێک به‌ زۆر ئه‌و پرسیاره‌ی پێ بکات! به‌ په‌له‌ و بێ ئه‌وه‌ی چاو له‌ مامۆستاکه‌ی بکات، سه‌ری داده‌خات و به‌ شه‌رمه‌وه‌ و به‌ ئیعتیماد به‌ نه‌فسێکی که‌مه‌وه‌ ده‌پرسێت، خانم مه‌علیم قازی محه‌مه‌د کێیه‌؟ مامۆستا پێی سه‌یر ده‌بێت که‌ ئه‌و منداڵه‌ شه‌رمنه‌ وه‌ها پرسیارێک بکات! بۆیه‌ خێرا له‌ مێشکی خۆیدا ده‌یهێنێت و ده‌یبات و هه‌وڵ ده‌دات له‌ ساکارترین زمان که‌ڵک وه‌رگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی وڵامی پرسیاره‌که‌ی بداته‌وه‌. ئه‌وجار به‌ هێمنی ڕوی تێداکات و پێی ده‌ڵێت ئافه‌رین بۆ ئه‌و پرسیاره‌ کوڕه‌که‌م، ئه‌وجار ڕو له‌ هه‌مو منداڵه‌کان ده‌ڵێت، منداڵه‌کان هه‌موتان حه‌ز‌ ئه‌که‌ن بزانن قازی محه‌مه‌د کێیه‌؟ منداڵ هه‌مو یه‌کده‌نگ هه‌ر که‌س له‌ جێگای خۆیه‌وه‌ هوار ئه‌کات، به‌ڵێ حه‌ز ئه‌که‌م! ئه‌وجار مامۆستا ده‌ست پێ ده‌کات و ده‌ڵێ، منداڵه‌کان، ئێمه‌ کوردین، خه‌ڵکی کوردستانین، کوردستان وڵاتی ئێمه‌یه‌، په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌ستی پێکرد....! مامۆستا هه‌ست ده‌کات منداڵه‌کان سه‌ریان ته‌قه‌ی دێت و لێی تێ ناگه‌ن، بۆیه‌ شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ی ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێت، کوردستان وڵات و ماڵی هه‌مومانه‌ و ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی ماڵه‌که‌مانی لێ سه‌ندبووینه‌وه‌، ....، خه‌ڵکی کورد بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ و ‌قازی محه‌مه‌دیش پیاوێکی لێزان و زیره‌ک و ئازای کورد بوو و پێشمه‌رگه‌کان کردییان به‌ پێشه‌وای خۆیان و ده‌وڵه‌تی کوردستانیان دروست کرد و ماڵی کوردییان له‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌ستانده‌وه‌‌. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت قازی محه‌مه‌دی گرت و ئیعدامییان کرد. چونکو له‌ سه‌ر کوردستان کوژرا، شه‌هید بووه‌ و هه‌مومان خۆشمان ده‌وێت و هه‌ر بۆیه‌ ناوی قوتابخانه‌که‌مان کرد به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناوی هه‌میشه‌ زیندو بمێنێت...!

مێرمنداڵیه‌که‌ی ئاوێته‌ی وشه‌گه‌لی وه‌ک پێشمه‌رگه‌ و ئازادی و زمانی کوردی و قازی محه‌مه‌د و وڵات و ملوانکه‌ی شین و ئه‌مانه‌ بوو و سرود و گۆرانیه‌ کوردیه‌کانی وه‌ک "ئا به‌ وێنه‌ی ئازادی..." و "کوردستان وڵاتی ڕه‌نگینم" و "ئه‌ی ڕه‌قیب" و "دایه‌ گیان مه‌گری" و زۆری دیکه‌ جێگای سروده‌ فارسیه‌کانی وه‌ک" به‌ به‌ چه‌ خروسی، چه‌ حیوان ملوسی، ببین بال و پرش را، ببین تاج سرش را، خروس وقت ازانه، ازان گفتن ثوابه‌، برو شکر خدا کن، شاهنشاه‌ را دعا کن" یان گرته‌وه‌ و ئیتر که‌س به‌ فارسی نه‌ده‌دوا. یاری ڕۆژانه‌شی له‌ گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ک و هاوته‌مه‌نی خۆی به‌ قاپوڕه‌ فیشه‌ک و گولله‌ تۆپ و له‌م بابه‌تانه‌ بون.
له‌ تارانیش ڕژیمێکی ئیسلامی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی خومه‌ینی هاتبوه‌ سه‌ر کار و به‌ڵێنی دابو که‌ وه‌زعی هه‌مو گه‌لانی بنده‌ستی ئێران و به‌ وته‌ی خۆی وه‌زعی "ئومه‌تی ئیسلامی" چه‌ند قات له‌وه‌ی کاتی شا باشتر ده‌کات و مه‌عنه‌وییاتییان ده‌باته‌ سه‌ره‌وه‌ و به‌لۆعه‌ی نه‌وت به‌ خۆڕایی دێنێته‌ به‌ر ده‌رگای هه‌مو ماڵێک و ئاوو و به‌رق ده‌کرێنه‌ خۆڕایی و هتد! زۆری نه‌کێشا که‌ شه‌ڕی به‌رگری پێشمه‌رگه و ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌ستی پێکرد و ڕۆژانه‌ هێلیکۆپته‌ر به‌ سه‌ر شاره‌وه‌ ته‌قه‌ی له‌ خه‌ڵک ده‌کرد و له‌ پادگانه‌وه‌ ناو شاریان ده‌دایه‌ به‌ر تۆپ و هاوه‌ن و ڕاکه‌ ڕاکه‌ و خۆ حه‌شاردان و ئاواره‌یی و ترس و دڵه‌ڕاوکه‌ بون به‌ کاری شه‌و و ڕۆژانه‌ و هاواری دایکان و به‌ خه‌مه‌وه‌ بوونی باوکان بۆ پاراستنی ماڵ و منداڵ سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگای گرتبووه‌وه‌ و ناوی مرۆڤ کوژان و جه‌لادانیی وه‌ک خومه‌ینی و خاڵخاڵی و چه‌مران و پاسدار و جاش بوونه‌ وشه‌گه‌لی زاڵ و ترسناک و که‌وتنه‌ سه‌ر زاری گه‌وره‌ و چکۆله‌ و ته‌نانه‌ت منداڵیش له‌ بیستنی ئه‌و ناوانه‌ ترسیان لێ ده‌نیشت! باسی ئیعدام و تیربارانی ڕۆڵه‌ی کورد به‌ ده‌ست خاڵخاڵی و چه‌مران و ئه‌مانه‌وه‌ بون به‌ وته‌ی ڕۆژانه‌ و به‌ر پادگانه‌کان دایمه‌ پڕ بون له‌ که‌س و کاری گیراوان بۆ تکا و ڕه‌جا کردن بۆ به‌ردانی ڕۆڵه‌ و باوک و مێرده‌کانیان. زۆر له‌م تکا و ڕه‌جایانه‌ بێ هوده‌ بوون و ئه‌و‌ به‌ند کراوه‌ی به‌ دڵییان نه‌بوویایه ده‌یانکوشت‌! پاش به‌رگری کردنێکی حه‌ماسی و شۆڕشگێڕانه و نابه‌رابه‌ر، شارکانی کوردستان یه‌ک به‌ دوا یه‌ک به‌ خه‌ستی تۆپباران و بۆمباران ده‌کران و ئه‌وجار داگیریان ده‌کردن. پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی که‌متر بکوژرێن، له‌ شاره‌کان نه‌ده‌‌مان و هه‌مویان ڕۆیشتن بۆ ئاواییه‌کان. که‌ شاره‌که‌ی ڕزگاریش که‌وته‌وه‌ ده‌ست عه‌جه‌م و به‌ تۆپ و تانک و فڕۆکه‌ و به‌ هێزێکی دڕنده‌ و بێ ڕه‌حمه‌وه‌ شاره‌که‌یان داگیر کرده‌وه‌، ناوی قوتابخانه‌که‌یان هه‌مدیسان گۆڕییه‌وه‌ و کردییان به‌ "مدرسه‌ توحید"! پاش ماوه‌ێک شه‌ڕی ئێران و ئێراق و سه‌ربازگیری و بۆمباران و تۆپبارانی ئێراقیه‌کانیش به‌م نه‌هامه‌تییانه‌ زیادیان کرد و سه‌رجه‌م نۆ ساڵی ته‌واو و تا کاتی کۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و ئێراق، بۆمباران و تۆپبارانی شاره‌کان درێژه‌یان کێشا و دواتر له‌ کۆتاییه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ نگریسه‌ی به‌ینی فارس و عه‌ڕه‌ب که‌ ئه‌میش وه‌ک زۆربه‌ی شه‌ڕه‌ مێژووییه‌کانی ڕابردوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، له‌ ناو خاکی کوردستاندا کرا،‌ تۆپبارانه‌کان دو سێ قات کرانه‌وه‌ و بۆمبی شیمیایشیان پێ زیاد بوو. ئه‌مانه‌ حاڵ و وه‌زعی ئه‌م گه‌له‌ بێچاره‌یه‌ بون و ده‌سکه‌وتی شۆڕشی ئیسلامی و ده‌ر کردنی شای ئێران و به‌لۆعه‌ی نه‌وت و ئاوو و به‌رق و خوێندنی خۆڕایی و ئه‌مانه‌ بوون به‌ ئێعدامی ڕۆڵه‌ی کورد و خه‌ونی ناخۆش و ڕۆژانه‌ی که‌س و کارییان‌ و له‌ قوتابخانه‌ به‌ جێگای شیرینی و پسته‌ و شیر و ئه‌مانه‌، شه‌ق و زلله‌ی پاسدار و تۆپباران و بۆمبارانی ئێراق و هتد ببوون به‌ خواردنی منداڵانی قوتابخانه‌! هه‌مو ئه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌و هه‌مو شۆڕه‌ سواره‌ کورده‌ی که‌ چه‌کییان کرده‌ شانییان و بۆ پارێزگاری له‌ شه‌ره‌فی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ ڕێگای شاخ و کێوییان گرته‌ به‌ر و ڕۆژانه‌ حه‌ماسه‌یان ده‌خوڵقاند و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ له‌و ڕێگایه‌دا گیانیان فیدای ئازادی و ئه‌و خاک و نیشتمانه‌ کرد، یادیان به‌رز و به‌ڕێز بێت. به‌لۆعه‌ی نه‌وتیش به‌ جێگای به‌ر ده‌رگای ماڵان، هه‌مو ڕاکێشران بۆ ناو گیرفانی مه‌لا و بنیاتنه‌ران و پارێزه‌رانی نیزامی ئیسلامی له‌ ئێران و گیرفانه‌کانی هه‌مو ئه‌و زۆڵه‌ کوردانه‌ش که‌ ئه‌مڕۆکه‌ دروشمی چاکسازییان له‌ ناو ڕژیمدا به‌رز کردۆته‌وه‌ و یه‌کتر له‌ قاو ده‌ده‌ن، هه‌مو ئاخێنران له‌ پوڵی نه‌وت و ئه‌وانیش بۆ ئه‌و پاداشانه‌ چیها ڕۆڵه‌ی کورد که‌ به‌ گرتن و به‌ کوشتییان نه‌‌دان و ئه‌مڕۆکه‌ پاش سی ساڵ باسی کورد بوونی خۆیان ده‌که‌ن! ‌
ته‌مه‌نی لاوی ڕزگار ده‌ستی پێکرد و له‌م قۆناخه‌ی ژیانیدا ئه‌گه‌ر چی لاوێک بو به‌ڵام ته‌جروبه‌ێکی تاڵی له‌ ژیانی دیلی وه‌رگرتبو و زۆرترین شته‌کان که‌ دیبوی، شه‌ڕ و بۆمباران و تۆپباران و ئه‌مانه‌ بون. هه‌ر بۆیه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌یدا‌ ده‌یزانی هه‌ندێک شت به‌وجۆره‌ نین که‌ ده‌بێت وا بن و کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو شتی ناسروشتی ده‌هاتنه‌ به‌ر چاو و نه‌زه‌ری و له‌ بیرێکی قوڵییان ده‌خست. دایمه‌ ده‌بو بیری لێ بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌م جیهانه‌ بچکۆله‌ی ده‌ور و به‌ری ئه‌و بۆ به‌ دڵی ئه‌و نیه‌. کۆڵی زۆر پێوه‌ هه‌ڵده‌گرت و ده‌یکرده‌ دڵی خۆیه‌وه‌ و نه‌یده‌وێرا به‌ ڕاشکاوی باسی بکات، ده‌یزانی باسکردنی هه‌مان و گرتوخانه‌ی ئیتیڵاعات هه‌مان و ڕه‌نگه‌ بیخه‌نه‌ سیاچاڵێک که‌ عه‌ڕه‌ب نێزه‌ی بۆ نه‌خات! هه‌ندێک جار سه‌ره‌نه‌خێکی لای هاوڕێکانی خوێندنگا ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر خێرا تێده‌گه‌یشت که‌ جێگای نیه‌ و هه‌ر خۆشی باسه‌که‌ی ده‌گۆڕی پێش ئه‌وه‌ی هیچ باسێک کرابێته‌وه‌ و ئه‌وانیش بێده‌نگه‌یان لێ ده‌کرد. هاوڕێکانی تێی گه‌ییبون، ئه‌وانیش ده‌یانزانی ئه‌م باسه‌ باسی سه‌ره و ئه‌ویش خولییاێکی له‌ سه‌ردایه‌ و هه‌ر ناکا سه‌ریشی پێوه‌ی تیا چو‌! ئیتر ورده‌ ورده‌ ئه‌م وه‌زعه‌ هیلاکی کردبو و تێگه‌یبو که‌ لێره‌ جێی نابێته‌وه‌ و پاش ئه‌وه‌ی که‌ وازی له‌ خوێندنگا هێنا ده‌بو بچێته‌ خزمه‌توه‌زیفه‌ی سه‌ربازی بۆ حکومه‌تی داگیر که‌ر، ئه‌و حکومه‌ته‌ی که‌ کار و کرده‌وه‌ی ڕابردوی و ئێستاشی له‌ کوردستان له‌ ڕه‌ش ڕه‌شتره‌! ئه‌مه‌ی له‌ هه‌موی پێ ناخۆشتر بو و هه‌ستی به‌ زۆرداریێکی نامۆ و ناعه‌داڵه‌تیێکی به‌رچاو ده‌کرد. ئاخر بۆ ده‌بێت چه‌ک بۆ ڕژیمێک هه‌ڵگرێت که‌ ده‌زانیت له‌ تۆ نیه‌ و تۆش له‌و نیت و زۆر ناخۆشه‌ویسته‌ و نیشتمانه‌که‌ی داگیر کردووی و ڕه‌زای لات هێند قورسه‌ که‌ له‌ ئه‌ژمار نایات؟‌ بۆ ڕزگار وه‌ک ئه‌مه‌ وابوو که‌ چه‌ک له‌ دژی گه‌له‌که‌ی خۆی و خوشک و برا و دایک و باوکی خۆی هه‌ڵگرێت، هه‌ر بۆیه‌ هه‌رگیز نه‌چووه‌ ژێر باری چوون بۆ سه‌ربازی! به‌ڵام دیار بوو که‌ خولیاێک که‌وتبووه‌ مێشکی و ڕۆژانه‌ بیری لێ ده‌کرده‌وه‌. هاوڕێکانی تێی گه‌ییبون و ده‌یانزانی که‌ شوێن خولیاێکی سیاسی که‌وتوه‌ و بیر له‌ پێشمه‌رگایه‌تی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام لای ئه‌وانیش هیچی نه‌ده‌ووت و ئه‌وانیش لێیان نه‌ده‌پرسی یا نه‌یانده‌وێرا له‌و جۆر باس و پرسیارانه‌ی لێ بکه‌ن‌! ئه‌و خولییایه‌ به‌ تایبه‌ت کاتێک زۆرتر له‌ ناخیدا چڕ و پڕتر بووه‌وه‌ که‌ ئیتیلاعات لێی مه‌شکوک بوبون و زانیبویان که‌ سه‌ربازه‌ و خۆی ناونوس نه‌کردووه‌ و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ جارێک گرتبوویان و بازجووییان لێی کردبو و ئه‌ویش واده‌ی دابو که‌ به‌ زووترین کات ناونوسیی ده‌کات بۆ سه‌ربازی و ئه‌وانیش به‌و مه‌رجه‌ به‌رییان دابو.
ده‌یزانی که‌ ده‌بێت واده‌که‌ی به‌رێته‌ سه‌ر و بڕوات ناونوسی بکات بۆ سه‌ربازی، ئه‌گه‌ر وا نه‌کات دوباره‌ سه‌رله‌نوێ ده‌یگرنه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ ئازاری ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و زۆر یه‌کده‌نده‌ بوو و نه‌یده‌توانی ئه‌و کاره‌ بکات و ناوی بۆ سه‌ربازی بنوسێت، ئه‌وه‌ بوو که‌ بڕیاری دا وڵات واته‌ کوردستان به‌ جێ بێڵێت و ببێت به‌ پێشمه‌رگه! کام پێشمه‌رگه‌؟ پێشمه‌رگه‌ی کام حیزب؟ بۆ ئه‌و فه‌رقی نه‌ده‌کرد، بڕواێکی سیاسی یا ئایدیۆلۆژیی تایبه‌تیی نه‌بو، ته‌نیا هه‌ستیی به‌وه‌ کردبوو که‌ مرۆڤێکی ژێر ده‌سته‌یه‌! حه‌زی له‌ چاره‌ی عه‌جه‌م و پاسدار و کۆمیته‌ و ئه‌مانه نه‌ده‌هات، ده‌یزانی که‌ ئه‌و کورده‌ و ئه‌و ڕژیمه‌ش چاره‌ی کوردی ناوێت و ته‌نیا خاکه‌که‌ی ده‌وێت، ده‌یزانی که‌ وڵاته‌که‌ی و نیشتمانه‌که‌ی داگیر و میلیتاریزه‌ کراوه‌، ده‌یزانی زۆر پیر و لاو و ژن و پیاوی کورد ته‌نیا به‌ هۆی کورد بوون له‌ به‌ندیخانه‌ی ئه‌و ڕژیمه‌دان و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش له‌ سێداره‌ ده‌درێن. جار و بار تێده‌فکری که‌ ئایا ئه‌مانه‌ی بۆ ئه‌م گرنگن و خولیای ئه‌ون، ئایا بۆ هاوڕێکانی و هاوته‌مه‌نه‌کانیشی هه‌ر گرنگن و ئایا ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌م بیر ده‌که‌نه‌وه‌؟ که‌م تا زۆر وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌زانی. ده‌یزانی که‌ ئه‌وه‌ی کورد بێت، بێجگه‌ له‌ خۆفڕۆش، ئه‌م هه‌سته‌ نامۆیه‌ی هه‌یه و حه‌زی له‌ چاره‌ی ئه‌و ڕژیمه‌ نییه‌‌، به‌ڵام هه‌مو که‌س ناتوانێت بڕیار بدات که‌ له‌ دژی ئه‌م داگیرکه‌ره‌ نیگریسه‌ چه‌ک هه‌ڵگرێت، ئه‌گه‌ر وا بوویایه‌ و هه‌موکه‌س خولیای ئه‌مییان له‌ دڵ و مێشکدا بوویایه‌، بێ شک هه‌موویان ده‌ستییان ده‌دایه‌ چه‌ک و کوردستانیان بۆ داگیرکه‌ر چۆڵ ده‌کرد و هه‌مو به‌ تێکڕا ده‌بوونه‌ پێشمه‌رگه‌، وه‌ک ئه‌و کاته‌ی شا ڕووخابو و ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا لاو و گه‌وره‌ساڵ بو، پێشمه‌رگه‌ش بوو. هێزی به‌رگری بوو، پیر بوو یا خۆ لاو، دوکاندار بوو یا تاجر، مامۆستا بوو یا کارمه‌ند، به‌ ده‌نگ داوای گه‌له‌که‌یانه‌وه‌ هاتبون و لایان شه‌رم بوو چه‌کیان پێ نه‌بێت. به‌ڵام که‌ کوردستان داگیر کراوه‌، هه‌مو نه‌بونه‌ پێشمه‌رگه‌، لۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو خولیای پێشمه‌رگایه‌تییان نه‌بو. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌کرد که‌ تاقانه‌ بێت و خۆشه‌ویستی ناو گه‌له‌که‌ی بێت. ئاخر ئه‌و، خولیای ژیانێکی ئازاد له‌ وڵاتێکی ئازاد که‌ وڵاتی خۆیه‌تی و داگیر کراوه‌ی بوو. ئه‌و نه‌یده‌توانی وه‌ک زۆر که‌سی دیکه‌ ژێانێک بباته‌ سه‌ر که‌ ژینه‌مه‌رگییه‌! ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌ویش وه‌ک زۆر کوڕ و کچی لاوی دیکه‌ی کوردستان‌ بڕیاره‌که‌ی برده‌ سه‌ر و به‌ ئاواتی خۆی گه‌یشت و ڕۆیشت و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌!

‌فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی بۆ ئه‌و جیهانێکی نوێ و ته‌جروبه‌گه‌لێکی نوێ و شێوه‌ ژیانێکی جیاواز له‌و ژیانه‌ بوو که‌ له‌ ناو شار دیتبوونی. ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ی زۆرتر له‌ کتێب و فیلمه‌ پاڕتیزانیه‌کانی ئوروپای دژی ئاڵمانی نازی له‌ کاتی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی دیتبوو یا خوێندبووه‌وه‌. جیهانێکی به‌ ته‌واوی ئازاد و شوێنی فێر بوون بوو. کاتێکی زۆری له‌ به‌ر ده‌ستدا بوو بۆ په‌ڕتوک خوێندنه‌وه و تاکتیکی نیزامی و وه‌رزش و زۆر کاری دیکه‌‌. له‌ گه‌ڵ لاوانێکی خوێنگه‌رم له‌ هه‌مو شاره‌کانی کوردستان به‌ له‌هجه‌ جیاوازه‌کانی کوردستان بوبو به‌ هاوڕێ. ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ خۆشترین بیره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و کاتانه‌ییه‌تی! له‌ ناو فێرگه‌ به‌ زمانێکی هاوبه‌ش قسه‌ ده‌کرا و هه‌مو له‌ یه‌ک ده‌گه‌یشتن. ئه‌و لاوه‌ سنه‌یی و قوروه‌یی و بیجاڕی و کرماشانی و به‌ گشتیی باشوریانه، دوای ماوه‌ێک به‌ سانایی له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی باکوریان له‌ موکریان و ورمێ و ماکۆ و ئه‌مانه‌ و هه‌مو له‌گه‌ڵ لاوانی ناوه‌ڕاستی کوردستان پێکه‌وه‌ ده‌دوان، بێ ئه‌وه‌ی ناچار بن به‌ زمانی داگیر که‌ر واته‌ فارسی له‌ گه‌ڵ یه‌کتر بدوێن! ‌ئه‌م کێشه‌ هاکه‌زاییه‌ دوای مانگێک تا دومانگ کۆتایی پێ ‌هات و هه‌ندێک جار لاوه‌کان له‌ فێرگه‌ ده‌که‌وتنه‌ نووکته‌ دروست کردن و بۆ پێکه‌نین یارییان به‌ وشه‌کانی یه‌کتر ده‌کرد و هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بووه هۆی فێر بوونی وشه‌کانی یه‌کتر و دروست بوونی متمانه‌ و هاوڕێیه‌تیێکی قوڵتر له‌گه‌ڵ یه‌کتر. به‌ گشتی فێرگه‌ بۆ ئه‌و زانستگاێک بوو.‌ ڕژیمی داگیر که‌ری ئیسلامی عه‌جه‌می ڕێگای پێ نه‌دابوو پاش ته‌واو کردنی خوێندنی دواناوه‌ندی بچێت بۆ زانستگا‌، به‌ڵام فێرگه‌ و پێشمه‌رگایه‌تی بۆ ئه‌و زانستگای زانستی سیاسی و نیزامی بوو، به‌ ئیمکانییاتێکی زۆر که‌متر و له‌ جه‌ووێکی زۆر گه‌رم و هاوڕێیانه‌ و ئازاددا. په‌ڕتوکخانه‌ی فێرگه‌ دایمه‌ پڕ بوو له‌ په‌ڕتوکی که‌م وێنه‌ و باش و به‌ که‌ڵک له‌ هه‌مو بواره‌کاندا. نوێترین په‌ڕتوکه‌‌کان که‌ به‌ زمانی کوردی و فارسی و جار و باریش ئینگلیزی ده‌ر ده‌چون، ده‌هێنرانه‌ په‌ڕتوکخانه‌ و هه‌مووان که‌ڵکییان لێ وه‌رده‌گرتن!
پێشمه‌رگایه‌تی به‌ گشتی بۆ ئه‌و زۆر قازانجی تێدا بوو که‌ له‌ دواڕۆژی ژیانیدا به‌ کاریان بێنێت. که‌ له‌ گه‌ڵ پۆلێک پێشمه‌رگه‌ ده‌چونه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ بۆ ناو خه‌ڵکه‌که‌یان و جه‌وله‌ی سیاسییان ده‌کرد، له‌ گونده‌کان له‌ گه‌ڵ پیر و لاو، هه‌ژار و دارا ده‌دوان و گوێیان بۆ کێشه‌ و گیر و گرفت و شکایه‌ته‌کانیان شل ده‌کرد و ئه‌وه‌ی بۆیان بکرایه‌ له‌ یارمه‌تیدان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و گرفتانه‌، درێغییان نه‌ده‌کرد. هاوکات له‌ قسه‌ و باسی ئاگا که‌ره‌وه و وشیارکه‌ره‌وه‌ و زانایی دان به‌ هاووڵاتییان له‌مه‌ڕ مافه‌کانیان به‌ وردی له‌گه‌ڵییان ده‌دوان.‌
یه‌که‌م جاری بوو که‌ له‌ گه‌ڵ پۆلێک پێشمه‌رگه‌ی هاوڕێی ده‌چونه‌وه‌ بۆ جه‌وله‌ی سیاسی بۆ ناو خاکی کوردستان و بۆ ناو خه‌ڵک. هێشتا هیچ شه‌ڕێکی نه‌دیبو و جار و بار‌ بیری لێ ده‌کرده‌وه‌،‌ له‌ خۆی ده‌پرسی، تۆ بڵه‌ی‌ که‌ توشی شه‌ڕ هاتین، حاڵه‌ته‌م چۆن بێت؟ بڵه‌ی بترسم؟ بڵه‌ی نه‌ترسم؟ بڵه‌ی بکوژرێم یا بریندار بم یا به‌ دیل بگیرێم؟ تۆ بڵه‌ی منیش بتوانم جاش و پاسدار بکوژم؟ ئه‌وه‌ هه‌ر تاوێک بوو ئه‌وجار هه‌وڵی ده‌دا زۆری بیر لێ نه‌کاته‌وه‌. له‌ دڵی خۆیدا ئه‌یوت که‌ هات و توش بووین، ئیتر بۆم ڕون ده‌بێته‌وه‌ که‌ چی ده‌بێت و ئه‌جار چیش ده‌بێت با ببێت، خۆ من پێشمه‌رگه‌م و خوێنم له‌ هیچکام له‌ هاوڕێکانم سورتر نیه‌! چوار ڕۆژ بوو که‌ له‌ ناو کوردستان بوون و ته‌نیا چاوه‌دێری ناوچه‌که‌یان کردبو و ته‌نانه‌ت خۆیان نیشان شوانێکیش نه‌دابو. ئێواره‌ی پێنجه‌م چونه‌ ناو ئاوایێک بۆ زانیاری کۆ کردنه‌وه‌ و پارووه‌ نانێکیش له‌ کیسه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌‌ هه‌ژاره‌ بخۆن. بۆ ئه‌و که‌ یه‌که‌م جاری بوو وه‌ک پێشمه‌رگه‌ ده‌چووه ناو ئاوایی و بۆ ناو ماڵی خه‌ڵک، له‌ دڵی خۆیدا حه‌زی نه‌ده‌کرد که‌ ببێته‌ مایه‌ی زه‌حمه‌تی که‌س و پێی خۆش بوو له‌ دوکانی ئاوایی بیسکویتێک بکڕێت و بیخوات و هاوڕێکانیشی پێخۆرێکی بۆ بێنن بۆ ناو ڕێگا! که‌س ئه‌مه‌ی لێ قه‌بوڵ نه‌کرد و ناچار له‌گه‌ڵ یه‌ک له‌ هاوڕێکانی که‌ ئه‌و یه‌که‌م جاری نه‌بو بچێته‌ سه‌ر سفره‌ی که‌س، ڕۆیشتن بۆ ماڵێک، واته‌ پیاوی ماڵه‌که‌ هاتبو و ده‌یه‌ویست دو پێشمه‌رگه‌ به‌رێته‌وه‌. پێشیان که‌وت و بردنیه‌وه‌ بۆ ماڵ. که‌ چونه‌ ناو ژوره‌که‌ ڕۆشنایی به‌رقییان نه‌بو و ته‌نیا به‌ چراێکی گڕسۆز ماڵه‌که‌یان هه‌ندێک ڕون کردبووه‌وه‌ و به‌ هۆی دوکه‌ڵی چراکه‌ دیواری ناو ژوره‌که‌ هه‌ندێک ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابو. ژنی ناو ماڵه‌که‌ به‌ گه‌رمی به‌ خێرهاتنی کردن و بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێکی له‌ پێشمه‌رگه‌کان هه‌بێت یا شتێکی بۆ وتن پێ بێت، یا خۆ ڕه‌نگه‌ کۆڵێک پرسیاری هه‌بوبێت و مه‌جاله‌که‌ی به‌ باش نه‌زانیبێت بۆ قسه‌ و باس، ڕۆی بۆ ژوری چێشتخانه‌ و به‌ خێرایی که‌وته‌ دروست کردنی خواردن و دانانی سفره‌ و کچه‌ بچکۆله‌ چاو گه‌شه‌ ده‌ ساڵانه‌که‌شیان یارمه‌تی دایکی ده‌دا و هه‌ر خێرا خێراش سه‌یرێکی پێشمه‌رگه‌کانی ده‌کرد و شه‌رمێکی له‌ خۆی نیشان ده‌دا و عێشوه‌ێکی جوانی ئه‌نواند و دایمه‌ش بزه‌ و پێکه‌نینێکی جوان له‌ سه‌ر لێوه‌کانی بوو و له‌ په‌ستاش چایی بۆ دێنان و دوباره‌ ده‌ڕۆی بۆ یارمه‌تیدانی دایکی. له‌ گه‌ڵ پیاوی ماڵه‌که‌ که‌وتنه‌ قسه‌ و باس و پرسیار و وڵام له‌ هه‌ر دوک لاوه‌ ده‌ستی پێکردبو و هێند قوڵ چوبونه‌ ناو باسه‌کان که‌ کات به‌ خێرایی تێپه‌ڕیبو و خواردن ئاماده‌ له‌ سه‌ر سفره‌ داندرابو‌. خانمی ناو ماڵ وتی فه‌رمون برا گیان، ڕه‌نگه‌ زۆر هیلاک بن، ئه‌م خوشکه‌تان بمرێ، فه‌رمون نانه‌که‌تان بخۆن. هه‌تا ئه‌و بنه‌‌ماڵه‌ دڵسۆزتر ده‌بون و ئیحتیڕامی زیاتریان لێ ده‌گرتن، ڕزگار شه‌رمنتر ده‌بو! شه‌رمی ده‌کرد و هه‌ستی ده‌کرد که‌ بۆته‌ هۆی زه‌حمه‌تی ئه‌و ژنه و نانی ئه‌و ماڵه‌ هه‌ژاره‌ ده‌خوات، ئاره‌قه‌ی ساردی ده‌کرده‌وه‌ و خودا خودای بو زو شتێک بخوات و بڕواته‌ ده‌ر‌، وتیشی داده‌ گیان ده‌سته‌کانت خۆش بێت به‌ ڕاستی نه‌ ده‌بو هێنده‌ بتخه‌ینه‌ ئه‌زیه‌ته‌وه‌، ئیتر زه‌حمه‌ت مه‌کێشه‌ و تۆش دانیشه‌. هاوڕێکه‌ی که‌ هه‌ستی شه‌رم و شتی له‌ لا نه‌بو، به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ سه‌یرێکی کرد و وتی ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌حمه‌ت نه‌کێشێت، چۆن ئێمه‌ پاروه‌ نانێک بخۆین؟ ئێمه‌ش هیلاکین و ده‌شزانم ئه‌زیه‌ت نیه‌ بۆ ئه‌وان پێیان خۆشه‌ و هاوکات ئه‌مرێکیشی به‌ ژنه‌که‌ کرد و پێی وت، داده‌ گیان بێ زه‌حمه‌ت خێرا دو پێخۆریشمان بۆ حازر که‌ بیبه‌ین بۆ ناو ڕێگا. که‌ هاوڕێکه‌ی ئه‌مه‌ی وت ڕزگار هێنده‌یتر سور بووه‌وه‌ و له‌ شه‌رمدا نانیشی بۆ نه‌ده‌خورا، هه‌ستێکی زۆر ناخۆشی لا دروست بوبو، ئایا هی ئه‌وه‌ بوو که‌ یه‌که‌م جاریه‌تی؟ یا هه‌ر خۆی شه‌رمنه‌ و له‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ که‌س ناتوانێت به‌ چه‌قۆ سه‌ری ببڕێت، به‌ڵام به‌ لۆکه‌ به‌ ئاسانی سه‌ری ده‌بڕدرێت! هه‌ر چۆنێک بێت نانه‌که‌ی خوارد و چایش به‌ سه‌ریدا و هاوکات که‌ پیاوی ماڵه‌که‌ش هه‌ستی کردبو که‌ ئه‌و شه‌رم ده‌کات، پێێ ده‌وت، پێشمه‌رگه‌ چۆن ده‌بێت شه‌رم بکات، ماڵی برای خۆتانه‌ و منیش خۆم به‌ خاوه‌ن ماڵ نازانم و ئه‌ی میوانداری پێشمه‌رگه‌ نه‌که‌م که‌ بۆ ئێمه‌ که‌وتونه‌ته‌ ئه‌و شاخ و کێوه‌، میوانداری کێ بکه‌م؟ دیاره‌ ڕزگاریش له‌ قسه‌ و باسه‌کاندا شه‌رمی نه‌ده‌کرد، ته‌نیا له‌ سه‌ر سفره‌ شه‌رمن بوو و پیاوه‌که‌ی قانع کرد که‌ شه‌رم ناکات و ئه‌وه‌نده‌ی بتوانێت و میعده‌ی بیبات، ده‌یخوات و هه‌ر وایشی کرد و دواتر تێر و پڕی خوارد، له‌ ئاخره‌کاندا هه‌ندێک ڕوی زیاتر کراوه‌ و باشتر بوبو، به‌ڵام هێشتا به‌ ته‌واوی ڕوی نه‌کرابووه‌وه‌. پێش له‌ ڕۆیشتن پێخۆره‌کانیان له‌ کۆڵه‌ پشتییه‌کانیان خست و پێچایانه‌وه‌ و ماڵئاواییان کرد و زۆر سپاس و پێزانینیان ده‌ربڕی و ڕۆیشتن و له‌ پلیکانه‌کانی ماڵه‌که‌ که‌ ده‌چونه‌ خوار، له‌ پڕ پیاوی ماڵه‌که‌ بانگی کردن و وتی ئه‌رێ ئه‌و کڵاشینکۆفه‌ی کامتانه‌ به‌ جێتان هێشتووه‌؟ به‌ڵێ کاکه‌ ڕزگار‌ له‌ شه‌رمی پارووه‌ نانێک، چه‌کی ده‌ستی له‌ بیر چوبو! خێرا گه‌ڕاوه‌ و چه‌که‌که‌ی وه‌رگرته‌وه‌ و به‌ په‌له‌ له‌ گه‌ڵ هاوڕێکه‌ی به‌ره‌و ناو ئاوایی و شوێنی دیاریکراو به‌ڕێ که‌وتن و هه‌ر له‌وێ به‌ڵێنی به‌ هاوڕێکه‌ی دا که‌ ئیتر له‌ هیچ ماڵێک شه‌رم نه‌کات و شه‌رت بێت ئیتر هه‌ر بۆ خۆی داوای خواردن و پێخۆر و ئه‌مانه‌ بکات و هاوڕێکه‌شی به‌ڵێنی دا که‌ ئه‌م ڕوداوه‌ بۆ که‌س ناگێڕێته‌وه‌، با نه‌بێته‌ هۆی پێکه‌نینی هاوڕێکانی و نه‌کا توشی ته‌وبیخی فه‌رمانده‌ش ببێته‌وه‌! بۆ جاره‌کانی دیکه‌ که‌ ده‌که‌وتنه‌ هه‌ر ئاوایێک و هه‌ر ماڵێک، ئیتر شه‌رم له‌ لای ڕزگار نه‌مابو و هاوڕێکه‌شی که‌ چه‌ند جاری دیکه‌ له‌ گه‌ڵی که‌وتنه‌ ماڵێکه‌وه‌، زانی که‌ ڕزگار وانه‌ی باشی له‌و ڕۆژی یه‌که‌مه‌ی وه‌رگرتووه‌ و شه‌رمی نان خواردنی به‌ ته‌واوه‌تی وه‌لا ناوه‌! مابووه‌وه‌ شه‌رم و ترسی شه‌ڕیش له‌ خۆی دادڕێت. یه‌که‌م جار که‌ توشی شه‌ڕ هاتن، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی ته‌قه‌ ده‌ستی پێکرد و له‌ یه‌که‌مین ته‌قه‌کاندا که‌س نه‌پێکرا، ئیتر ترس و ئه‌مانه‌ نه‌مان و خێرا وه‌زعییه‌تی ده‌ور و به‌ری و جێگا و شوێنی سه‌نگه‌ری خۆی و هاوڕێکانی هاتنه‌ ده‌ستی و جێگای دوژمن و هێرش به‌ران دیار بوون و ئیتر سه‌نگه‌ر به‌ سه‌نگه‌ر ته‌قه‌ ده‌کرا و پاش ماوه‌ێک هێرش بردنه‌ سه‌ر دوژمن و ڕاونانییان، ته‌قه‌ش که‌م بووه‌وه‌ و ئه‌مانیش پاشه‌ کشه‌یان کرد و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نه‌کا ته‌ڵه‌ێکییان بۆ دانابن، شوێن دوژمن نه‌که‌وتن و خه‌ساره‌تێکی که‌مییان له‌ دوژمن دا و درێژه‌یان به‌ جه‌وله‌که‌یان دا. ‌

ئێواره‌ێکیان که‌ دوباره‌ توشی شه‌ڕ هاتبون، شه‌ڕه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ش زۆری نه‌خایاند و ته‌نیا عه‌مه‌لییاتێکی ئیزایی خێرایان کرد و پاش نیو سه‌عاتێک ته‌قه‌ و لێکدادان، پاشه‌کشه‌یان کرد و بۆ ئه‌وه‌ی توشی کاره‌ساتی ناخۆش نه‌بن، شوێنه‌که‌یان جێ هێشت و له‌ ئاوایێک گیرسانه‌وه‌. فه‌رمانده‌که‌یان بڕیاریدا له‌م گونده‌ پارووه‌ نانێک ده‌خۆن و هه‌ندێک زانیاری وه‌رده‌گرن و به‌ره‌و شوێنێکی دیاریکراوی دیکه‌ وه‌ڕێ ده‌که‌ون. که‌ گه‌یشتنه‌ ناو ئاوایی، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ خه‌ڵکی گونده‌که‌ ده‌یانزانی که‌ ئه‌م پێشمه‌رگانه‌ بوون که‌ ئێستا شه‌ڕیان ده‌کرد و‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئێستاکه‌ ده‌وڵه‌ت شوێنییان که‌وێت یا خۆ گونده‌که‌یان بکه‌وێته‌ مه‌ترسی تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی، به‌ڵام نه‌ترسانه‌ به‌ره‌و ڕوی پێشمه‌رگه‌کان ڕۆیشتن و به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ پێشتر ڕێکخستنێک کرابێت یا خۆ ئه‌رکێک بۆ که‌سێک دیاری کرابێت، هه‌ر که‌س ئه‌رکی خۆی ده‌زانی و هه‌ر بنه‌ماڵه‌ و دو و سێ پێشمه‌رگه‌یان بۆ ماڵی خۆیان ده‌برده‌وه‌ و له‌ سه‌ر سفره‌ی هه‌ژارانه‌ی خۆیان میواندارییان ده‌کردن و پێش ئه‌وه‌ی میوانه‌کانیان له‌ نان خواردنی هه‌ژارانه‌، به‌ڵام به‌ له‌زه‌ت ببنه‌وه‌، پێخۆری ناو ڕێگایشیان بۆ ئاماده‌ کردبون و هاوکات قسه‌ و باسیشییان پێکه‌وه‌ ده‌کرد. هه‌ندێک له‌ خه‌ڵکی ئاوایی شکایه‌تییان هه‌بو له‌ ده‌ست مه‌لای ئاوایی و ده‌یانوت مه‌لا له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ و دایمه‌ له‌ ماڵی ئه‌و داوه‌ت و داوه‌تکاری بۆ که‌سانی سپای پاسداران و جاش و کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت ده‌کات و مه‌ڕ و قه‌ل له‌ به‌ر پێیاندا سه‌ر ده‌بڕێت، بۆیه‌ بڕیار درا پێش ئه‌وه‌ی که‌ ئاوایی به‌ جێ بهێڵن، قسه‌ و باسێکیش له‌گه‌ل مه‌لای ئاوایی بکه‌ن! پاش ماوه‌ێکی کورت هه‌مو پێشمه‌رگه‌کان به‌ تێر و ته‌سه‌لی له‌ شوێنی دیاری کراوی ئاوایی کۆبوونه‌وه‌ و زانراش که‌ ته‌نیا یه‌ک ماڵ پێشمه‌رگه‌ی نه‌بردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌یش خۆشترین و به‌رزترین ماڵی ئاویی بوو که‌ ماڵی مه‌لای ئاوایی بوو! پاش نان خواردن هه‌ر وه‌ک بڕیار درابو که‌ له‌ ده‌رگای ماڵی مه‌لا‌ بدرێت و له‌ شکایه‌ته‌کانی هه‌ندێک له‌ خه‌ڵکی ئاوایی بکۆڵدرێته‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ مه‌لا کورته‌ باسێک بکرێت. دو پێشمه‌رگه‌ دیاری ده‌کرێن که‌ بڕۆن و مه‌لا بێنن، پێشمه‌رگه‌کان له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن و خۆیان ده‌ناسێنن. له‌ پشت ده‌رگاوه‌ ژنێک که‌ ده‌نگێکی لاوی هه‌یه‌ دێته‌ وڵام و ده‌ڵێت، کێیه‌؟ پیاومان له‌ ماڵ نیه‌! کاتێک ئه‌و دو پێشمه‌رگه‌ بۆ جاری دوهه‌م له‌ ده‌رگا ده‌ده‌نه‌وه و یه‌کییان ده‌ڵێت‌ ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ین و ئێستا له‌ خوار ئاوایی ئێوه‌وه‌ توشی شه‌ڕ هاتین و به‌ ته‌ئیکید گوێتان له‌ ته‌قه‌ی فیشه‌ک بووه‌، تکایه‌ ده‌رگا بکه‌نه‌وه‌ و مه‌ترسن، ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ین. له‌ پڕ پیاوێک به‌ ده‌نگێکی نێر هاوار ده‌کات که‌ گوێتان لێ نه‌بو خێزانم چی وت؟ وتی پیاومان له‌ ماڵ نیه‌؟ بۆ وازمان لێ ناهێنن؟ هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌ که‌ پێشتر قسه‌ی کردبو به‌ ته‌حه‌موله‌وه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ بۆ ژن خوازی نه‌هاتوین، بێزه‌حمه‌ت ده‌رگاکه‌ بکه‌ره‌وه‌، جه‌نابت داوا کراویت و هه‌ندێک پێکه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ین. پێشمه‌رگه‌که‌ی دیکه‌ که‌ ته‌حه‌مولی که‌متر بوو وتی، ئه‌رێ ئه‌ی تۆ پیاو نیت؟ کابرای ژوره‌وه‌ به‌ توڕه‌یی ده‌نه‌ڕێنێت و ده‌ڵێت، من نان به‌ پێشمه‌رگ‌ نایه‌م و ده‌رگاش له‌ پێشمه‌رگه‌ ناکه‌مه‌وه‌، بڕۆن وازمان لێ بێنن! پێشمه‌رگه‌ی یه‌که‌م ده‌ڵێت نانمان خواردووه‌، ده‌رگاکه‌ بکه‌ره‌وه‌ داوا کراویت، شکایه‌تت له‌سه‌ره‌، پێویسته‌ قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌ین. پاش ماوه‌ێک بێنه‌ و به‌ره‌، که‌ نزیک بوو ده‌رگاکه‌ بشکێنن، مه‌لا ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌. که‌ ده‌رگای کرده‌وه‌ جلی خه‌وی له‌ به‌ردا بوو که‌ وه‌ک دیشداشه‌ی عه‌ڕه‌بان ده‌چو و سه‌ر تا پێی سپی بوو. لێدانێک ده‌خوات و ده‌یبه‌ن بۆ شوێنی دیاری کراو. مه‌لا خۆی که‌‌ ته‌مه‌نی چل و پێنج ساڵان ده‌بو، باڵاێکی به‌رز و ڕیشێکی کورتی قه‌ڵه‌می کراوی پاسدارانه‌ی هه‌بو و زگێکی زلیشی به‌ردابۆوه‌وه! ده‌یبه‌نه‌ ماڵی ڕیش سپی ئاوایی که‌ له‌وێ فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ێکیش وه‌ک چاودێر و موشاوێر و چه‌ند پیاوێکی به‌ ته‌مه‌نی ئاوایش له‌وێ حازر ده‌بن و بێ ئه‌وه‌ی ناوی شکایه‌ت کاره‌کان یا شاکییه‌کان ببردرێت، شکایه‌ته‌کان بۆ مه‌لا ده‌خوێندرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ ده‌رگاش له‌ پێشمه‌رگه‌کان ناکاته‌وه‌ و وتویه‌ نان به‌ پێشمه‌رگه‌ نایات و ئه‌مانه‌ش به‌ تاوانه‌کانی زیاد ده‌کرێن. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ مه‌ترسی تۆپبارانی ئاوایی و هاتنی گروپی زه‌ربه‌تی سپا بۆ ئاوایی و توش بوونی شه‌ڕ هه‌بو، به‌ڵام پێویست بوو زۆر به‌ په‌له‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ به‌ لاێکدا ببڕێته‌وه، هاوکات پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارگۆشه‌ی ئاوایی دامه‌زراون و زۆر به‌ باشی ده‌ی‌پارێزن و چاوه‌دێری باشی ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئاوایی ده‌که‌ن و ماتڵی هاتنی گروپی زه‌ربه‌ت ده‌بن‌. دوای ماوه‌ێه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌ و قسه‌ و باسی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کان و ڕیش سپیه‌کانی ئاوایی داوا له‌ مه‌لا ده‌کرێت که‌ به‌ نوسراوه‌ به‌ڵێن بدات که‌ واز له‌ جاشایه‌تی بۆ کۆماری ئیسلامی دێنێت و له‌وه‌ به‌دوا گرفت بۆ خه‌ڵکی گونده‌که‌ دروست ناکات و واز له‌ داوه‌ت و داوه‌تکاری بۆ جاش و پاسداره‌کان بێنێت، ئه‌وجار که‌ پێشمه‌رگه‌ش ڕێیان که‌وته‌ ئاوایی ده‌رگاکه‌ی ئاوه‌ڵه‌ بێت. هه‌روه‌ها که‌ ته‌مه‌نی خۆی و خێزانی لێ ده‌پرسن، زیاتر له‌ بیست و حه‌وت ساڵ جیاوازیی ته‌مه‌نییان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌ر ده‌که‌وێت که‌ ئه‌و کچه‌ی له‌ پیاوێکی هه‌ژاری ئاوایێکی دورتر به‌ زۆر و هه‌ندێک پاره‌ له‌ خۆی ماره‌ کردووه‌! مه‌لا هیچکام له‌م بڕیارانه‌ په‌سه‌ند ناکات و ده‌ڵێت چیتان له‌ ده‌ست دێت، بیکه‌ن، منه‌تتان نه‌بێت! فه‌رمانده‌ که‌ ئیتر کاتی مانه‌وه‌ی له‌ ئاوایی نه‌ماوه‌ و زیاتر مانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ‌ببێته‌ هۆی که‌وتنه‌ مه‌ترسی گیانی خه‌ڵکی گونده‌که‌، پاش مه‌شوه‌ره‌تێک بڕیاری ئێعدام بۆ مه‌لا ده‌رده‌بڕێت! مه‌لا که‌ ده‌یزانی که‌وڵی ده‌که‌ن، ده‌که‌وێته‌ پاڕانه‌وه‌ که‌ نه‌یکوژن، به‌ڵام هه‌ست ده‌کرێت که‌ درۆ ده‌کات و به‌ ته‌مایه‌ خۆی ده‌رباز کات، له‌ولایشه‌وه‌ کاتی هیچ نه‌ماوه‌ و ده‌بێت بڕۆن. ئه‌مجاره‌ ڕیش سپیه‌کان ده‌که‌ونه‌ به‌ینه‌وه‌ و داوای به‌خشین بۆ مه‌لا ده‌که‌ن، نه‌ک له‌به‌ر مه‌لاکه‌ خۆی، به‌ڵکو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سبه‌ی ڕۆژ کۆماری ئیسلامی له‌ تۆڵه‌ی مه‌لاکه‌دا لاوانی ئاوایی نه‌گرن و نه‌یانخه‌نه‌ گرتوخانه‌. فه‌رمانده‌که‌ ڕو له‌ مه‌لا که‌ تۆزێک ترساوه‌ ده‌ڵێت به‌م هۆیه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بۆ ئاسایشی کۆمه‌ڵگاکه‌ی تێده‌کۆشێت و نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگا توشی ناخۆشی ببێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن دوژمنی داگیرکه‌ر وه‌ک تاکتیکیش به‌ کار ده‌بردرێت، بڕیاره‌که‌ ده‌گۆڕین و له‌ ئیعدامه‌وه‌ ده‌یکه‌ین به‌ بردنی مه‌لا له‌ گه‌ڵ خۆمان و دوای دو حه‌وتوی دیکه‌ ده‌ینێرینه‌وه‌ بۆ ئاوایی. مه‌لا ئه‌م بڕیاره‌ی له‌ ئیعدامه‌که‌شی پێ ناخۆشتر ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌م ده‌پاڕێته‌وه‌ و داوای لێ بوردویی بۆ خۆی ده‌کات و هاوکات که‌ وه‌ک منداڵێک ده‌گری و چاویشی پڕ ده‌بێت له‌ ئاو، ئه‌وجار ئاماده‌ ده‌بێت که‌ هه‌ر چی ئه‌وان بییانهه‌وێت بینوسێت و واژۆی کات، ئه‌گه‌ر چی هه‌مو ده‌زانن که‌ درۆ ده‌کات و هه‌ر چیێکیش واژۆ بکات، سبه‌ی لێی پاشگه‌ست ده‌بێته‌وه، به‌ڵام لێی قه‌بوڵ ده‌که‌ن‌! کات نه‌ماوه‌ و ڕیش سپییه‌کان دوباره‌ ده‌که‌ونه‌وه‌ به‌ینه‌وه‌ و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کان به‌مه‌ ڕازی ده‌که‌ن که‌ واژۆکه‌ی لێ وه‌رگرن و وازی لێ بێنن. ڕیش سپییه‌کان پێیان وایه‌ که‌ ده‌رسی خۆی وه‌رگرتووه‌ و که‌سیش له‌وه‌ زیاتری لێی ناوێت‌. بڕیار ده‌درێت که‌ بینوسێت و واژی کات، هه‌ر بۆیه‌ مه‌لا به‌ خێرایی لاپه‌ڕه‌ێک ده‌نوسێت و بڕیار ده‌دات که‌ واز له‌ جاشایه‌تی بێنێت و گرفت بۆ خه‌ڵکی گوند دروست ناکات و ڕاپۆرتی خراپ له‌ که‌س نادات و داوه‌تکاریه‌کانی جاش و پاسدار ده‌وه‌ستێنێت و مه‌لایه‌تی خۆی ده‌کات و ڕێزی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ش ده‌گرێت. پاش زیاتر له‌ سێ سه‌عات مانه‌وه‌ له‌ ئاوایی، به‌ بێ ئه‌وه‌ی گروپی زه‌ربه‌ت و سپا په‌یدایان ببێت، کۆتایی به‌ مانه‌وه‌‌ له‌ ئاوایی ده‌هێندرێت و درێژه‌ به‌ ڕێگاکه‌یان ده‌ده‌ن و ماڵئاوایی له‌ خه‌ڵکی گونده‌که‌ ده‌که‌ن و ده‌ڕۆن.
له‌ ڕێگادا که‌ ورده‌ ورده‌ پۆله‌ پێشمه‌رگه‌که‌ له‌ ئاوایی دور ده‌که‌وتنه‌وه‌ و پاش ماوه‌ێکی زۆر ڕێپێوان پشوێک ده‌ده‌ن، یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کان له‌‌ فه‌رمانده‌که‌یان ده‌پرسێت‌ که‌ کاک .... ئه‌رێ ئه‌م مه‌لایه‌ هێنده‌ی بێنه‌ و به‌ره‌ ‌ده‌ویست؟ ئایا نه‌ده‌بو خێرا بیگرین و بیکوژین، چونکو ئه‌و جاش و خۆفڕۆش بووه‌ و دوژمنی ئه‌م گه‌له‌یه‌؟ له‌ وڵامدا فه‌رمانده‌که‌یان به‌ ئیمان به‌و قسه‌یه‌ی که‌ ده‌یکرد وتی ئێمه‌ ده‌بێت بزانین که‌ مه‌به‌ست له چه‌ک هه‌ڵگرتنمان‌ چییه‌؟ ئه‌یا مه‌به‌ستی ئێمه‌ کوشتن و شه‌ڕ کردنه‌ به‌و چه‌که، یا به‌رگری؟ ئایا مرۆڤ هێنده‌ که‌م نرخه‌ که‌ هه‌ر به‌وه‌نده‌ی که‌ چه‌ند کاری خراپی کرد، بیگرین و بیکوژین؟ ئایا هه‌مو مرۆڤێک هه‌ڵه‌ ناکات؟ که‌واته‌ پێویسته‌ که‌ مه‌جال به‌ مرۆڤ بدرێت که‌ بیر له‌ هه‌ڵه‌کانی خۆی بکاته‌وه‌، ئێمه‌ش چه‌کمان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌م چه‌که‌ به‌رگری له‌ خۆمان ده‌که‌ین له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی کۆماری داگیر که‌ری ئیسلامی ئێران و به‌س. ئه‌وه‌ش که‌ بڕیاری ئیعدام کردنیمان دا به‌ ڕاستمان نه‌بو و به‌ گوێی ڕیش سپی ئاوایشم گه‌یاند که‌ به‌ ڕاستم نیه‌ و ته‌نیا بۆ ترساندنی بوو، چونکو دیار بوو ملا زۆر له‌ خۆ بایی بوو و پێی وابو که‌ ئێمه‌ ناتوانین غوروری بشکێنین، که‌ هه‌ر وه‌ک دیتتان له‌ لای هه‌مو خه‌ڵکی ئاوایی به‌ گه‌وره‌ و بچکۆله‌وه‌ و له‌ به‌ر چاوی خێزانه‌که‌یدا غوروری خۆی ژێر پێ ناو و بۆ پاراستنی ژیانی خۆی گریا و داوایی لێ بووردنی له‌ ئێمه‌ش و له‌ هه‌مو خه‌ڵکی ئاوایی کرد. ئایا کامیان باشتر بوو، ده‌ستمان به‌ خوێنی جاشێک که‌ له‌و کاته‌شدا بێدیفاع بوو، سور بکردایه‌ یا خۆ که‌رامه‌تی بشکێنین، به‌ بێ ئه‌وه‌ی توشی کوشتنی ببینه‌وه‌. کوشتن له‌ حاڵه‌تی نا ئاسایی و شه‌ڕدا ئاسانه‌، لێ بوردویی له‌م کاته‌دا پێویسته‌! جیاوازییه‌کانی ئێمه‌ وه‌ک هێزی ئازادیخواز له‌ گه‌ڵ دوژمنه‌که‌مان ئالێره‌دا ده‌ر ده‌که‌ون و ئێمه‌ له‌ کاتی توش شه‌ڕ بوونه‌که‌ی ئێواره‌ سه‌لماندمان که‌ هێزی له‌ پسان نه‌هاتوی شۆڕشین و له‌و کاته‌ی که‌ پێویست بکات به‌ ئیمان و ئیراده‌وه‌ به‌رگری ده‌که‌ین و له‌ ئاوایش سه‌لماندمان که‌ نرخ بۆ مرۆڤ داده‌نێین، ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ جاشێکی وڵات فڕۆش و خیانه‌تکاریش بێت، به‌ڵام بۆ جاری دووهه‌م ڕه‌نگه‌ نه‌یبه‌خشین، با بزانین به‌ڵێنه‌کانی ده‌باته‌ سه‌ر یا نا!
٭ ٭ ٭
وانه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌تا بڵه‌ی بۆ ئه‌و زۆر بوون و فێری مرۆڤ دۆستی و نرخ و پله‌ و پایه‌ی ئینسانیه‌تی کردن و هه‌ر ئه‌و وانانه‌ش بوونه‌ هه‌وێنی خولیاێکی دیکه‌ له‌ مێشک و بیر و باوه‌ڕی ئه‌ودا که‌ بیری لێ ده‌کرده‌وه‌ و پرسیارێک له‌ مێشکیدا ده‌هات و ده‌ڕۆیشت که‌ ئه‌رێ شه‌ڕ و خوێنڕشتن و توند و تیژی نواندن چ ده‌ردێک له‌ مرۆڤ‌ ده‌وا ده‌کات؟ ده‌ پاسدار ده‌کوژیت، هه‌زار جێگای ده‌گرێته‌وه‌، یه‌ک پایگا ده‌گریت، ده‌ دروست ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ کڵاشینکۆف شه‌ڕ ده‌که‌ی به‌ تۆپ و هاوه‌ن و کاتیۆشا و فڕۆکه‌ و هێلیکۆپته‌ر له‌گه‌ڵت به‌ شه‌ڕ دێت و ڕاوت ده‌نێت. خوێندنه‌وه‌ی په‌ڕتوکی زۆر و ناسینی هه‌ندێک وشه‌ی وه‌ک مافی مرۆڤ و دژی شه‌ڕ و دژی خوێنڕێژی و دژی توند و تیژی و ئه‌و ته‌جروبه‌ و ڕوداوانه‌ش که‌ له‌ کاتی جه‌وله‌کاندا فێریان ببو،‌ هه‌مو ده‌یخستنه‌ بیره‌وه و ده‌یان پرسیار له‌ مێشکیدا په‌یدا ده‌بون که‌ ده‌بو ولامیان بۆ په‌یدا کات! له‌ خۆی ده‌پرسی که‌ ئایا کوژران و کوشتن هیچ سودێک ده‌گه‌ێنن و ئایا له‌ قازانجی دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئاشتیدان؟ ئایا به‌ نواندنی توند و تیژی ده‌توانرێت داهاتوێکی بێ توند و تیژی ده‌سته‌به‌ر بکرێت؟ بۆ ئه‌مانه‌ و زۆر پرسی دیکه‌ ده‌بو وڵام په‌یدا کات و ورده‌ ورده‌ ئاڵ و گۆڕ به‌ سه‌ر بیر و بۆچونه‌کانیدا ده‌هاتن و خولیاکانی کاتی لاویه‌تی که‌ هێنانی بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، خه‌ریک بون ئه‌وجار به‌ره‌و ئاقارێکی تریان ده‌کێشا و ئیتر بیری له‌ جۆره‌ خه‌باتێکی نوێ ده‌کرده‌وه‌ که‌ تێیدا توند و تیژی نه‌بێت و هه‌وڵ بدات له‌ ڕێگای پۆلیمیکی سیاسی، به‌ ئامانجه‌کانی بگات!‌ ئاڵ و گۆڕی سیاسی و فیکری ئاله‌م حاڵه‌تانه‌وه‌ پێک دێن! ‌ ‌
ئه‌وه‌ بوو که‌ پاش ئه‌وه‌ی که‌ خولیای شێوه‌ خه‌باتێکی نوێ به‌ شێوازێکی نوێ و شارستانیانه‌ و جیاواز له‌و خه‌باته‌ی که‌ ئێستا ده‌یکرد، هه‌مو مێشک و له‌شی داگیر کردبو، بڕیارێکی دیکه‌ی دابو که‌ چه‌کی ده‌ستی دانێت و ماڵئاوایی له‌ هاوڕێکانی بکات و به‌ره‌و هه‌نده‌ران و ڕۆژئاوای به‌ ناو "پێشکه‌وتو" وه‌ڕێ بکه‌وێت. هاوڕێیانی زۆر به‌ په‌رۆشییه‌وه‌‌ بون که‌ بۆچی ئه‌بێت بڕیارێکی ئاوه‌ها بدات! بۆ ئه‌و خۆی ئه‌م بڕیاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ دیار بو، هێنده‌ ساکار نه‌بو. ماوه‌ێک بوو که‌ ئه‌م بیرۆکه‌ی له‌ مێشکی خۆیدا هێنابووی و بردبووی به‌ڵام ته‌نیا به‌م ئاکامه‌ گه‌یشتبو که‌ چه‌ک نه‌یتوانیوه‌ تا ئێستا ئاشتی بۆ گه‌لان به‌ دیاری بێنێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و چه‌که‌ بۆ به‌رگریش بێت. خواهه‌ڵناگری ئه‌ویش ئه‌م چه‌کانه‌ی که‌ به‌ ده‌ستی ئه‌مانه‌وه‌ بون، له‌ چاو چه‌ک و چۆڵی دوژمنی داگیرکه‌ر زۆر کزتر و بێده‌نگتر بون. دوژمنێکی ته‌یار و بێ ویژدان که‌ ئه‌وه‌ی ماف بێت بۆ تۆی قایل نیه‌ و هه‌ر به‌ مرۆڤیشت دانانێت، چ بگات به‌وه‌ی که‌ حیسابی گه‌لێکت بۆ بکات. ڕژیمێک که‌ له‌ گه‌ڵ شوێن که‌وتنی تۆ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ چه‌په‌ڵه‌کانی چه‌کدار و مه‌ده‌نی به‌ یه‌ک چاو ده‌بینێت و بۆ ئه‌و ته‌نیا کوشتن و سڕینه‌وه‌ی فیزیکی وڵامی داخوازیه‌کانی گه‌لی کوردستانه‌ و ئه‌مه‌شی به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی و هه‌ر کاتێک به‌ پێویستی زانیبێت، سه‌لماندووه‌. سه‌لماندویه‌تی که‌ ڕژیمێکی هێنده‌ بێ ڕه‌حمه‌ که‌ چکۆله‌ و گه‌وره‌، چه‌کدار و بێ چه‌ک و هه‌مو ئه‌وانه‌ی بیر له‌ تاقه‌ زه‌ڕه‌ێک ئازادی بکه‌نه‌وه‌، به‌ گرتن و کوشتن وڵامییان بداته‌وه‌‌ و ئه‌وه‌ش وه‌ها بێ ویژدانانه‌ ده‌کات که‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی خه‌ڵکیشی پێ چاوترسێن بکات، به‌ڵام وره‌ی به‌رزی گه‌لی کوردستان هه‌رگیز به‌و تاکتیکه‌ چه‌په‌ڵ و ترسنۆکانه‌یه‌ی ڕژیم نه‌ڕوخاوه‌ و هه‌رگیزیش ناڕوخێت!
بڕیاره‌که‌ی دابو و لێی پاشگه‌ست نه‌ده‌بووه‌وه‌ و هه‌ر چی هاوڕێکانی پێیان ده‌وت، که‌ پاشگه‌ستی ئه‌و بڕیاره‌ ببێته‌وه‌، نه‌یده‌توانی واز له‌ بڕیاره‌که‌ی بێنێت و ببو به‌ خولیا و ئاوات، هه‌ر بۆیه‌ ڕێگای هه‌نده‌ران و ئاواره‌یی و ڕێگاێکی نامۆ و نادیار و تاریکی گرته‌ به‌ر و پاش چه‌رمه‌سه‌ریێکی زۆر له‌ ئوروپا گیرسایه‌وه‌. ئه‌و کات حیزبه‌که‌ی ئه‌و له‌ ڕوکودێکی ته‌واودا بوو و بڵاوکراوه‌یه‌ک که‌ ده‌ری ده‌کرد و بۆ ئه‌مییان ده‌نارد که‌ به‌ ده‌ست خه‌ڵکی بگه‌ێه‌نێت، هه‌واڵی سێ چوار مانگ له‌وه‌ پێشی تێدا بوو و زۆر بڵاوکراوه‌ێکی لاواز بوو، به‌ڵام ئه‌و به‌ تاقی ته‌نیا کۆمیته‌ی وڵاته‌که‌ی زیندوو ڕاگرت. چه‌ند ساڵانێک که‌ له‌ ئوروپا ‌ژیا، توشی گێره‌ و کێشه‌کانی دو فه‌رهه‌نگی ژیانی ئوروپا بووه‌وه‌. ڕزگار له‌ وڵاتێکی ئوروپایی گیرسابووه‌وه‌ که‌ پێشتر بۆ کورده‌کان نه‌ناسراو بوو و به‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێش ئه‌و کوردێکی زۆر که‌می لێ بوو و ئه‌وانیش تازه‌ چه‌ند ساڵێک ده‌بو که‌ چوبونه‌ ئه‌و وڵاته‌، له‌ گه‌ڵ گرفتێکی زۆر به‌ره‌وڕو ببووه‌وه‌ و دواجار هێنده‌‌ نوقمی چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی دو فه‌رهه‌نگیی و کێشه‌ و گرفتی ژیانی ئه‌و وڵاته‌ بووه‌وه‌ که‌ مرۆڤایه‌تی و شۆڕش و خه‌بات سه‌هله‌ خه‌ریک بوو کوردستانی دایکی نیشتیمانیشی له‌ بیر بچێته‌وه‌‌. ئه‌گه‌ر چی له‌ سه‌ره‌تاکاندا زۆر باش بوو و چالاکی سیاسی ده‌کرد، به‌ڵام پاش ماوه‌ێک جێگای خۆی به‌ که‌سانی دیکه‌ سپارد و خۆی هێند نوقمی خه‌بات له‌ دژی هه‌ڵاواردن له‌و وڵاته‌ بوو که‌ سه‌ریشی پێ نه‌ده‌خورا و له‌ ئاکامدا ده‌وڵه‌تی نێئۆلیبڕاڵی وڵاته‌که‌ی‌ که‌ هه‌مو یاسا و ڕیساکان به‌ ده‌ست خۆی بوون و ته‌نانه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕیساکانی نوسراوه‌ی‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان، ده‌ستی له‌ بڕیاره‌کانی دادگاکانیشدا هه‌یه‌، سه‌رکه‌وت و مامه‌ ڕزگاریش ئه‌وه‌ی بووی له‌ مادییات و له‌ مه‌عنه‌وییات له‌ ده‌ستی دا و هیچی بۆ نه‌کرا و به‌ تاقی ته‌نیا و کز و مات و هه‌ژار مایه‌وه‌ و ئاکامی ساڵه‌ها خه‌باتی مه‌ده‌نی/سیاسی له‌ ئوروپا و پێشمه‌رگایه‌تی و هه‌مو ئه‌وانه، وه‌ک بڵقی سه‌ر ئاوو ته‌قینه‌وه‌ و بوون به‌ هیچ!! خولیای خه‌باتی مه‌ده‌نی سیاسی له‌ دژی کۆماری ئیسلامی و له‌ ئه‌روپاوه‌ هه‌رگیز ناتوانێت به‌ ته‌نیا کاریگه‌ر بێت، به‌ڵکو ئه‌م خه‌باته‌ ده‌بێت شێوه‌یه‌کی دیپلۆماسییانه‌ بگرێته‌ خۆی و ناشبێت هه‌ر حیزبه‌ و بۆ خۆی به‌ ته‌نیا بیکات، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ره‌ێکی نیشتیمانی دروست بکرێت و نوێنه‌ره‌که‌یان له‌ گه‌ڵ ئوروپاییه‌کان له‌ پۆلیمیکدا بێت و هاوکات له‌ ناوه‌وه‌ی وڵاتیش خه‌بات به‌ شیده‌ت و حیده‌ت بڕواته‌ پێش و گه‌لی کوردستان و حیزبه‌ سیاسیه‌کانی ده‌بێت له‌ هه‌مو ئه‌هرومگه‌لی مومکین بۆ سه‌ر خستنی ئه‌م خه‌باته‌ که‌ڵک وه‌رگرن و نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن، به‌ڵام به‌ شیده‌تێکی زیاتره‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ به‌ دروشمی سیاسی خۆیان. بێشک سه‌رکه‌وتن ته‌نیا به‌م شێوه‌ خه‌باته‌ یه‌کگرتووانه‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ زه‌مانه‌ت ده‌کرێت و بێجگه‌ له‌مه‌ هه‌مو ڕێگاکان به‌ره‌و ناکوجائاباده‌!
ڕزگار به‌ ته‌جروبه‌ بۆی ده‌رکه‌وت که‌ مافی مرۆڤ له‌ ئوروپا له‌ پێش هه‌مو که‌سدا سه‌ره‌تا بۆ خه‌ڵکی ئوروپایه‌‌ و ئه‌وجار بۆ کۆچبه‌ران و بێگانه‌کان و به‌رابه‌ری و ئینساف له‌مباره‌وه‌ ئه‌گه‌ر چی هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر کز و لاوازه‌‌ و موتڵه‌قه‌ن شۆڤینیستن! دیاره‌ وڵات تا وڵات هه‌ندێک جیاوازییان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مو له‌مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ک ده‌نگن.
به‌ باوه‌ڕی ڕزگار به‌رژه‌وه‌ندی تاک و گشت بۆ ئوروپاییه‌کان، له‌ سه‌رو هه‌مو شتێکه‌وه‌یه‌ و کۆماری ئیسلامیش ته‌نیا ئوروپائیه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان سی ساڵه‌ پشتیوانی سیاسی و ئابوری لێ ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و پشتیوانییانه‌ نه‌بونایه‌، کۆماری ئیسلامی له‌ ئێران له‌ مێژ ساڵ بوو ڕوخابو، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ هه‌مو جارێک کۆماری ئیسلامی له‌مه‌ڕ پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ مه‌حکوم ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابورییان ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، له‌گه‌ڵی نه‌پساندووه‌! هه‌ر بۆیه‌ پشتیوانانی ڕاسته‌قینه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی و بانک و شیرکه‌ته‌ عه‌زیمه‌ گازی و نه‌وتیه‌کانی ئوروپان. بێشک هه‌ر ئه‌وانیشن که‌ له‌ سبه‌ی ڕۆژی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی قاتڵان و تاوانباران و ڕاکردووه‌کانی ئه‌و ڕژیمه‌ له‌ خۆیان ده‌گرن، به‌ هۆی پوڵه‌کانییانه‌وه‌ که‌ دزییویانن! گه‌لی ئێمه‌ پێویسته‌ ئه‌م شتانه‌ بزانن و هێنده‌ به‌ شاخ و باڵی مافی مرۆڤی ده‌وڵه‌تانی ئوروپاییدا هه‌ڵ نه‌ڵێن، چونکو هه‌موی درۆیه‌ و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی بۆ ئه‌وان له‌ هه‌موی گرنگتره‌! ئه‌مه‌ بێشک به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ چونکو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌سمایه‌داریه‌ به‌ ناو لیبڕاڵانه‌ خراپن، ئیتر هزری لیبڕالیزمیش خراپ بێت. ئه‌گه‌ر چی هیچ هزرێک ته‌واو و کامیل نیه‌، به‌ڵام لیبڕالیزم توانیویه‌تی له‌ هه‌مو سیسته‌مه‌ سیاسیه‌کانیتر زیاتر وڵامی پێداویستیه‌کانی مرۆڤایه‌تی بداته‌وه‌ و ئازادیه‌کانی مرۆڤایه‌تی زه‌مانه‌ت بکات.
13ی خه‌رمانانی 2709